گوتارێک پێچەوانەی گوتاری پۆپۆلیستی

 

 

فارس نەوڕۆڵی

 


ژان ڤارنەر میولەر دەبێژێ ( پۆپۆلیزم ئەو تێگەیشتنەیە لە سیاسەت کە کۆمەڵگە دابەشدەکات بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەکی تەواو بێ کەم و کورتی و بەرەیەکی پڕ کەم و کورتی و گەندەڵ ) وەک دابەشکردنی بۆ بەرەی شەیتان و فریشتە، بەبێ ئەوەی ئیعتیراف بە هیچ هەڵە و کەم و کورتی خۆی بکات،

پۆپۆلیستەکان کۆمەڵگە بە نزم دەبینن و پێیان وایە بەم ڕێگایە فریو دەدرێن، بۆیە هەمیشە هەر کەم و کورتیەک لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە نیشاندەدەن بۆ ئەوەی کاریگەری گەورەتر لەسەر ڕای گشتی دروستکەن و بەو شێوەی دەیانەوێ ئاراستەی بکەن، ئێستا لە کوردستان دووجۆر لە پۆپۆلیست هەیە هەم پۆپۆلیستی ناو دەسەڵات و هەم پۆپۆلیستی ئۆپۆزسیۆن، لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتاری پۆپۆلیستی و گوتاری واقیعی دیارن، ئاخر ئەمە پۆپۆلیستی نەبێت چیە لە هەم و شتێکی حکومەتدا بەشداربیت لە دەستکەوتدا، کەچی لە کۆتایی گەمەکەدا بڵێی دەکشێمەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو سەرکردانەی لە کوردستان پۆپۆلیستانە گوتار دەدەن سیستەمی بیرکردنەوەیان زۆر لاواز ە و هەموو جۆرەکانی وتار بەکاردێنن تەنها بۆ خەڵەتاندن و کۆکردنەوەی دەنگ، ئەو گوتارەی پێچەوانەی پۆپۆلیستیە لە گوتارەکەیدا واقیع وەک ئەوەی هەیە باس دەکات نەک وەک گەوجاندن و بەرژەوەندی ناڕەسەنانە، ئەوەی پێچەوانەی پۆپۆلیستی بوو دوا گوتاری نێچیرەڤان بارزانی بوو، کە لە ڤیدیۆیەکدا لە میدیاکان بڵاوکرایەوە هەر چەند لە چوارچێوەی بانگەشەداو بۆ لیستی حزبەکەی خۆی قسەی کرد (ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە ئەگەرچی بۆ خۆی سەرۆکی هەرێمە) لە گوتارەکەیدا گەڕانەوە بۆ مێژوو بە گرێدانی لەتەک هەم دەسکەوتوو هەم کەم و کورتی پارتی نیشاندا، واتە لە هەڵە ڕای نەکرد بەڵکو ئیعتیرافی بە هەڵە کرد ئەمەشە فەزیلەتی گوتارە.

 نێچیرەڤان ڕۆحی گوتارەکەی لە دوو چەمکدا کۆکردەوە ئەویش سەقامگیری لە سەرەتای کارو کردار و دواتریش وەرچەرخان بۆ قۆناغێکی نوێ، کە لە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و هاونیشتیمانان بێت، لە هەمانکاتدا لە گوتارەکەیدا باسی لیستەکەی خۆی کرد، بەڵام لە لیستی کەسی نەداو هیچ کەسایەتی و لیستێکی نەشکاند بۆیە ئەم گوتارە سەد  لەسەد پێچەوانی گوتاری باوی پۆپۆلیستی بوو، ئەم گوتارە بۆ هەلومەرجی کوردستان دروسترینە، چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناشێوێنێ، بۆیە وا دروستە کەسایەتیە سیاسیەکان و حزبەکان ئەم گوتارە بکەنە نەخشە ڕێگای گوتاری سیاسی نەک گوتاری پۆپۆلیستی.

سەرچاوە : سپی میدیا