پیپی مۆخیكا, پێوەر بۆ ئەخلاقی سەرۆك

 

 

عەلی مەحمود محەمەد

 

كاتێك پزیشكەكەی لە سەرەتای ئەمساڵدا هاتە لای بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە كە پشكنینی تاقیگەیی دەریخستووە كە جەستەی وەڵامی دواین چارەسەری ئەو شێرپەنجەیە ناداتەوە كە ساڵانێكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، موخیكا سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای وتی: كاتی ئەوە هاتووە كە من بڕۆم، منیش بە ئامادەییەوە چەكەكەم دادەنێم". بەم شێوەیە  ئەم چەند مانگەی بە هێمنی بردە سەر, تەنانەت سەرەتای ئەم مانگە نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی وڵاتەكەی بكات و دەنگ بە پارتەكەی بدات., مەرگ ئەوەندە دڕندە بوو رێگای نەدا هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی 90 ساڵەی لە دایك بوونی بگێڕێت, بەلام بەشداری سەركەوتنی كاندیدەكەی لە ساڵی 2024 بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری یاماندۆ ئۆرسی لە بەرەی بەرفراوانی چەپگەرا كرد, ناوی سەركەوتنەكەی نا دیاری بەجێهێشتن.

تا مرد لە گەڵ سەگەكەی مانوێلا و تراكتۆرە مۆدێل 1987 ەكەی  ئۆتۆمۆبیلە فۆلكس فارگۆنەكەی بوو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی لە لادێ بەجێ نەهێشت, لە گەڵیان سەری نایەوە, وەلێ كولتورێك لە رەوشت بەرزی و ئازایەتی بۆ مرۆڤایەتی جێهێشت..

بیبی كێیە؟؟؟

خوسی ئەلبەرتۆ مۆخیكا كوردانۆ ناسراو بە بیبی لە باوكێكی بە رەچەڵەك باسكی-ئیسپانی بە ناوی دیمیتریۆ و دایكێكی ئیتاڵی بەناوی ولوسی كوردانۆ لە 20ی ئایاری ساڵی 1935 لە شاری مۆنتفیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای لە دایك بووە, لە تەمەنی 6 ساڵی باوكی مردووە, بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی ملی كاركردن دەگرێتە بەر لە كێڵگەی كشتوكاڵی, لە تەمەنی 13 ساڵییەوە خولیای پاسكیل سواری بووەو پەیوەست بووە بە چەندین یانەی وەرزشییەوە, لە تەمەنی  لاویدا پەیوەست دەبێت بە پارتی یەكێتی گەلەوە, دواتریش تێكەڵاو بە بزووتنەوە چەپگەراكان دەبێت, تەمەنی 15 ساڵ نەبوو, بەشداری خۆپیشاندانی كردووە بۆ كرێ دادپەروەرانە بۆ كرێكاران, زانكۆ تەواو ناكات خولیای سیاسەت دەبێت, سەرەتا بیری نەتەوەیی دەبێت,  لە گەشتی سیاسی بۆ  كوبا جیڤارا  دەبینێت, لە ساڵی 1964 ەوە  چووە ریزی بزاڤی تۆبامارۆسەوە, دوای 8 ساڵ لە پێشینەی كاری سیاسی لە ریزی بزاڤی چەپ, لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا  بزووتنەوەكە بە شێوەی  فەرمی خۆی راگەیاند, كە لەساڵی 1960 دامەزرابوو لە لایەن راول ساندیكەوە, لە  2  ساڵی  پێشوتر لە لایەن دامەزرێنەرانییەوە  كاری سەربازی ئەنجامدرابوو, وەلێ وەك رێكخراو بە فەرمی خۆی رانەگەیاندبوو, مۆخیكا جەنگاوەرێكی گەنجی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی تۆبامارۆس بوو, بە توندی داكۆكی لێدەكرد و تا مەرگ باوەڕی پێ بوو .

بیبی لە ژیانی  گەریلاییدا 4  جار زیندانی كراوەو 9 گولەی پێوەیە, لە چەندین چالاكی سەربازییدا  لە ناوجەرگەی پایتەخت بەشداری كردووە, كە سروشتی بزووتنەوەكەو وڵاتەكە وابوو خەباتی ناو شار  هەڵبژێرن, بەهۆی ئەوەی وڵات شاخی تێدا نەبوو, گەریلا ماركسیستەكانی تۆبامارۆس تێكۆشانە چەكدارییەكەیان زۆرجار لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەنجام  دەدا بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان, ئەمە جیای دەكردنەوە لە بزاڤە چەكدارییەكان دی, بۆیە گۆڤاری تایمی ئەمەریكی نووسی ئەمانە لەسەر شێوازی رۆبن هود خەبات دەكەن .

بیبی لە ساڵی 1969 بەشداریكردووە لە گرتنی شاری باندۆی نزیك پایتەخت, كە بۆ ماوەیەكی كەم تۆبامارۆسەكان دەستیان بەسەردا گرت.

 لە دوا نیوەرۆیەكی ساڵی 1970 بیبی لە گازینۆیەك  لەگەڵ هاوڕێیانی دانیشتبوون  لە بیر لافیای پایتەخت دوای ئاشكرا بوونی لە لایەن پۆلیسەوە, لە شەڕێكی دەستەویەخەدا  دوو پۆلیس بریندار دە كات و خۆشی 6 گولە  بەر سنگی دەكەوێت,  لە نەخۆشخانەی سەربازی هاوڕێیەكی چارەسەری دەكات 12 بوتڵ خوێنی دەداتێ, دواتر دەینێرن بۆ زیندانی بۆنتا كاریتاس , مۆخیكا لەو زیندانە هەڵدێت, مۆخیكا لە 

ئەو لە نێو زیاتر لە 106 توپامارۆسیە و 5 زیندانییەەی دی بوو كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1971 لە زیندانی پۆنتا كارێتاس هەڵهاتن بە هەڵكەندنی تونێلێك لە ناو زیندانەكەوە كە دەچووە ژووری میوانی خانوویەكی نزیك, كە بە یەكێك لە نەبەردییە گەورەكان مێژووی نوێ دێتە ژماردن و كراوە بە فلیمی بەناو بانگی ز دۆگ, موخیكا دوای كەمتر لە مانگێك دوای هەڵهاتنی جارێكی دیكە دەستگیركرایەوە,  بەڵام لە نیسانی ساڵی 1972دا جارێكی دیكە لە پۆنتا كارێتاس هەڵهات. لەو بۆنەیەدا ئەو و نزیكەی دوانزە هەڵهاتووی دیكە لە تونێلەكەوە هەڵهاتن كە لە لایەن توپامارۆسەكانەوە لە دەرەوەی زیندانەكەوە هەڵكەندرابوو. 

جارێكی تر بۆ دواجار لە ساڵی 1972 دەستگیركرایەوە، نەیتوانی بەرەنگاری دەستگیركردن بێتەوە. لە چەند مانگی دواتردا وڵاتەكە تووشی كودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لەم نێوەندەدا موخیكا و هەشت توپامارۆی دیكە بە شێوەیەكی تایبەت هەڵبژێردران بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی سەربازیدا بمێننەوە وەك بارمتە و لە دۆخێكی خراپدا بمێننەوە. بە گشتی ١٣ ساڵ لە دیلدا ژیانی بەسەر بردووە. 

ئابی 1972 , لە كاتێك خەوتبوو لەو دەشتە,  بە  رەشاش و بۆمبێكی دەستییەوە  دەستگیركرایەوە, 13ساڵ لە زیندانی تاكە كەسییدا بوو, خۆی و هاوڕێكانی هیچ كەسێكیان نابینی, 7 ساڵ پەرتوكیشیان پێی نەدا بیخوێنێتەوە, زیندانەكان میزی خۆیان دەخواردەوە, گەورەترین كێشەیان میز كردن بوو, تا دایكی میزدانێكی بۆ هێنا, وەلێ پۆلیسەكان نەیاندا پێی, تا رۆژێك لە بەردەم شاندێكی بیانی ناڕەزایەتی دەربڕی و بووە خاوەند جێیەك تا میزی تێدا بكات,  كە لە زیندان ئازاد  كرا  لە ساڵی 1985 میزدانەكە  بەشانییەوە بوو , بەخۆی میزدانەكەیەوە لە دەرگای زیندان  هاتە  دەرەوە بەرەو ئازادی و خەباتی سیاسی پاش ئەوەی وڵات گۆڕا بۆ دیموكراسیەت. 

