گرێتا تونبێرگ ژنە چالاکوانی بواری ژینگەی سویدی بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی باکوری کوردستانی کردوە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام یادادشتێکی لەبارەی کوردستان بە گشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی بڵاوکردووەتەوە.
لە بەشێکی یاداشتەکەیدا چالاکوان تونبێرگ باسی ئەوە دەکات لە گەشتەکەیدا لەگەڵ چەندین کەسدا قسەیکردووە و باسییان لە فشار و ستەمی سیستەماتیک کردووە لە سەریان بەتایبەت لە لایەن حکومەتی تورکیا.
تونبێرگ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە باکووری کوردستان ژینگە لەلایەن حکومەتی تورکیا تاڵان دەکرێت لە ڕێگەی بڕین و سووتاندنی دارستانەکان و تاڵانکردنی کانزاکان کە دەبێتە هۆی کۆچ و ئاوارەبوونی زۆرە ملێ.
باس لەوەش دەکات، حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتەکانی بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی، توندوتیژی و بێسەروشوێنکردن و هەڵاواردنی کوردان.
هەر لە یاداشتەکەیدا تونبێرگ ئاماژەی بە پێویستی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچە کوردنشینەکان کردوە و دەڵێت" گەلی کورد شایەنی ئەو مافەیە کە ژیان و کولتوور و پێکهاتەکانی خۆی بپارێزێت و بیانچەسپێنێت.
دەشڵێت"دەبێت تورکیا مافی پێکهاتەکان بە دەستوری هەمیشەیی بچەسپێنێت، حکومەت بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی تیرۆر وەک پاساوێک بەکاردەهێنێت. بە هەزاران سیاسەتمەداری بە بێ ئەنجامدانی دادگایکردنێکی دادپەروەرانە خستووەتە زیندانەوە. ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ڕێکارانەی تورکیایایان شەرمەزار کردووە و دوای ئازاد کردنی ئەو کەسانەیان کردووە".
لە کۆتایی یاداشتەکەیدا گرێتا تونبێرگ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بۆ ئاشتییەکی هەمیشەی و پاشەڕۆژێکی دادپەروەرانە، دەبێت ڕێز لە مافی ئازادی و سەربەخۆیی کوردان بگیرێت و کۆتایی بە هێرشە سەختەکانی سەر کوردستان بهێندرێت.
سەرچاوە : سپت میدیا