پێش سەردەمی پڕوپوچی!

 

 

ئارێز عەبدوڵا

هەبوو نەبوو، لە سەردەمێکی کۆن، پاشایەک وەزیرێکی زۆر کارامە و ئازا و بێمنەتی دەبێ، بەڵام رۆژانە سکاڵای لێ دەکرێ و نە رۆژێک، نە دوو و نە دە ... پاشاش تەنیا گوێ لە سکاڵاکان دەگرێ، بەڵام بەدوایاندا ناچێ. تا دڵی کرمی دەبێ و دەڵێ: ئەو هەموو شکایەتانە لە خۆڕا نیە، بۆیە بڕیاردەدات لەسەری وەزیر بدات!

دوای مردنی وەزیر هەندێک لەو کاربەدەستانەی کە زووتر گلەییان لێی هەبوو  دەترسێن لەوەی لەسەردان ببێتە پیشە و نەریتی پاشا، بۆیە خڕ دەبنەوە و دەچنە لای، پێیدەلێن: خاوەنشکۆ ئێمە بۆ ئەوە سکاڵامان نەکرد بوو تا بەڕێزتان ئەو سزا گرانەی بەسەردا بسەپێنن، بەڵکو ئێمە مەبەستمان ئەوە بوو ئامۆژگاری بکەن خۆی بگۆڕێ و لەگەڵ ئێمەدا هەندێک نەرم و نیان بێ.

پاشا توڕە دەبێ و دەپرسێ:
- کەواتە وەزیر شایانی ئەو سزایە نەبوو؟
هەموویان پێکەوە دەڵێن نەخێر خاوەنشکۆ.
-  کلکی دوژمنان نەبوو؟
- نەخێر خاوەنشکۆ.
- بەرتیلی وەردەگرت؟
- نەخێر.
- دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی کەس دانەدەگرت؟
- نەخێر قوربان.
- ئەی ئەو هەموو شکایەتانە لەسەرچی بوون؟
- قوربان ئەو لەگەڵ ئێمە رەق بوو، داخوازیەکانی بۆ جێبەجێ نەدەکردین....!
پاشا دەپنگێ و پەنجەی پەشیمانی خۆی دەگەزێت، چونکە دەزانی هەڵەیەکی گەورەی کردوە، بەڵام لە ترسی هەڵەیەکی دی خۆی بێ دەنگ دەکات و  ئەوانیش خواحافیزی دەکەن و دەڕۆن.

رۆژی دواتر پاشا دارودەستەکەی کۆدەکاتەوە و جاڕدەدا بچن سوکترین و زیرەکترین کەسی وڵاتی بۆ بدۆزنەوە و بێنن.

ئەوان دەچن، دەگەڕێن، دەگەڕێن تا کەسێک دەدۆزنەوە درۆزنە، بەڵام جوانی دەهۆنێتەوە، دزە، بەڵام بە شارەزایی دەیکات، سەر بە پاشای وڵاتی دراوسێیە، بەڵام لاف و گەزافی نیشتیمانپەروەری لێدەدا، داوێن پیسە، بەڵام زۆر باسی نامووس دەکات...دەڵێن خوا دای، بەڕاستی ئەوە ئەو کەسەیە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین. بەخوا لەم کەسە سوکتر و زیرەکتر نادۆزینەوە! 

کابرای سوک دەبەنە لای پاشا و پێێ دەڵێن: خاوەنشکۆ بەخوا هەموو وڵات گەڕاین لەم کەسەمان شایستە تر نەدۆزیەوە.
پاشا چەند پرسیارێکی لێ دەکات و ئەویش بە ڕەوانی وەڵامیان دەداتەوە، تا دواتر دەڵێ:
- دەزانی من بۆچی تۆم بانگ کردوە؟
- پاشام خۆش و پایەدارتر بێ ئەمرکە.
- دەمەوێ بتکەم بە وەزیری خۆم.
کابرا بە هێمنی دەنوشتێتەوە و وەکو بڵێی شتێکی ئاساییە و بە زەردەخەنەیەکی رێویانە دەڵێ:
-  فەرمان فەرمانی پاشامە، لە ڕاستیدا دەمێک بوو چاوەڕوانی ئەو لوتفە گەورەیەی خاوەنشکۆ بووم!
- کەواتە هەر لە ئێستاوە بڕۆ دەستبەکاربە.
وەزیر دەست بە کار دەبێ و هەر لە یەکەم رۆژەوە بە قسەی خۆش و فریودەرانە سەرنجی کاربەدەستانی کۆشک رادەکێشێ.
ئەمجارە بارودۆخ دەگۆڕێ، بەپێچەوانەی سەردەمی وەزیری پێشو هەر رۆژە و ستایشی کەسێک دەگەیشتە پاشا و ناو هەر ناوی وەزیری نوێ بوو.
پاشا لە دڵی خۆیدا دەڵێ: خودایە ئەگەر سوکترین کەسی وڵاتەکەم بەم شێوەیەبێ، کەواتە وەزیری پێشوو شایستەی سەد جار لەسەردان بووە!
وەزیری نوێ، لەگەڵ کاربەدەستانی دەربار و کۆشک دەبێتە یەک ماڵە و هەق نا هەق بێ دڵی کەسیان ناکات، بەڵام دەرگا لەسەر هاووڵاتیانی ئاسایی گالەدەدا!
رۆژ دێ و رۆژ دەڕوا، بە هۆی بێسەروبەرەیی و ستەم و گیرەشێوینی و بێ دادی بارودۆخی وڵات خراپ تێکدەچێ، کار لە کار دەترازێ و دەسەڵات داری بەسەر بەردەوە نامێنێ، شوڕش سەرهەڵدەدا، ئەنجام پاشا و وەزیر و کاربەدەستانی تر دەگیرێن و دوای چەند رۆژێک پاشای نوێ بەدوای پاشای کۆندا دەنێرێ و لێی دەپرسێ: بۆچی چارە نووسی خۆت گەیاندە ئەمڕۆژە؟
ئەویش بێ وەستان دەڵێ:
- چونکە وەزیرم کوشت!
- باشە بۆچی وەزیرت کوشت؟
- بەقسەی ئەوانەی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان منیان تەفرەدا!
- ئەی بۆچی بەقسەی ئەوان تەفرەت خوارد؟
- چونکە نە خۆم و نە دارودەستەکەم لە ئاستی پێویستدا نەبووین.
- ئامۆژگاریت بۆ  ئێمە چییە؟
- دوو ڕیگات لە پێشن:
بەدەردی من دەچی یان پەند لە من وەردەگری.

سەرچاوە : خەندان