یاسای نەتەوەی ئێزدی

 

سلێمان مستەفا

پاڵپشت بە ماددەی (٣ ، ٦١)ی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ و پەیرەی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران ، پەرلەمانتار نایف خەلەف سیدۆ ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر کۆتای ئێزدی ،پرۆژە یاسای نەتەوەی ئێزدی بە پشتیوانی  واژۆی(١٨٢) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام یەک ئەندامی کوتلە کوردستانیەکان واژۆی نەکردوە   ، داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ، داوا دەکات ئێزدی وەک نەتەوەی سەربەخۆ بناسرێن ئەوەش لەرێگای پەسەندکردنی یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەران ، بۆ ئەمەش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا پشتی بە مادەى  (٣)ی دەستور بەستوە کە تیایدا هاتوە (عێراق وڵاتێكە لە نەتەوەو ئايين و ئاينزاى جياجيا پێكهاتووە.

ئەندامي دامەزرێنەرو كاريگەرە لە كۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى و پابەندە بە پەيماننامەكانى و بەشێكە لە جيهانى ئيسلامى) ،هەروەها پشتی حوکمەکانی ماددەی (٦١)ی دەستور  بەستوە  بەتایبەتی بڕگەی یەکەم ، کە ئەنجومەنى نوێنەران ئەرکی دەرکردنی یاسا فیدراڵیەکانە.

لە رۆژی ٤ی حوزیران ٢٠٢٤ یاداشتەکە لە  لایەن بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەن بە وەکالەت لەسەر داوای ڕەزامەندی سەرۆک ئاراستەی فەرمانگەی کاروباری ئەندامان کراوە بۆ ئەوەی رووبەرووی لیژنەی یاسایی بکرێتەوە .ئەوەی من ئاگادار بم ئەم بابەتە زۆر بە ئاسایی و سروشتیەوە وەرگیراوە ، ئایا هەر بەڕاست ئەو پەرلەمانتارە بەرێزە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ببێتە نوێنەری هەموو ئێزدیەکان ، ئایا کۆدەنگی پێکهاتەی ئێزدیەکانی پیێبوە بە دەسەڵاتی (دینی و ڕۆحانی ، و دنیایی ) ئایە رەزامەندی رۆشنبیر ودەستە بژێری ئێزدی پێبوە ، ئایا لەچوارچێوەی چاڵاکی رێکخراوەکانی ئێزدی لەتەواوەی کوردستان و ئەوانەی لە هەندەران دەژن واژۆیان لەسەر بابەتێکی ئاوا هی کردبێت ، گەر وەڵامەکەی بەڵێ بێت ، من کۆمێنتم نییەوە ، بەڵام ئایا رێی تێدەچێت داوی گۆرینی نەتەوەیان بکەن. 

ڕاستە گەلی کوردی ئێزدی کە ئاینیان لە ئاینی زۆرینەی نەتەوەکەیان جیاوازە ، گرفتاری کۆمەڵی دەردەسەری بونەتەوە وەک باقی هاو نەتەوەکەیان بەڵام بەشی ئەوان هەم چەوسانەوەی نەتەوەیی و هەم چەوسانەی ئاینی بوە ، کوردانی ئێزدی رووبەڕووی (٧٤) فەرمانی قر کردن ولەناوبردن بۆنەتەوە ، کوردانی ئێزدی تا رادەیەک فرامۆش کراون لە لایەن دەسەلاتی کوردی ، براکانمان لە شەنگال و کەمپەکان کێشەو گرفتیان زۆرە بەڵام دەست بردن بۆ ئەم پرسە ئازایەتی دەوێت و جێگای پرسیارو هەڵوەستەشە لە ڕاستیدا.

هەر لەسەر هەمان پرس بەریز دکتۆر میرزا چاڵاکوانی کەیسی ئێزدی لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن تانەی لە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران داوە لەسەر پرسی دابەشکردنی کورسیەکان ، چونکە کورسی کۆتای بۆ ئێزدیەکان دانەناوە ، نازانم دکتۆر میرزای هاوڕێم  هاوڕایە لەگەڵ کاکە نایف و هاوبیرانە ، بەڵام لەهەموو خولەکان پەرلەمانتاری ئێزدی لەپەرلەمان بونیان هەبووە، ئەوەی جێگای پرسیارو سەرسورمانە بێ باکی دەسەلاتی کوردیە ، بێ باکێ دەستە بژێری ئێزدیە ، بێ باکی دەستەبژێری کوردە، گەر پرسیارێکیش لەو پەرلەمانتارە بەریزە بکەین بڵێن قوربان ماددەی (٣) دانی بەوە ناوە کە عێراق ( وڵاتێكە لە نەتەوەو ئايين و ئاينزاى جياجيا پێكهاتووە) بەلام مانای ئەوە نییە کە بەیاداشت و یاسا ناسنامەی نەتەوەی گەلێک بگورێت ، نەتەوەش بە پارچە وەرەقەیەک ناگۆرێت ، گەر زۆرینەی شیعەش لەم رێگایەوە بێت یاری بە دەستور و یاسا کەمینەو زۆرینەوە بکات ، دیارە ئەزمونی ١٠٠ ساڵەی عێراقیان نەخویندۆتەوە ، بنەمای دەولەتی فیدراڵیش لەسەر پرسە نەتەوەییەکان بە زۆرینەو کەمینە نییە ، بۆ داوا کردنی کۆتای ئێزدیش لە پەرلەمانی کوردستان ، دیسان کارەساتە بە بۆ چونی من ،

 

لەکۆتایی رووی دەمم دەکەمە دەسەڵاتی کوردی ، پێیان دەڵێم ئاگادارن کار بەچی گەشتوە ، یان ئاگادارنێن ، تکایە ئاور لە ئێزدیەکان بدەنەوە ، تکایە دەرگاکانتان بکەنەوە ، جاوەکانتان بکەنەوە و سەیر بکەن ، پەیامی بەندەش بۆ دەستەبژێری رۆشنبیرانی کورد و ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تکایە با هاودەنگ بێن بۆ خزمەتی گەلەکەمان ، داگیرکەران بە هەموو چەکیک و هەموو ئاینێک و یاسایەک رەوایەتی دەدەن بە لەناوبردنی گەڵەکەمان ، ئێوە سەیر کەن دەڵین نابێ هەڵبژاردن بکرێت چونکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ولاتان دروست دەکات ، ئەوە پەیامی کۆماری تورکیا بۆ رۆژ ئاوی کوردستان ، ئیتر پێم وایە کۆمێنتی ناوێت ، دایکان و خۆشکانی ئێزدیم  کە لە لایەن ئەندامانی بەناو دەوڵەتی  ئێسلامی داعش لاقە کران و زیندە بەچاڵ کران ئێوە شەرفمەندانەتر و بەکەرامەترین ژنی کوردن  . 

سەرچاوە : سپیمیدیا