"گەلە بەشخوراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، لە نووسینی دەیڤید ئەندروسە و محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە ئینگلیزییەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی كوردی، لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسییە و لە چاپخانەی كارۆ چاپ كراوە.
لەمبارەیەوە محەمەد حەمەساڵحی وەرگێڕ بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە كۆمەڵە بەڵگەنامەیەكە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1982 لە چوارچێوە كتێبێكدا بڵاو كراونەتەوە، پاش ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە ئاشكرا كرا و باری مانەوەی نهێنییان لەسەر هەڵگیرا.
زیاتر گوتی، بەڵگەنامەكان بە زۆری بۆ ساڵانی كۆتای جەنگی جیهانی دووەم دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی ساڵانی 1945 تا 1947، كە تیایدا گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پێش هەموویشیانەوە كورد، جارێكی تر هیوایان پەیدا كرد بەوەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا، 1939-1945، بەرەی نازی شكستی هێنا و بەرەی هاوپەیمانی بە ناوی دیموكراتی و لایەنگری مافی گەلانی بەشخوراو سەركەوت، ئەمجارەیان مافی زەوتكراوی گەلان و كەمینە ئیتنی و ئاینییەكان پشتیوانی بۆ پەیدا بوو.
وەرگێڕ ئەوەیشی خستە روو، ئەم دۆخە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردیشی گرتەوە، لە باكور و رۆژئاوای ئێران، كە ئەو دەمە بە كردەوە لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی سۆڤیەتدا بوو، بە پاڵپشتی ئەوان دوو كۆماری میللی و دیموكراتی بۆ كورد و ئازەرییەكان دامەزرا. كورد وای لە قەڵەم دا كە ئاواتی هەزار ساڵەی هاتە دی، لە پارچەكانی خاكی دابەشكراویەوە پاڵپشتییەكی كەم وێنە كرا، بەتایبەتی لە كوردستانی بندەستی عێراقەوە.
"بەگوێرەی بەشەكانی كتێبەكە، باس لە چەندان گەلی تری بەشخوراو و ستەمدیدە كراوە، تیشك خراوەتە سەر هۆكاری ستەم لێكردنیان بە بەڵگە و داتاوە، "گەلە بەشخوراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، لە نووسینی دەیڤید ئەندروسە لە ئینگیزییەوە بۆ كوردی وەرم گێڕاوە و لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی چاپی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسییە و لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ كراوە، بەم زووانە لە رێوڕەسمێكدا بڵاو دەكرێتەوە"، محەمەد حەمەساڵح، نووسەر و وەرگێر وای گوت.
سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد