د.حوسێن موحەممەد عەزیز
پێشەکی
(شەمسەدین سامی)، یەکێ لە ڕووناکبیر، ڕۆژنامەنووس و نووسەرە ناسراوەکانی، کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمی توورکە. گەلێ بەرهەمی گرنگ و جوانی هەیە. یەکێ لە ئەو نووسینە گرنگ و بەپیزانەی، ئەم باسە گرنگەیە، ساڵی (1889) لەسەر ولایەتی (مووسڵ) نووسیوێتی و شاری (کەرکووک)یشی، وەک شارێکی (کوردستان) ناساندووە. نووسینەکەشی لە پەرتووکی (قاموس الاعلام)ی عوسمانیدا بڵاوکردووەتەوە و لە چەن هەزار پەرەیەک پێکهاتووە، ساڵی (1315)ی کۆچی لە چاپخانەی (مهران) چاپکراوە.
هێندێ لە ئەو زانیارییانە، لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، ڕاستییەکی زۆر دەگمەنە، وەک لە باسەکەی (کەرکووک)دا، لە بەرگێکی تایبەتیی و بەناوی پیتی (ک)ەوە نووسیوێتی. بایەخی ئەم باس و نووسینە پتر ئەوەیە: نووسەر لە ئەو سەردەمەدا، بە زمانی ژمارە دواوە و وەک مێژووی کورد، یا هەر نەتەوەیەکی دیکە بێ، باسی پێش زایین ناکا. بەڵکوو باسی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە و جوگرافیای شوێنەکان دەکا، وەک شوێنە گرنگەکان، مزگەوتەکان، کەنیسەکان، کارگەکان، بازاڕەکان، ژمارەی شوێنکارە بازرگانییەکان ...
لەبەرئەوە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەتوانن، کەڵک لە ئەم نووسینەی نووسەر وەرگرن، وەک بەڵگەیەکی مێژوویی کوردستانییەتی (کەرکووک) بەکاریبێنن. چونکە لە ئەو سەردەمەدا، زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی، لە کۆی دانیشتووانی شارەکە کورد بوون.
ئەم دەقەش (قەیس قەرەداخی) و (پشکۆ ئەمین) بڵاویانکردووەتەوە. هێندەی پێوەندی بە مەبەستەکەی منەوە هەبێ، لیرەدا بە زمانی کوردی بڵاویدەکەمەوە. ئەز لیرەدا، هێندەی بابەتەکەی نووسەر (شەمسەدین سامی)، پێوەندی بە کورد و (کەرکووک)ەوە هەبێ، لە لاپەرە (3846) بە زمانی توورکیی عوسمانی بڵاویکردووەتەوە، لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕم و بڵاویدەکەمەوە. نووسەر نووسیوێتی:
(کەرکووک لە ویلایەتی مووسڵ لە کوردستان، ناوەندی سنجەقی شارەزوورە. لە مووسڵەوە 20 کم لە باشوورەوە دوورە. لە پشت زنجیرەیە گردەوە، لە دەشتێکی فراواندا لە شیوی ئەدهەم*1 هەڵکەوتووە. ژمارەی دانیشتووانی 30 هەزار کەس دەبێ. قەڵایەکی تێدا هەیە. 36 مزگەوت، 13 خان، 1282 شوێنی بازرگانی، 1 نەخۆشخانە، 8 گەرماو، پردێ لەسەر ڕووباری کزا، قوتابخانەی ڕوشدیە، 18 قوتابخانەی سەرەتایی، 3 کەنیسە و کنیشتەیەکی جووی تێدا هەیە.
لە گەرەکە ناسراوەکانی وەک تەپە و قەڵا، ئاوەدانییەکەی تەنیشتیشی، لەبەشی خۆرهەڵاتی ڕووبارەکەوە، سێ لەسەر چواری دانیشتووانەکەی کوردن. بەڵام بەشەکەی دیکەی لە توورک، عەرەب، کەمەنەتەیی، لەگەڵ 760 جوو و 460 کلدان پێکهاتووە. بزووتنەوەی بازرگانی زۆر چالاکە، لەبەرئەوەی لەسەر چەن ڕێیەکی سەرەکی هەڵکەوتووە و ئاوێکی زۆری پێدا دەڕوا. لە نزیک شارەکەوە، مرۆڤ دەتوانێ، گەلێ باخی دەوڵەمەند، بە جۆرەکانی ترشەمەنی وەک: پرتەقاڵ، لیمۆ و هەموو جۆرەکانی دیکەش ببینێ. بەڵام لە نزیک شارەکەوە، تەنیا ئاوی کانزایی و نەوتی لێ هەیە.
هەروەها چەن کارگەیەکی قوماش، پێستە، چنین، ڕستن و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شەربەتی پرتەقاڵیشی لێیە. هەواکەی مامناوەندییە و تەندرووستە، بەڵام لە هاویناندا، زۆر گەرمە. هێندێ شوێنی گرنگی پیرۆزی وەک: گۆڕی هەردوو پەیمابەر دانیاڵ و عەزیز، لەگەڵ کۆمەڵێ گۆڕی شێخ و پیاوچاکانی لێ هەیە، خەڵکەکە سەریان لێ دەدەن.
کەرکووک شارێکی کۆنە، لە کۆندا ناوی کەرکورە بووە. شارۆچەکەی کەرکووک، ناوەندی سنجەقی شارەزوور بووە. لە خۆرهەڵاتەوە سنجەقی سولەێمانیی و لە باکووریشەوە شارۆچکەی کۆیە و ئەربیل، لە خوارەوە سنجەقی مووسڵ، لە باشووری خوارەوەش، وڵایەتی بەغدا و لە باشووری خۆرهەڵاتیشەوە، شارۆچکەی ئەلسەلاحیە *2 ئەم شارۆچکەیەش، 5 شارۆکەی ئیداری وەک توزخورماتوو، ئاڵتونکۆپری، کل، شوان و 352 گوندی پێوە بەسراوەتەوە.
ڕووباری ئەدهەم، کە لە ڕووباری دجلە دەڕژێ، شارەکە دوولەتدەکا. خاکێکی چاکی هەیە و بۆ کشتوکاڵ باشە. گەنم، جۆ، برنج، تووتن، ترێ، ترشەمەنی بەتایبەتی لیمۆی تێدا دەڕوێنرێ. چەن بیرەنەوتێکی دەوڵەمەند، لە بەشی باکووری شارەکەش هەیە، دانیشتووانەکەی لەبری زەیت، بەکاریدێنن. ئەو شوێنەی ناوی بابەگوڕگوڕە، شلەیکی لێ هەڵدەقوڵێ، بۆ چارەسەرکردنی چەن نەخۆشییەکی جیاواز بەکاردێنرێ. لە باشووری شارەکەشەوە، ئاوی خوێیاوی سویر هەیە، خوێی لێ بەرهەمدێنن. هەروەها گەلێ ئاژەڵی ماڵیی وەک مەڕ، بزن و چەن جۆرێکی جیاواز ئەسپیشی لێیە. لە خوری و مووی ئەو ئاژەڵانە، شاڵ و فەرش و عەبای لێ درووستدەکەن.) لێرەدا دەقی نووسینەکەی نووسەر تەوابوو.
لە کۆتاییدا منیش دەڵێم: ئەم وتارەی (شەمسەدین سامی)، بەڵگەیەکی لەچاوچەقیوە، کوردستانییەتی (کەرکووک)مان بۆ دەسەلمێنێ. ئەم بەڵگەنامەیە و بە دەیان بەڵگەنامەی دیکەش، وەڵامێکی باشە، بۆ هەموو ئەوانەی گومان لە کوردێتیی و کوردستانییەتی (کەرکووک) دەکەن. چونکە باسی شتێ ناکا، پێش زایین ڕوویدابێ و هیچ بەڵگەیەک بەدەسەوە نەبێ. بەڵکوو باسی وێنەیەکی ڕوون ونووسراوی ڕێکوپیکی ڕاستەقینەی ئەو سەردەمە دەکا، کە داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق)، چەندین ساڵە هەوڵیداوە، ناسنامەی شارەکە بگۆرێ.
جگە لە ئەوەی، ئەم نووسەرە کورد نییە، تا بڵێین، بەلای کورددا دایشکاندووە و زیادەڕۆییکردووە، بەڵکوو نووسەریکی ناسراوی توورکە و (کەرکووک)یش، لە ئەو سەردەمدا چۆن بووە، کوتومت وەک خۆی نووسیوێتی و ڕاستییەکانی دەربڕیوە.
تێبینی:
*1. ئەدهەم: ناوی کۆنی ڕووباری خاسەیە.
*2. ئەلسەلاحیە: لەسەردەمی عوسمانیدا، ناوی فەرمی شارۆچکەی کفری بووە.
سەرچاوە : ئاوێنە