کابرایەک لە خانەدانێکی زۆر گەورە ماڵ و موڵکێکی فراوانی بە میراتی بۆ مابووەوە، بەڵام نەیئەتوانی بە خێوی بکا و بیهێنێتە بەرهەم. ڕۆژێک لە دیوەخان دانیشتبوون لەگەڵ کوڕە گەورەکەی ئەم قسانەیان دەکرد؛ ڕووی کردە کوڕەکەی و وتی:
موڵکانەی پێنج شەش دێمان کە لە لای مسکێنەکانە، هەتا ئێستا چەند جارم پێ وتی: بچۆ وەری گرە بۆ چی نەچووی؟ کوڕە وتی: هێشتا نەچووم، دوو سێ ڕۆژی دیکە ئەچم وەری ئەگرم قەی چی ئەکا؟! باوک وتی: ئەی دێی «کانی پان» مان داوە بە کوێخا بەکر بە ئیجارە، دوو مانگ لە پسوولەکەی تێپەڕیوە، بۆ چی نەچووی پارەکەی وەر بگری؟ هیچمان نییە خەرجی کەین. دە بچۆ وەری بگرە. کوڕ وتی: جارێ وەرم نەگرتووە، پەلەت چییە بە شێنەیی وەری ئەگرم! ئینجا لە تەنیشت باوکەوە بابە عەلی تەکیەیی دانیشتبوو ڕووی تێکرد و وتی: بە خوا یا شێخ وەجاخم کوێرە! بابە عەلیش پێی وت: بە خوا ئاغا! ناشوکری نەبێ باوکی ڕەحمەتیشت هەر وەجاخی کوێر بوو!