کەرکوک چاوەڕوانی یەک لیستییە

 

مستەفا محەمەد

لە نێوان چاوەڕوانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەو پێیەی کۆمسیۆن بەدەنگێکی بەرز وتوویەتی، ئەوان ناتوانن لەهەمان وادەی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کە 18ی دیسەمبەرە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن! 
کەواتە ئەگەر قەیرانی سیاسی رێگر نەبێ، هەڵبژاردنی پارێزگاکان بۆ پانزە پارێزگا بە کەرکوکیشەوە دەکرێت.
10 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دوا هەڵبژاردندا، زۆرترین فۆکەسی لەسەرە و چاوەڕوان دەکرێ نەخشەی سیاسی و قورسایی هێزە سیاسیەکانیش بگۆڕێ، لە ئێستاشدا کە دەرگای تۆمارکردنی لیست و قەوارەکان لە15/7/2023 ـەوە بەفەرمی لەلایەن کۆمسیۆنەوە کراوەتەوە و تا رۆژی 13/8/2023 بەردەوام دەبێ، لە نێو ماڵی سوننە و شیعەدا دەست بە کۆبوونەوە و دانوستانی چڕ و پڕ بۆ بەستنی هاوپەیمانی گەورە کراوە و رۆژانە دەبیستین لیستی هاوبەش ئاشکرا دەکەن.
ئەوەی جێی نیگەرانییە، هێشتا نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە و یەک لیستی کورد بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەدی ناکرێ، یەكێتییش لە هەوڵی بەردەوامدایە و دەیەوێ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکاندا ئەم خەمە بەش بکات، بەو ئومێدەی ئاستی متمانە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەرز بکاتەوە. 
ئەم تێڕوانینە ئەگەرچی لە سۆنگەی باوەڕی پتەوی ئەم حزبەوە دێت بۆ ململانێی کوردستانی بوونی ئەم شارە کە رەگ و ریشەی دوور و قووڵی دیرۆکی هەیە و هیچ کات سازشی لەسەر نەکردووە. 
ئەمە نەک تەنها بۆ یەکێتی، بەڵکو هەڵوێستی هاوبەشی لایەنەکان، پێویستییەکی حەتمی ئەم قۆناغەیە و گرنگە کۆدەنگی نیشتمانی لە سەرووی ناکۆکییەکانەوە بێ.
 ئەم هەڵبژاردنە وەرچەرخانێکی گەورە دەبێ بە ئاڕاستەی شوناس و سەلماندنی چارەنووسی شارەکە. 
بەپێیەی جاران هەندێل لە لایەنەکانی عەرەب و تورکمان لەگەڵ هەڵاوێردنی کەرکوکدا بوون و نەیاندەویست هەڵبژاردنی تێدا بکرێ و ئێستا ڤیتۆیان لەسەری نییه، کەواتە دەشێ لە ئەگەری بوونی هاوپەیمانی چاوەڕوانکراوی عەرەبی و لایەنەکانی تر و نا یەکڕیزیی کوردیدا، ئەنجامی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە کە باجەکەی بۆ کورد قورس بێت.
ئەمەش دواجار واتە دۆڕاندن و تەسلیمکردنی شارەکە و مراندنی مادەی» مادەی 140، واتە یەکلایی بوونەوەی پۆستی پارێزگار کە زۆرینەی کورسی هەڵبژاردن دیاریی دەکات، بەمانای بەردەوامیدانە بە داگیرکاریی زەوی جوتیاران و  تاڵانکاریی ماڵ و موڵکی خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک کە بەبەرنامە لایەنە شۆڤێنییەکان بە ئاشکرا کاری لەسەر دەکەن. 

نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە و هێشتا یەک لیستی کورد بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەدی نەکراوە، یەكێتییش لە هەوڵی بەردەوامدایە و دەیەوێ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکاندا ئەم خەمە بەش 

لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان فەرزە کە حزبە کوردستانییەکان ستراتیژێکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە و هاوشێوەی لایەنەکانی تر، یەک دەنگ لەسەر لیستێکی هاوبەشی کوردستانی وەک تاکە بژاردە و  تەکتیکێکی بەهێز لەم هەڵبژاردنەدا رێکەوتن بکەن تا بەربەستێکی پۆڵایین بن لەبەردەم مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی رەسەنی کەرکوک و پاراستنی شوناسی کوردستانی ئەو شارە، بۆ ئەم ئامانجەش هەرکەس و لایەنێک دەستپێشخەربێ جێی دەستخۆشییە و پێویستە هەموولایەکمان هەوڵی بۆ بدەین.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