کردنەوەی دەرگە داخراوە سیاسییەکان

 

سۆزان حەمەتاتە

 

نزیک بە ساڵێک بوو لە هەرێمی کوردستان، قەیرانێکی سیاسیی چەقبەستوو بەرۆکی خەڵک، هێزە سیاسییەکان و حکومەتی گرتبوو، هەولەکان زۆر بوون، بەڵام ئەنجامی نەبوو، تەنانەت باس لە ئەگەری جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی و هەولێر دەکرا، هەندێک دەیانوت بارۆدۆخەکە گەیشتووەتە شەڕی ناوخۆی رانەگەیەنراو، باش بارودۆخەکە پێچەوانە بووەوە، ئێستا دەرفەت هاتووەتە گۆڕێ بۆ هەنگاوی کردەی چارەسەرکردنی کێشەکان.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و بلاوکردنەوەی راگەیەنراوی هەردوولا و جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی و پارتی، هەروەها پەیامەکەی بەرێز مەسعود بارزانی لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانیی بارزانی، هەوڵی دەولە دۆستەکان و داوای ناوخۆیی، هەموویان پێکەوە بوونە سەرەتایەکی باش بۆ رەوینەوەی تەمی بێ هیوایی و دەستکردن بە گفتوگۆکان بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی بەشێک لە کارەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی.

بۆ هەرێمی کوردستان سێ کاری کاری گرنگ هەن کە پێویستە بەردەوام بیانکات:

یەکەم: ئەنجامدانی چاکسازیی و بنڕکردنی گەندەڵی لە سەرجەم سێکتەر و دامەزراوەکانیدا و رووبەڕووبوونەوەی بەشێوەیەکی سیستماتیک.

دووەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەت و دروستبوونی گۆڕانکاری و دوورکەوتنەوە لە چەقبەستوویی.

سێیەم: گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ لەکاتی روودانی هەر کێشە و قەیرانێکدا و نووسینەوەی پەیمانی شەرەفی نیشتمانی بۆ روونەدانی شەڕی گەرم و نەڕژانی خوێنی رۆڵەکانی گەلی کورد کە سەدان سالە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەرخودان دەکەن.

قۆناغی کردەیی ئیتر دەبێت دەستپێبکات، هێزەکانی هەرێمی کوردستان دەستبکەن بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەی بێ مەرجکاری، تەنها مەرج با ئەوە بێت کەوا دەبێت رێکبکەون و سازشبکەن بۆ ئەوەی هەرـی کوردستان دووربێت لە روودانەوەی رووداوە ناخۆشەکان.

ئەرکی هەرە سەرەکیی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانە حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکات، خوێندنەوەی وردی بۆ رووداوەکان هەبێت، بەرژەوەندیی کوردستانی بخەنە سەرووی هەرچی بەرژەوەندیی دیکە هەیە.

لەکاتی تەنگەژەکاندا، سەرکردایەتی حەکیم و هێزی بەرپرسیار دەردەکەون، رێ لە ئاشووب دەگرن و ناهێڵن برینەکان بکولێنەوە، مێژووش باش و خراپەکان دەنووسێتەوە، بەتایبەت کە بارودۆخەکە نزیک ببێتەوە لە روودانی شەڕ و ماڵوێرانی کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەو رووەو زۆریان چەشتووە و کەم پاداشت کراون، ئیتر دەرفەت رەخساوە بۆ ئاشتەوایی و سەقامگیریی زیاتری هەرێمی کوردستان.

 

سەرچاوە: سێنتەری مێترۆ