"ژینای ئازادی" لە سوید هاتە چاپكردن ‎

شۆڕشی ژینا رووداوێكی مێژووییە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و سەرجەم دروشمە ئازادیخوازانەكانی تر وەرچەرخانێكی گرنگ و بنەڕەتییان لە پرسی نەتەوەیی كورددا پێك هێناوە، ئەوە وای كرد شارۆخ ئارژەنگی كتێبی "ژینای ئازادی"، ئامادە و كۆ بكاتەوە و لە دووتوێی 240 لاپەڕە لە وەشانخانەی 49 كتێب لە سوید چاپ بكات.
لەبارەی ناوەڕۆكی  كتێبەكەوە شارۆخ ئارژەنگی بە "وشە"ی گوت،  لە كتێبی "ژینای ئازادی"دا هەوڵمان داوە بەشێك لەو بابەتە ئەدەبییانە كە لەبارەی ژینا و شۆڕشی ژینادا نووسراون، جا چ هۆنراوە بێت یان هەر بابەتێكی تری ئەدەبی بخەینە سەر پەڕە، تا لە یاد نەچن و بۆ مێژوو و نەوەكانی داهاتوو بمێنن.

زیاتر گوتی، شۆڕشی ژینا رووداوێكی مێژووییە، كە هەر ئێستەش لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادییەوە تا سەرجەم دروشمە ئازادیخوازانەكانی تر، كە هەڵقوڵاوی ویستی راستەقینەی خەڵكی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، وەرچەرخانێكی گرنگ و بنەڕەتی لە پرسی نەتەوەیی كورددا پێك هێناوە.

"هاوكات لێرەوە بانگەوازێك بۆ شاعیر و نووسەرانی خۆشەویست رادەگەیەنم كە وەشانخانەی 49 كتێب لە سوید، بە بەردەوام خەریكی كۆكردنەوەی ئەو دەقانەیە كە بۆ ژینا و شۆڕشی ژینا نووسراون، بۆ ئەوەی وەك مێژووی ژینا بپارێزرێت و بخریتە سەر كاغەزەوە، هەر بەو بۆنەوە داوا لەوانە دەكەین كە تا ئێستە بەرهەمەكانیان نەناردووە، لوتف بكەن و بینێرن"، ئارژەنگی وای گوت.

شایەنی باسە كتێبی "ژینای ئازادی"، لە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی شارۆخ ئارژەنگی، لە دووتوێی 240 لاپەڕەدا لە وەشانخانەی 49 كتێب لە سوید چاپ بووە، ئێستە لەبەر دیدی خوێنەرانە.

سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد