کارەساتی میلیشیای چەکداری ئاینیی

 

 

 

محەمەد خۆشناو


کێشەی پیاوانی ئایینی و میلیشیاکانیان ئەوەیە کە لەڕابردوودا دەژین و ، بە ئایدۆلۆژیای « سەدەی ناوەڕاست » مامڵە لەگەڵ واقیعی ئێستای سەردەمی جیهانی گریمانەیی و شۆڕشی تەکنۆلۆژیای نەوەی پێنجدا دەکەن ، لەکن ئەوان ئازادی کەسیی و سیاسی و بیروڕا و داهێنان بوونی نیە و ، میلیشیا و دەوڵەتی ئایینی حەقیقەتی ڕەها لە ئایینەکانی تر زیندانی و سنووردار دەکات ، هەمیشە تەقدیسی ڕابردوی ئایینی دەکەن و بەکرداریش ئەوەی سەدان ساڵ لەمەوبەر جێبەجێیدەکەن ، کاتێک مرۆڤ چاوی لەپشت سەریەوە بێت نەک لە ڕوخساری بەتەئکید واقیعی بەردەمیان نابینن و، بەڵکو تەنها ڕابردوو دەبینن و هەمیشە خۆیان بەستۆتەوە بە ڕابردوو و نەبەردی و مەزنایەتی سەرکردە ئایینیەکان دێنێنەوە یاد ، ئاخر داینەسۆرەکان لەبەر قەبەیی و هێزی جەستەیان لەناو نەچوون ، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە نەیاندەتوانی لەگەڵ جیهانی نوێدا پێکەوە بژین ، وەک ئەوەی ئێستا حزبە ئاینیەکان و میلیشیاکانیان بڕوایان بە پێکەوەژیان نیە  ، بزانە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی و ئەو میلیشیاکانی کە ئێستا لە جەنگدان لەگەڵ ئیسرائیل چیان بەسەر لوبنان و غەززە و هەردوو گەل هێنا ، میلیشیای ئایینی  ناتوانێت نیشتیمان ڕزگار بکات یان دەوڵەت دابمەزرێنێت  بەڵکو خاپووری دەکەن ، لە هەر ئایینێکدا میلیشیای داخراو لەناو ژیانێکی زۆر نهێنی وەک نهێنی ماسۆنیەکان دەژیت و دەجولێنەوە و ، تەفسیری دەقی ئایینی بەڕستە و وشە دەکات و بڕوای بە گۆڕان نیە و قبولی هیچ شتێک ناکات کە موخالفی ئاینەکەی بێت ، هەر دەوڵەتێک خاوەن میلیشیای چەکداری ئایینی یان کۆمۆنیستی یان عەشائیری و شان بە شانی سوپا بێت ئەوە ئەو وڵاتە خۆی فڕەدەداتە ناو ماڵوێرانی و لەناوچوون ، میلیشیای چەکداری  بڕوای بە پەرلەمان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نیە ، بڕوای بە تێکدان هەیە نەک بونیاتنان و ، میلیشیای ئایینی هەمیشە دژی هونەر و مۆسیقا و سەما و نیگار و دژی ژنە ،  میلیشیای ئایینی ئاوێنەی کۆمەڵگا نیە و ڕەنگانەوەی کۆمەلگاش نیە بەڵکو ڕەنگدانەوەی تائیفەکەیەتی ، میلیشیای چەکداری بەپێی ئامانجی ئەوانە دەجولێت کە بە پارە و چەک پاڵپشتی دەکات دواجاریش بۆ خزمەتی ئەو کار دەکات ، میلیشیای ئایینی چەکداری «ئایین» دەکاتە پەردەیەک بۆخۆی و بازرگانی بە نیشتیمانپەروەریەوە دەکات ، بەکورتیەکەی هیچ وڵاتێک قورتاری نابێت گەر  لە میلیشیای چەکداری گەڕا کە گەمە بە ئەمنیەتی بکات ، هیچ وڵاتێک پێشناکەوێت ئەگەر شان بە شان لەگەڵ میلیشیای چەکدار بژیت و سەقامگیریش بەخۆیەوە نابینێت ، ڕێگای میلیشیای چەکدار پڕە لە فەوزا و توندووتیژی و کوشتن و خوێن و قوربانی و بێتاوان و ڕێگایەکی ماڵوێرانیە بۆ وڵاتان و گەلان و مرۆڤایەتی و ، دواجاریش چارەنووسی میلیشیاکان کۆتاییەکی تاڵ دەبێت 

سەرچاوە : سپی میدیا