چ پاساوێک هەیە بۆفرۆشتنی نیشتمان؟

 

 

بەرزان حەمەسور

 

دوای ئەوەی ناپلیۆن کۆنتڕۆڵی ئەوروپای تەواو کرد، بڕیاریی داگیرکردنی ڕووسیای دا و کاتێک ناپلیۆن بەناو شارۆچکە و گوندەکانی ئەوروپا تێدەپەڕی بەرەۆ ڕوسیا، خەڵک ماڵ وحاڵی خۆیان بەجێدەهێشت بۆ سەیرکردنی کەژاوەی کاروانی هێزە مەزنەکەی ناپلیۆن.

کاتێک ناپلیۆن دەچێتە ناو خاکی ڕووسیاوە، لەسەر سنوور دەبینن جوتیارێکی ڕووس کە خەریک­بوو بە داسەکەی دەستی لەباخەکەی بە وریایی و لێزانانە کاری جوتیاری دەکردو درەختەکانی هەڵدەپاچی و هیچ سەرنجی کەژاوەی کاروانەکانی ناپلیۆنی نەئەداو گرنگی پێنەدەداو خەریکی کاری خۆی بوو، کەناپلیۆن ئەمەی بینی شێت و هار بوو!

ناپلیۆن بە سەرۆکی پاسەوانەکانی گوت: ئایا شتی وا چۆن دەبێت، ئەو جوتیارە ڕووسییە چەپەڵەڕێز بۆمن دانەنێ وسەر بەرزنەکاتەوەوسەیری کاروانەکەی من نەکات؟

 لەکاتێکدا کچانی ئەوروپا لە ژووری نوستنەکانیانەوە بە پەرۆشەوە دێنە دەرەوە و ڕیزدەبن لەبەردەم ماڵەکانیاندا بۆ تەماشاکردنی من!

ناپلیۆن کاروانەکەی ڕاگرت و فەرمانی کرد جوتیارەکە بانگ بکەن، بۆیە جوتیارەکەیان هێنا  بۆ بەردەمی.

ناپلیۆن پێی گوت: بۆچی هەتیوو  لەکار نەوەستایت و سەیری کاروانەکەی منت نەکرد؟

 جوتیارەکە وتی: من کاردەکەم، کاتم نییە لەدەستی بدەم بۆتەماشاکردنی کاروانەکەی تۆ.

ناپلیۆن گوتی: تۆ نازانی من کێم؟

جوتیارەکە گوتی: من گرنگی پێنادەم تۆ کێیت.

ناپلیۆن وتی: دەبێت بزانیت من ناپلیۆنم کە بەم زووانە وڵاتەکەت داگیر دەکەم...

جوتیارەکە وتی تۆ داگیرکەرێکی چەپەڵیت و دەزانم کە تۆ بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەم خوێنی چەندین بێتاوان لە پیرو منداڵان دەڕێژیت!

ناپلیۆن وتی: تۆ  زۆر زمان درێژیی دەکەیت و پێویستە سزایەکت بدەم تاهەمووتەمەنت ناوم لەگەڵ خۆت هەڵبگریت، تا هیچ کات ناوی منت لەبیرت نەچێتەوە!

بە سەربازەکانی گوت: ناوی من لەسەرباسکی بنوسن!  بۆیە سیخێکی ئاسنیان داغ کردو و ناوی ناپلیۆنیان لەسەر قۆڵی نووسی، وەکو تاتۆیەک کە نەیدەتوانی بیسڕێتەوە.

جوتیارە ڕووسییەکە بەئازارەوە سەری بڵنکردو تەماشای ناپلیۆنی کردو تا توانی داسەکەی دەستی بەرز کردەوە بە هەموو هێزییەوە رای وەشاند بۆ باڵی خۆیی ولێی کردەوەو بەخوێنەوە فڕێیدایە بەردەم ناپلیۆن... پیاوە جوتیارەکە کە دەستێکی مابوو ئەویدیکەیان پەڕیبوو ببووە جێگای سەرسامی سەرباز و ئەفسەرەکانی ناپلیۆن.

جوتیارەکە بەدەنگی بەرز هاواری کرد: هۆ... هۆ ... هۆ ... داگیرکەر ناوەکەت لەگەڵ خۆتدا بەرە، بۆمن شەرمە ناوی داگیرکەری وڵاتەکەم هەڵگرم!

ناپلیۆن سەیری دەوروبەری کرد، ئەو ڕستە  بەناوبانگەی خۆی گووتەوە:

(لێرەوە شکست دەست پێدەکات...)

هەرلەڕاستیشدا دەستپێکی شکست و رۆژە رەشەکانی ناپلیۆن لە ڕووسیاوە بوو.

کاتێک ئێمە پەیوەست دەبین بەخاکی باب و باپیرانمانەوە وڵاتەکەی خۆمان خۆشدەوێت ئەوا زوو یا درەنگ سەرکەوتن دەچنینەوە و لەفەرهەنگی میللەتی تێکۆشەردا شکستەکان  قبوڵ نابن.

ئێمە هیچ کات بێ هیوا نابین لە سەربەرزی نیشتمان و دەبێت ئاگامان لە هەرزان فرۆشتنی بێت و چونکە هەروەک ئەمڕۆ سوورەی بەرلەشکری داگیرکەرو نیشتمان فرۆشەکان ژمارەیان زۆرکەمە...

 دەبێت وەک ئەو جوتیارە ڕووسە تەماشای داگیرکەرانی خاک و ماڵ ونیشتمان بکەین هەمیشە مێشک ودڵ وچاومان لێواولێو بن لەخۆشەویستیی خاک و نیشتمان و نەتەوە، بۆ ئەوەی لە گوێچکەکانی یار و نەیار دەنگ بداتەوە، کەنیشتمان فرۆشتن (هێڵی سوورە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە!)

بەرزان حەمەسوور- ئەڵمانیا
2022/4/27