بەهۆی ئەوەی چەندین جار لە زیندان هەڵات و گرترایەوە, بۆ زیندانی ژوری تاكە كەسی لە ناو بیرە قوڵەكان گواسترایەوەو 2 ساڵ لەو جهەنەمە بە تەنها مایەوە, پانتایی زیندانەكەی تەنها مەترێكی چوارگۆشە بوو, لەناو بیرەكە  بۆقی بەخێودەكرد و جرجی تێر دەكردو زۆر لە كاتەكان لە زیندان تەنها مێرولەی دەبینی و هاوڕێی بوون.

بیبی یەكێك بو لە 9 بارمتەیەی تۆبامارۆس كە رژێم هەڕەشەی كرد بە لە سێدارەدانیان ئەگەر رێكخراوەكەی چەك هەڵبگرێتەوە.

13 ساڵی دوایی بێ دادگایی زیندانی كرا, وەك دیل لای سوپا هێڵرانەوە , كە هاورێكانی دەست بدەنەوە چەك ئیعدام دەكرێن.

بیبی  بەردەوام لە زندانەوە لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ راول ساندیكی دامەزرێنەری تۆبامارۆس, لە  ئازاری ساڵی 1985 لەو كاتەی لێبوردنی گشتی درا بۆ زیندانیان درا  و دیموكراتیەت گەڕایەوە بۆ وڵات , حكومەتی دیكتاتۆری كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی بوو  روخا,  لە گەڵ رائۆڵ سندیك ئەنتۆناشیۆ

و 11 لە سەركردەكانی دی تۆبامارۆس بە یەكەوە ئازاد كران, ئیتر لێرەوە قۆناغێكی دیكەی خەباتی ناو شار دەستی پێكرد.

كە خۆی و خۆشەویستە گەریلاكەی لە زیندان دەردەچن,  بەهۆی خراپی گوزەرانەوە, خۆی كاردەكات لە كێڵگەی كشتوكاڵی و هاوسەرەكەی لۆسیا تۆبۆلانسكی(25-9-1944-) " ئەندازیاری تەلارسازی, لە ساڵی 1969 پەیوەست بووە بە تۆبامارۆسەوە,  لە كاتی چالاكی سەربازی ناسی, كە دواتر دەبێتە جێگیری سەرۆك كۆمار" لە بارێكدا كار دە كەن تا ساڵی 1986.

" لوسیا لە ساڵی 1967 ەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مۆخیكا دەبەستێت و پێكەوە ژیاون، جگە لە 13 ساڵ دابڕانی سەردەمی زیندانی مۆخیكا، لە ساڵی 2005 هاوسەرگیرییان كردووە، لە هەڵبژاردنی 31 ی ئۆكتۆبەری 2004 دا، سەرۆكایەتی لیستی چەپی بەرەی بەرفراوانی كردووەو و بە تەنها زیاتر لە پارتی كورالادۆی دەسەڵاتداری ئەوكات دەنگی هێناوەتەوە "

بیبی هەرچەندە چەندین جار لە دزینی بانكەكان  بەشداریكرد بۆ هاوكاری خەڵك, رۆبن هودێكی راستەقینە بوو, بەلام كە لە زیندان دەرچوو تەنها خاوەند میزدانێك بوو بە شانییەوە, سامانەكەی هەر هێندە بوو.

بیبی و بزوتنەوەی تۆبامارۆس

تۆبامارۆس یەكێك لە گروپە چەكدارە ئەفساناوییەكانی ئەمەریكای لاتین , كە لە سەرتاسەری جیهان لایەنگر و بزاڤ و دەروێشی خۆی هەبوو, ئەم رێكخراوە بەناوی تۆباك ئەمارۆی دووەم (هیندییە سورەكانە) ناو نرا كە سەركردەیەكی ئەلینكای ئەمەریكای لاتین بوو لە ساڵی 1572 بە دەستی ئیسپانیەكان كوژرا.

