رهحمان غهریب
مۆتەكەی خەوێك بوو، یان راستی؟ ئاوا پارەپەرستی و هەوڵ بۆ فراوانكردنی دەسەڵات، جێگە بە نیشتمان پەروەری و "كوردایەتی" لێژكرد و كوردستانی جنوبی كردە ناوچەی قەڵەمڕەوی پدك و ینك، شوناسی نیشتمانی بۆ زۆنی سەوز و زەرد دابەشكرد.
ئیدی دوای نیشتمان: بەهۆی تەماحی فراوانكردنی قاچاخچێتی و بەهێزكردنی مافیاكانی گەندەڵی، نۆرە هاتە سەر تیپی دووگۆڵی و گروپی موزیك، میدیا، رۆشنبیران و كۆمەڵی مەدەنی و سەندیكا و تا دەگاتە لەوەڕگا و نووسەر و گۆرانیبێژی میللی، بەشی هەرە زۆریان رەنگ كران.
بەشێك لە گوتاری میدیایی پارتی و یەكێتی، هەر ئەو ئاوازەیە، نازانن یاری بە ئاگردەكەن، ناشزانن یاری بە ئاگر وەك یاری كردن نییە بە ئاو، بە كورتی:(نازانن كە نازانن)، خزمەت بە دابەشبوون، برەودان بە گوتاری رقوكینە دەدەن.
حزبەكانی هەرێمی كوردستان، لە ململانێی سیاسیاندا، بە دەسەڵات و نەیار و بەرهەڵستكاریانەوە، مافی خۆیانە هەموو شێوازەكانی خەبات هەڵبژێرن، لە رێی میدیاوە بێت یان هونەر، سواری سەری شیعر و موزیك بن یان نوسەرو رۆشنبیران بكەنە پردی گەیاندنی گوتاری سیاسی.
ئەوان مافی خۆیانە لە سەنگەری ئۆپۆزسیۆن بن، دروشمی روخاندنی سیستمی سیاسی هەڵبژێرن، یان لەناو دەسەڵاتیشدا بن و خەریكی هەڵتەكاندنی كەشتیە هاوبەشەكەیان بن تا سنوری نوقوم بوون و چوونە ناو دەمی نەهەنگەكە، بێگومان ئازادن.
ئەگەر جەنگی میدیایە، خۆ جەنگیش ئەخلاقێكی تیایە و هەندێ پرەنسیپی تیایە، خەڵكی بەدبەخت دەپارێزێت، لانی كەم ئێوە وابكەن ئەم رەشوڕوتە نەخەنە ناو دەمی نەهەنگی گوتاری رق و هەڵوەشانەوەی ئەوەی ماوە لە هاوسۆزی و خۆشەویستی رۆحی بەیەكەوە هەڵكردنی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
كە هونەری شیعر و موزیك دەخەیتە خزمەتی هەڵمەتێك بۆ ناشیرین كردنی گەڕەكی شارێكی كوردستان، بێ گوێدانە هەستی دانیشتوانەكەی، یان ئامرازێك بۆ دابەشبوون و شارچێتی و سوكایەتی كردن، ئەوە تەنها هونەری شیعر و موزیك نین كە بە زۆرداری لە پەیامەكەی دادەبڕێت، بەڵكو ئەوە گوتاری سیاسییە ئەوەندە سوك دەكرێت، بە شیعر و موزیكیشەوە، هەر نەشازە و میزاجی كوردەواری تێكدەدات.
جیاوازی سیاسی و گوتاری میدیایی بە شێوەیەك گوزارشتی لێ بكرێت، كە بێڕێزی بە پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی، ناوچەیەك، یان ئاین و ئاینزایەك بكات، بزانی یان نەزانی، نە خزمەت بە میدیا و نە بە سیاسەت ناكات و لەگەڵ بەهای ئازادی رادەربڕینیشدا یەكناگرنەوە.
بە "كابولكردنی" گەرەكی شارێك، یان وەسفكردنی خەڵكی شارێك بە "میوانی رەزا قورس"، زادەی گوتاری زەمەنێكی نابووتە ناومان نابوو شەڕی ناوخۆ.
كێبڕكێ لەسەر گوتاری ڕق و كینە و سوكایەتی بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەیەك، سونبولی ناوچەیەك، یان هەڵگرانی ئاین و ئاینزا و تەریقەتێكی ئاینی، یان بەرانبەر هەر مرۆڤێك بەهۆی رەگەز، رەنگ یان رەچەڵەك، ئەوا خلیسكانە بۆ زەلكاوی مایەپوچ بوونی سیاسی و هەڵكێشانی سپۆنسەرەكەتە لە قوڕولیتەی ئیحراج بوون و "وامزانی رادیۆ بوو"ە.
سەرچاوە : وێستگە