تەنیا رۆژێک ماوە بۆ یادی رۆژنامەگەریی کوردی، بۆیە دەکرێت وەک رۆژنامەنووس و نووسەرێک باسی ژنانی رۆژنامەنووس بکەم، چەند ساڵێک پێش ئێستا و دوای ئەوەی دەستم بە کاری رۆژنامەنووسیی کردبوو هاوڕێیەکی سەرەتاییم بینییەوە، لە قسەوە هاتە سەر ئەوەی وتی «دەزانیت کە منداڵ بووین کاتێک مامۆستا لێی پرسیت کە گەورە بوویت دەبیت بەچی؟ تۆ وتت حەزدەکەم ببم بە رۆژنامەنووس» لە راستیدا ئەو قسەیەم بیرچووبۆوە، بێگومان ئەو خەونەم لە سەرسامیم بە دایکم و کوردستانی نوێ -وە چەکەری کردبوو.
کاتێک ئەم کارە هەستیارە هەڵدەبژێریت، ئەو پرسیارە لە خۆت بکە، ناوبانگت دەوێت بە هەر نرخێک یان ژیانی تایبەتی و خۆشگوزەرانیی خێزانیی؟
لە پۆلی دوازدە بە حەزی خۆم ئەو بەشەم هەڵبژارد و چوومە راگەیاندن، بەڵام لە پۆلی سێ-وە کە ئەو کاتە بەشەکان جیادەکرانەوە چوومە بەشی (تی ڤی) لەبەرئەوەی کارکردن لە رۆژنامەدا دەبێت بەهرە و توانای نووسینت تێدا بێت و ئەوەم لە خۆمدا شک دەبرد، بەڵام بەشی (تی ڤی) دەکرێت وەک زانستێک فێری ببیت و دەموسیت شتێکی نوێ فێرببم و ئەو کاتە بۆ من ئەو بەشە سەرنجڕاکێشتر بوو، بگرە خۆشترین دوو ساڵی تەمەنی زانکۆم بە کاری پراکتیکی تەلەفزیۆنەوە بەسەر برد، بەڵام دوای دەرچوونم لە زانکۆ ژیان بە جۆرێکی دیکە بوو. لەو سەردەمەدا پێم قورس بوو لە رێی تیڤییەوە رووبەڕووی چاوی بینەر و کۆمەڵگە ببمەوە، بۆیە چوومە نێو کاری رۆژنامەنووسیی کاغەزی و بێگومان کوردستانی نوێ خوێندنی دووەم بوو بۆ من، ئەم چیرۆکە بۆیە دەگێڕمەوە بۆ باسکردنی ئەو خاڵەی دەمەوێت وەک ژنێکی رۆژنامەنووس دوای چەندین ساڵ لە کاری رۆژنامەنووسیی جەختی لەسەر بکەمەوە، کە هێشتا ژنی رۆژنامەنووس دووجار لەلایەن کۆمەڵگەوە حوکمی بەسەردا دەدرێت جارێک لەبەرئەوەی ژنە و جارێکیش لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسە، بۆیە زۆرجار لەپێناو سەلامەتی ژیانی تایبەتی خۆم و خێزانەکەم خۆم لە وروژاندن و باسکردنی هەندێک بابەت بە دوور دەگرم، رەنگە بوترێت ئەوە ترسنۆکییە یان رۆژنامەنووسی بوێر نابێت وابێت، بەڵام کە ژن و هاوسەر و دایک بوویت دەبێت بۆ پاراستنی خۆت هەندێک سنوور دابنێیت. بە رای من ناکرێت لە پێناو ناوبانگدا ژیانی تایبەتی خۆت بکەیتە قوربانیی و تەنانەت ئاسانترین جێ بۆ بەناوبانگ بوون کە دیجیتاڵ میدیایە، وەک ژنێکی رۆژنامەنووس تا دەتوانم خۆمی لێ بە دوور دەگرم، چونکە لە رێیەوە زۆر ئاسان ژنێکی تێدا دەشکێنرێت و وێنەی دەشێوێنرێت، دواجار کاتێک ئەم کارە هەستیارە هەڵدەبژێریت، ئەو پرسیارە لە خۆت بکە ناوبانگت دەوێت بە هەر نرخێک یان ژیانی تایبەتی و خۆشگوزەرانیی خێزانیی؟
سەرچاوە : کوردستانی نوێ