بەرەی رزگاری نیشتمانی FLN ناسراو بە (Tupamaros ) لە ساڵی 1960 لە ئۆرۆگوای لە لایەن گروپێك كەسانی ماركسیەوە بە سەرۆكایەتی راول ساندیكی ماركسیستی پارێزەرەوە دامەزرا ("راول ساندیك ئەنتۆناكسیۆ لە بەرواری 16-3-1925 لە دایك بووە, لە بەرواری 27-4-1989 كۆچی دوایی كردووە, بە پسپۆری پارێزەر, وەلێ نەیان هێشت ببێتە خاوەند پیشەكە, لە پەنجاكان پەیوەست بوو بە پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایەوەو وەك پارێزەرانی كرێكارانی كشتوكاڵی دەستی بەكار كرد,لە كۆتایی پەنجاكان بزووتنەوەیەكی دروست كرد بەناوی لە گەڵ ساندیكا دەبینە خاوەند زەوی,  لە ساڵی 1958 نوێنەرایەتی سۆسیالستەكانی ئۆرۆگوای كرد لە كۆنگرەی سۆسیالستی جیهانی لە كوبا, بووە پارێزەری یاسایی كرێكارانی پیشەسازی شەكر, باوەڕی بە نا ناوەندی لە بەڕێوەبردن هەبوو لە ژێر كاریگەری فكری  برۆدۆندا, هەرچەندە لە خەباتی چینایەتی پەیڕەوی لە بۆچونەكانی ماركس دەكرد, لەساڵی 1962 گروپی كاری راستەوخۆی دروستكرد, دوایی گۆڕا بۆ كۆمەڵەی  تەنسیق, پاشان بوو بە  تۆبامارۆس, لە ساڵی 1962 لە گەڵ كرێكارانی قامیشی شەكر پەلاماری یەكێتی ئۆرۆگوایان دا لە شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت و سوتاندیان , ئەمە یەكەم چالاكی رێكخراوەكە بوو, لە ساڵی 1963ش پەلاماری یانەی سویسرایان دایەوە لە پایتەخت و چەند چەكێكیان بە دەستكەوت گرت  كە بووە هەوێنی بزوتنەوە چەكدارییەكەی تۆبامارۆس, مێژووی چالاكیەكەش بە بەرواری  دامەزراندنی تۆبامارۆس داریكرا, لە ساڵی 1963 بەهۆی هەوڵی گرتنی راول سادیكەوە لە لایەن حكومەتەوەو خۆشاردنەوەو یاخی بوونی سەرۆكەكەیەوە, رێكخراوەكە چووە قۆناغی خەباتی ژێر زەمینییەوە, بەشێك لە هاوەڵانی ساندیك خۆیان تەرخان كرد بۆ پاراستنی راول سادیك و بەشەكەی تریان بۆ راهێنانی سەربازی چوون بۆ كوبا, لە ئابی 1970 دەستگیر كرا,  لە سەپتەمبەری 1971 لە گەڵ 105 تۆبامارۆس كە بیبیشی لە گەڵدا بوو, لبە یاوەری 6 زیندانی دیكە هەڵاتن.لە یەكی  سەپتەمبەری 1972 لە روبەروبونەوە لە گەڵ پۆلیس لە شاری مۆنتیفیدیۆی پایتەخت, پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەموچاوی دەستگیر دەكرێت, دوای 13 ساڵ زیندانی لە ئازاری 1985 لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی تۆبامارۆس بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو ") .

بەهۆی ئەوەی ئەو كات 80%دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیك بە نیوەیان لە شاری مۆنتینیگرۆدا دەژیان و لایەنگرانیان لە پایتەختدا بوون, هاوكات وڵات شاخی تێدا نەبوو وەك ئەو وڵاتانەی ئەوكات چەپەكان تیایاندا دەستیان دابووە خەباتی چەكداری دژ بە زەبروزەنگی سوپاس و حكومەتە راستگەراكانی پاشكۆی ئەمەریكا, بۆیە تۆبامارۆسییەكان خەباتی خۆیان لە شارەكانەوە دەستپێكرد بەتایبەت پایتەخت كرایە چەقی خەباتی چەكدارییان.

ئەم رێكخراوە لە یەكگرتنی چەندین گروپی ماركسیستی سەر بە دەستە و بۆچونی جیاجیا پێك هات ژمارەیان لەسەروبەندی گەشەكردندا بە 6000 بۆ 10000 گەریلا دیاریدەكرا, كە پێك دەهاتن لە سۆسیالستەكان و ماوی و ئانارشیستەكان ......, هێزەكانی دەوڵەتیش لە 12000 سەرباز و 22000 پۆلیس پێك دەهات.

