یەکەم کەس کێبوو وشەی "دانشگا"ی گۆڕی بە زانکۆ؟

 

 

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا، ساڵی ١٩٦٨ دا بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵای عێراق لە شاری سلێمانی زانکۆ دامەزرا بە ناوی (دانشگای سلێمانی) .

ڕۆژگارێک هەرچی ڕۆشنبیرانی کورد هەیە دۆش دامابوون بۆ وشەیەکی گونجاو و شایستە تا لە شوێن وشەی "دانشگا" بەکار بهێنرێ.

نزیکەی شەش ساڵ ئەم کارە درێژەی کێشا، هەرچاوەڕێی وشەیەکی نوێ بوون.

هەندێک لە ئەندامانی کۆڕی زانیاری کورد وشەی (جامعة)ی عەرەبییان پێ باش بوو بکرێتە جێگرەوەی وشەی دانشگای فارسی

(دانش) واتا زانست (گاهـ) واتا جێگا جێگای زانست ...

بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر یەکێک لە شاعیر و نووسەرە جوانەکانی کورد "ئەحمەد شوکری" ناسراو بە "دکتۆر شۆ" وشەیەکی جوانی بۆ دانشگا داتاشی و توانی وشەی "زانکۆ" بخانە فەرهەنگی کوردییەوە،

ساڵی ۱۹۷۲ ئەندامانی کۆڕی زانیاری کورد دوای چەند مانگ و تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندن وشەی دانشگایان گۆڕی بوو وشەی زانکۆ بوو،تابلۆی دانشگای سلێمانی بوو بە زانکۆی سلێمانی

..

ساڵانێکی زۆر زۆر کەس ڕەخنەیان لە چۆنەتیی ڕۆنان و هاتنەناوی وشەکە گرتووە و زۆر کەس بە هەڵەیان داناوە،

دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف (١٩٤٠، سلێمانی – ٨ یا ٩ی تەممووزی ٢٠٠٧) زمانناس و مامۆستای زانکۆ و نووسەری بەناوبانگی کورد

پاش خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی چووە بۆ سۆڤیەت و لەوێ لە بەشی ڕووسی لە کۆلێژی ئادابی لێنینگراد بەکالۆریۆس و ماستەری لە زمانی و ئەدەبی ڕووسی وەرگرتووە.

ئەو تاکە کەس بوو جەختیکردەوە لەسەر جێگیرکردنی ئەم وشەیە، ڕۆنانی بۆ وشەی زانکۆ کرد،ئیتر وشەکە بەتەواوەتی جێگیر بوو ..

بۆیە مامۆستا ئەحمەد شوکری ناسراو بە دکتۆر شۆ یەکەم کەس بوو ئەو وشەیەی دۆزییەوە ..

🔹"ئەحمەد شوکری"

ساڵی ١٩١٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لەلاوێتییەوە سەقاڵی ئەدەبیات و شیعر بووە. لەتەمەنی گەنجێتیدا و لە شاری بەغداد کاری پیتچنین و تایپکردن دەکات و لەپاڵیدا هەوڵی نووسینی شیعر دەدات. کاتێ پیرەمێردی نەمر لە بەغداد دەیناسێ، لەگەڵیدا رێکدەکەوێت و دەهێنێتەوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی ژین و ژیاندا کاربکات و دایبمەزرێنێ. پاشان وەک برینپێچ لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی دادەمەزرێت و ناو و شورەتێک پەیدا دەکات، هەر بۆیە نازناوی (دکتۆر شۆ)ی پێدەبڕێ. لە چلەکانی سەدەی پێشوودا، لەپاڵ ئەم کارانەدا، لە گەڵ چەند کۆمەڵە و رێکخراوی کوردی کاردەکات بە ئامانجی خزمەتکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی، هەر بۆیە، تووشی دەربەدەری و زیندانی دەبێ.وا مەزەندە دەکرێ کە خاوەن پتر لە ١٥٠٠٠ بەیتە شیعر و نزیکەی ٥٠٠ کورتە چیرۆک بێ. هەردەم شیعرەکانی خۆی لەبەر بووە و لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا دەخویندنەوە، خاوەن نامەگۆڕینەوەیەکی زۆرە و هەروەها خاوەن شیعری داشۆرینە. هەروەها تا بڵێ دەستوخەتی جوان و خۆش بووە. ئەحمەد شوکری ئاشنایی لەگەڵ زۆربەی شاعیرانی سەردەمی خۆی هەبوو. ساڵی ١٩٨٩ و لەتەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و چووە ریزی نەمرانەوە.

✍️داناز عەبدولڕەحمان

فۆتۆ: ئەرشیفی رەفیقی وێنەگر

سەرچاوە : سایتی Slemani - سلێمانی