عوسمان ساوجی
ئەو کەسانەی رۆژانە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی گەلەکەیان دەکەن و دەبێتە بەشێک لە ئەندێشەیان و ئاوەزیان پێوەی گیرۆدە دەبێت، دواتریش دەبێتە هەوێنی بەرهەمەکانیان، دەکرێت وەک رۆشنبیرە ناوازەکان بیانناسین، دیارە کۆمەڵگەی کوردیش گەلێک لەم جۆرە رۆشنبیرانەی هەبووە و دەیبێت. رۆشنبیریی سەرباری ئەوەی دەکرێت بەهرەیەکی خودایی بێت و بە کەسانێک بەخشرابێت، بەڵام بە گشتی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی زۆرن، رۆشنبیر تەمەنی خۆی دەبەخشێتە بەرهەمی بوارێک یان چەند بوارێک تا دەگاتە ئاستێک بتوانێت جیاواز لە خەڵکانی ئاسایی خوێندنەوە بۆ دیاردە و رووداوەکان بکات و بە زمانێکی زانستی یان هونەری گوزارشتیان لێبکات، بەڵام ئەوە هەرگیز بەو واتایە نایەت کە ئەوان خۆیان لێببێتە چینێکی باڵای کۆمەڵگە، چونکە لەڕاستیدا ئەوە کۆمەڵگەیە پێناسەی توانا و ئاستی رۆشنبیری و پێگەیان دەکات و دەیانباتە لوتکە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی خۆیان لە لوتکەدا دەبینن و لەبەرزیەوە دەڕواننە ئەوانیتر، دەبێت ئەو راستییە بزانن کە ئەوانیتریش بەهەمان شێوە ئەم دەبینن. ئەو رۆشنبیرەی لەواڵەکەیدا پێنج هەزار هاوڕێی هەیە و چاوەڕێی ئەوەیە بۆ هەر بابەتێکی بەکۆمەڵ گوڵ و دڵ و دەستخۆشی لێبکرێت، بەڵام خۆی پێی شەرمە یان نەنگیە لە تەختەکەی (عەرش) بێتەخوار و وشەیەکی جوان بۆ کەسێک بنووسێت کە بابەتێکی نووسیوە یان کارێکی هونەری کردووە یان بۆنەیەکی هەیە، دەبێت بزانێت ئەستێرەی بەختی رووی لە کزییە، ئەگەرچی هەموو رۆژێکیش بابەتی نوێ و باشیش پێشکەش بکات.
سەرچاوە کوردستانی نوێ