ئامانجیان لە خەباتی چەكداری ناو شار ئەوەبوو زەمینەی شۆرشی سۆسیالستی خۆش بكەن, كە ئیلهامیان لە شۆڕشی كوباوە وەردەگرت,چالاكی تۆبامارۆسییەكان لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان زیادی كرد كە بریتی بوو لە رفاندنی كەسانی كاریگەر لە ریزی حكومەت لە پێناو ئاڵوگۆڕپێكردنیان بە بەندكراوەكانی رێكخراوەكە و دەستبەسەردا گرتنی بانك و خۆراك و دابەشكردنی بەسەر هەژاراندا,رفاندنی كەسانی گەندەڵ لەناو حكومەت, سوتاندنی لقی كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕ, رفاندنی فەرمانبەرانی پلە باڵای بانكەكان,  چالاكیەكانی رێكخراوەكە لە ساڵی 1972 سنوری ئۆرۆگوای تێپەڕاند و پەڕیوەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەترسی لەسەر وڵاتانی راستگەرای نۆكەرو پاشكۆی ئەمەریكای  لەناوچەكە دروستكرد, لە مەكسیك بزووتنەوەی 23ی سەپتەمبەری كۆمۆنیستی و چەپی شۆرشگێر لە شیلی و سوپای سور لە یابان و گروپی سوپای سور ناسراو بە راف لە ئەلمانیا و ئەلویەی سور لە ئیتاڵیاو گەریلا چەپگەراكانی توركیا و فەنزوێلا .....ئیلهامیان لە تۆبامارۆسەكان وەردەگرت و هەمان رێچكەی تێكۆشانیان گرتە بەر, بەهۆی ئەو چالاكییە سەركەوتوانەی تۆبامارۆسییەكان ئەنجامیان دەدا كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بوو .

بزووتنەوەكە چالاكییەكانی بە پەلامار بۆ سەر بانكەكان و كۆمپانیاو ئەو شوێنانە دەست پێكرد كە خواردنی زۆر لێبوو پاشان بەسەر هەژاندا دابەشیان دەكرد , بۆیە لەسەرەتاوە وێنای رۆبن هودی بەخۆوە بینی كە ئێستا بۆتە ئارمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەكانی هەژاران كە بە بزووتنەوەی 99% ناسراوە لە سەرتاسەری جیهان.

لە ساڵی 1969 ئەمەریكا دان میتریۆنی لە ئێف بی ئایەوە نارد بۆ ئۆرۆگوای تا بە ناوی رێكخراوی ئەی ئای دی مرۆڤ دۆستەوە كار بكات, بۆ راهێنانی پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی تۆبامارۆس, كە پێشتر ناوبراو لە سەرەتای شەستەكان لە پێكهێنانی تیمەكانی مەرگ لە بەرازیل دژ بە چەپگەراكان هەمان رۆڵی هەبوو, لێ لە ئۆرۆگوای كاری ناوبراو راهێنانی پۆلیس بوو بۆ ئەشكەنجە دان بە كارەبا, تۆبامارۆسییەكان توانیان ناوبراو برفێنن و لە بەرامبەریدا داوای بەردانی زیندانییەكان بكەن, بەڵام كە وەڵامیان نەدرایەوە كوشتیان, بەهەمان شێوە باڵوێزی بەریتانیاشیان رفاند.

بەهۆی قەیرانی دارایی و گەندەڵی حكومەت لە ساڵانی 1970 بۆ 1971 حكومەتی ئۆرۆگوای  پشتیوانی گەلی لە پشت نەما و كەوتە ناو قەیرانەوە, لە مانگی نۆڤەمبەری 1971 بڕیاردرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان چەپەكان بە تۆبامارۆسییەكانەوە بەرەی بەرفراوان (ئەمپیلۆ)یان دامەزراند, سەرجەم پارت و رێكخراوە چەپگەراكانی ئۆرۆگوای لە ریزەكانی خۆی كۆكردەوە لە سۆسیالست و شیوعییەكانەوە تا لاهوتی ئازادیبەخش , توانیان 18,6%ی دەنگەكان بهیننەوە, ئەمە یەكەم بەشداری تۆبامارۆسییەكان بوو لە هەڵبژاردنەكان, لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پارتی سور توانی 40,3%ی دەنگەكان بهێنێتەوەو حكومەت پێك بهێنن و بەدوایدا بڕیاری شەڕی تۆبامارۆسی دا و تێسرەواندنی كاریگەریان لە بزووتنەوەكە دا و سەرۆك و 12 سەركردەی دیكەیان لە ناویاندا بیبی كەوتنە زیندانەوە تا لە ساڵی 1985 ئازادكران, هاوكات لە بەرواری 27-5-1972 زیندانی گەل كە دیلەكانی تۆبامارۆسییەكانی تێدا بوو لە پایتەخت ئاشكرا بوو كە باڵوێزی بەریتانیا جیفری جاكسۆن  لەناو دیلەكاندا بوو, پەلاماری زیندانەكە درا, بەدوای شكستهێنانی سەربازی بەسەر تۆبامارۆسدا كودەتای سەربازی ئەنجامدراو پارتە سیاسییەكان قەدەغەكران و پەرلەمان هەڵوەشایەوە  .

