ڕۆمانی (بارودۆخەکان)ی ئانی ئیرنۆ

لەوانەیە کات یەکێك بێت لە گرینگترین توخمەکانی نێو ڕۆمانەکانی (ئانی ئیرنۆ)، کە خەڵاتی نۆبڵی ئەم ساڵ، ٢٠٢٢ی وەرگرت. ئانی ئیرنۆ بە چڕی کار لەسەر کات دەکات و کات توخمێکی بنچینه‌ییه‌ له‌ بنیادی ڕۆمانه‌کانیدا. ئیرنۆ کاتە تەقلیدییەکە تێكدەشکێنێت و ڕابردوو و ئێستا لەسەر چەندین ئاست تێکەڵاو دەکات و دەیانبەستێتەوە بە یەکەوە. کات لە کەشەکانی ساڵەوە، ستایلی ژیان، کردن و ئەو هەل و مەرجانەی ژیان بۆ مرۆڤی دەرەخسێنێت، بەرجەستە ده‌بێت و فۆرم و شێوازی خۆی لە ڕووداو و ژیانی کارەکتەرەکاندا وه‌رده‌گرێت.
"ئانی ئیرنۆ" کار لەسەر کاریگه‌رێتی کات به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه‌ ده‌کات، چۆن بەتێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤدا ڕوودەدات، بۆ نموونە کات کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی (ساڵەکان)ە، هەروەها کاتیش ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕۆمانی (بارودۆخەکان)دا هەیە، کە لەم ڕۆژانەدا خوێندمەوە. ڕۆمانەکە بە شێكە لە بیۆگرافیای ژیانی ئیرنۆ خۆی. باسی ساڵی ١٩٦٠ەکان دەکات، کە وەك گەنجێکی قوتابی زانکۆ ناچار بووە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو منداڵەی لە سکیدا بووە، لە باری بەرێت.
ئانی ئیرنۆ لەم ڕۆمانە کورتەیدا، باسی ساڵانی ١٩٦٣ – ٦٤ دەکات، کە لەو پرۆسەی منداڵ لە باربردنەیدا بە شێوەیەکی نایاسایی، خەریك بووە ژیانی خۆی لە دەست بدات. ڕۆمانەکە لەسەر دوو ئاست، کات دەکاتە دەروازەیەکی گرینگ بۆ ڕووداوەکان: ئاستی یه‌که‌م "ئێستا"یه‌، کە ڕۆمانەکەی تیا نووسراوە، ئانی ئیرنۆ، دوای زیاتر لە سی ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ڕووداوە، بۆ ئەو کاتە بەسەرچووە، بۆ ڕۆژژمێرەکەی، تا باسی ئەوەمان بۆ بکات، چۆن ئافرەت لەو زەمەنەدا، لە وڵاتێکی وەك فەرەنسا، خاوەنی جەستەی خۆی نەبووە و تووشی چ کارەسات و مەترسییەك بووە. خاڵێکی گرینگی ئەم ڕۆمانە، مه‌به‌ستت ته‌نیایی "ئانی"یه‌- وەك نموونە بۆ هەموو ئافرەتێکی تر، کە بەو ڕەوشەدا تێپه‌ڕیون و خۆیان لەنێو ئەو هەل و مەرجانەدا بینیوەتەوە؛ تەنیاییەکی ڕەها ڕووبەرووی یاسایەکی توند دەبێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەیەوێت ئەو منداڵەی لە سکیدایە و بەهۆی بارێکی نه‌خوازراوه‌وه‌ دروست بووە لە باری بەرێت. ڕۆمانەکە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە فەڕەنسی بڵاو کراوەتەوە، ئەم ساڵیش بە چەند مانگێك بەر لە ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، بە سویدی بڵاو کرایەوە، واتە ٢٢ ساڵ دوای چاپە فەرەنسییەکەی. ڕۆمانەکە کراوە بە فیلم و لە فیستیڤاڵی ڤینیسیادا خەڵاتی شێری زێڕینی وەرگرتووە.
ڕۆمانی (بارودۆخەکان) کە تەنیا ١٢٠ لاپەڕەی قەوارە بچووکە، بە شێوەیەکی مۆنتاژئاسا ڕووداوێکی گەورە و کارەساتێك لە ژیانی کچێکی گەنجدا، لە دوو زەمەنی جیاوازدا دەگێڕێتەوە. کات لەم ڕۆمانە کورتەدا، لەنێو ئەو کاتەی فەڕەنسادا دەچێتە نێو مەسەلە چینایەتییەکانەوە، خێزان، خوێندن و هەموو ئاستەکانی تری ژیانی کۆمەڵگەوە.
ئانی ئیرنۆ، لە پرۆسەی نووسینی ئەم ڕۆمانەدا، لە گفتوگۆیەکی کراوەدایە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خوێنەرەکانیدا، ئەوەمان پیشان دەدات، چۆن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵانە، خۆی لەنێو ئەو ڕووداوانەدا زیندوو دەکاتەوە و ڕووداوەکان بە شێوەیەکی کورت و چڕ، وەك دیمەنی فیلمێك دەگێڕێتەوە و مۆنتاژیان دەکات.

دانا ڕەئوف

سەرچاوە: galawej