ڕۆڵ وپێەگەی ژن لەكۆمەڵگەدا

 

سوپرالیا عبدلرەحمان


” ژن بەدەستێكی لانكە و بەدەستێكی هەموو جیهان ڕائەژنێ‌”
ئازادی و پێشكەوتنی هەرمیلەتێك و وڵاتێك بەستراوەتەوە بە ئازادی و پێشكەوتنی ژنەوە، ژن لە پەروەردەكردن وخۆشەویستی ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت نەك هەر “دایــك” ی منداڵە بەڵكو “پیاویش” پەروەردە دەكات، ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە پیاوی ئازا و بەهێز دەخوڵقێنێت، پیا و بە ڕۆحی ژن دەوڵەمەندە، ژن واتا مرۆڤ، دایك، هاوڕێ‌، هاوژین، بەدیدێكتر بەردەوام بوونی ژیانی مرۆڤایەتی بەشێوازە دروستەكەی، هەرخێزانێك هەناسەی ئازادی ژنێكی تێدابێت ئەوە ئەو خێزانە كامەرانی و شادی وگەشنمای پێوە دیارە.
ئەگەر لە مێژووی كورد و كوردستان ورد بینەوە بۆمان دەردەكەوێت ( ژن ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی هەبووە و هەیەتی لە ژیانی پیاو و كۆمەڵگەی كوردیدا). كەواتە ژیان بەبێ‌ بوون و ڕۆڵی ژن هیچ واتایەكی نابێ‌، لە كۆمەڵگەی كوردیدا وەك هەموو كۆمەڵگەكانی دیكە هەندێك كەم كورتی بەرامبەر بە ژن هەیە بەتایبەت لە پێشێلكردنی مافەكانی و باوەڕ نەكردن بە توانای ژن، ژن هەر لە سەرەتای ژیانی بە جۆرێك لە جۆرەكان مافی پێشێل دەكرێت، بگرە هەتا بە شوودانی كە چارەنوسی ژیانیەتی ئەو ئازادیەی نیە كە ئارەزووی خۆی دەربێڕێت.
خۆشبەختانە ژنی كورد ڕۆڵی سەرەكی لە كۆمەڵگەدا هەبووە تانەت پیاوی مەزنیشیان پەروەردە كردووە، بۆیە لە ئیستادا كاتی ئەوە هاتووە كە بزانین ژن تەنها ئیشی لە مەتبەخ نیە، ژن دەتوانێت شان بەشانی پیاو لە دەرەوە كاربكات بیسەلمێنت كە ئەویش هیچی لەو كەمترنیە، دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ و بەرجەستەی هەبێت، ژن ڕۆڵ و كاریگەری لە ژیانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی گەلی كوردا هەیە، پێویستە بۆ ئاگارداركردنەوەی تاك و كۆمەڵگە بەرامبەر بە پێگەی ژن هەوڵی بەردەوام هەبێت بۆ رێز گرتن لە توانا و مەعرفەی ژن، لە ئێستادا گەشبینم بەوەی كە چەند بەرە و شارستانی بوونی كۆمەڵگە بچین، ئەوەندەش لەوە تێگەیشتنە نزیك دەبینەوە وەك مامۆستا هەژاری موكریانی لە چێشتی مجوردا بۆ سوپاسی هاوسەرەكەی دەڵێت ” خۆزگە لە بری ئەوەی پەیكەر بۆ پیاوە گەورەكان دروستبكرایە، پەیكەریان بۆ فرمێسكەكانی ژن و خوشكەكانیان دروستدەكرد”.

مادام ژن لە پشت سەركەوتنەكانی پیاوانەوە وەستاون، پێویستە ڕێز لە گەورەی ژن بگریێت، دەبێت ژنانیش ئەوە بزانن كە هەر سەردەمە و پێویستیان بە جۆرێك لە خەباتە بۆ ژیانكردن و لەم سەردەمی تەكنەلۆژیا و مۆدێرنەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستیان بە بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان هەیە تاكوو بتوانن بەرامبەر بە ئەرك و مافی خۆیان سەركەوتوبن و مافەكانیشیان مسۆگەربكەن .

سەرچاوە: تەوار