گرووپی کیژانی سلێمانی، لە وەرزی نوێیدا کۆنسێرتێک لە سلێمانی سازدەکات و بۆ یەکەمجار چەند دەنگخۆش و ژەنیارێک تێیدا بەشدار دەبن و گۆرانی دەڵێن، دوو لە گۆرانیبێژەکان کوڕن.
ئەنوەر قەرەداخی، هونەرمەند و سەرپەرشتیاری گرووپەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەر لە سێ ساڵ بەنیازبوون کۆنسێرتێک لە سلێمانی ساز بکەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆنسێرتەکە نەکرا، بەم دواییە کەمێک هاوکارییان بۆ گرووپەکە گەڕاندەوە و بەرهەمێکی باش و جوانیان ئامادەکردووە، گوتیشی "ئەگەر دەرفەت هەبێت و لە رووی ماددییەوە توانامان هەبێت، لە سەرتاسەری کوردستان پێشکێشی دەکەین".
کۆنسێرتەکە کاژیر 15:30ـی نیوەڕۆی شەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2023 لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
قەرەداخی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەم دواییە لە رێگەی گرووپەکەوە پەیوەندیان بە ژمارەیەک کچی بەهرەمەند کرد و ژمارەیەک دەنگخۆش و ژەنیاری دیکە هاتوونەتە پێشەوە و لە کۆنسێرتەکەدا بەشدار دەبن، وەک گۆرانیبێژ، ژەنیار و کۆڕس. سوپاسی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیشی کرد کە هاوکاریان بوونە.
روونیشیکردەوە، پێشتر هەفتانە دوو رۆژ پرۆڤەیان بۆ کۆنسێرتەکە کردووە، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە رۆژانە پرۆڤەیان هەبووە و ژمارەی ئەندامەکان 34 کەسن، لەوانە دوو گۆرانیبێژی کوڕ.
سەرچاوە: rudaw
لەبارەی دوورکەوتنەوەی بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکە لە کاری هونەری، سەرۆکی گرووپی کیژانی سلێمانی رایگەیاند، بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکە بەهۆی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و بەشێکیان بەهۆی کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، لە گرووپەکەدا نەماون، بۆیە ئەوان بەردەوام بە دوای کەسانی نوێدا دەگەڕێن و 20 ساڵە گرووپەکە لە چالاکی بەردەوامە.
گرووپی کیژانی سلێمانی، لە 26ـی تشرینی دووەمی 2003ـدا بە سەرپەرشتی هونەرمەند ئەنوەرقەرەداغی دامەزرا، چەندین بەرهەمیان هەیە و کۆنسێرتیان لە شارەکانی باشووری کوردستان سازکردووە.