لە ساڵی 1989 كە ساڵی مردنی راول ساندیكی دامەزرێنەرە, تۆبامارۆسییەكان بزووتنەوەی بەشداری خەڵكیان دامەزراند كە لە گەریلاكانی پێشوو و چەند گروپێكی دیكە پێك دەهات, بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2004 بەرەی بەرفرانیان راگەیاند كە لە 18 پارت و رێكخراوی سیاسی پێك دێت لە گەریلاكانی تۆبامارۆسەوە بۆ شوعیەكانی سەر بە سۆڤیەت و سۆسیالستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان و دیموكراتە كریستانەكان و لاهوتی رزگاریبەخش .........  .

لە كۆتایدا یادگارییەكی رۆبون هودیانەی تۆبامارۆسییەكانتان بۆ  دەگێڕمەوە, شەوێك تۆبامارۆسییەكان دەدەن بەسەر یانەیەكی دەوڵەمەندەكاندا یەكێك لە دروشمە هەرە بەناو بانگەكانیان لەسەر دیواری یانەكە دەنووسنەوە ((یان هەموو سەما دەكەن, یان كەس سەما ناكات)), لەوساوە ئەم درووشمە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەوە, بە پێچەوانەی سەرمایەدارەكانی كوردەوە كە دەڵێن  خەبات دەكەین  لە داهاتوودا ئێوەش  وەك ئێمەتان لێبێت, نەك لە ئێستادا  هەموو وەك یەك بین و پێكەوە سەما بكەین, وەك لە خشتە بردنێكی خەڵك, ئەمان وتیان یان ئێستا  هەموو سەما دەكەین یان كەس سەما ناكات.

لە كۆتا رستەدا  دەڵێم تۆبامارۆسییەكان خاوەند ویژدانێكی زیندوو بوون وەك كۆمۆنارەكان, بەڵام سیاسەت دەبێت ریالیستیانە بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام و سەركەوتوو بێت, بۆیە لە قۆتاغی یەكەم شكستیان هێنا, لە قۆناغی دووەم سەركەوتن.

تۆبامارۆس و خەباتی سیاسی

تۆبامارۆس لە ساڵی 1994 دوو ئەندامی پارتەكەی بۆ یەكەمجارچوونە پەرلەمانەوە یەكیان بیبی بوو, ئەو سەردەمە بەوە ناسرا بە ماتۆڕ هاتوچۆی پەرلەمانی دەكرد,  دوای 11 ساڵ كە سەركەتن لە هەڵبژاردنەان, بیبی لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 وەزیری كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵی ئۆرۆگوای بوو لە یەكەم حكومەتی چەپگەرای لە مێژووی ئۆرۆگوایدا, پاشان لە پۆستەكەی دەستی كێشایەوە بۆ جێگیرەكەی وتی من شارەزایم لێ نییەو هەموو كارەكان ئەو دەیان كات  با بۆ خۆی وەزیر بێت, لە مارسی 2010ەشەوە بووە سەرۆكی ئیكوادۆر, ئەو رۆژگارە كاتە بەتاڵەكانیان لەگەڵ هاوسەرەكەی كە لە روی حیزبییەوە بەرپرسی بیبیە خەریكی چاندن و پەروەردە كردنی گوڵن بون بۆ  باشتر كردنی باری ئابوورییان, بیبی باوەڕی بە بیری ئاینی نەبوو, بۆینباخی نابەستی و بەرگی فەرمی سەرۆكایەتی لە بەرناكرد , بە شێوازە سادەییەكەی سەردانی وڵاتانی دەوروبەر و سەرۆكەكانیانی دەكرد, بەمەش بووە یەكێك لە سەركردە ئاوازەكان .

بیبی هیچ ژمارەیەكی بانكی نەبوو بۆیە قەرزاریش  نەبوو, پارەشیی نەبوو, ئەمە گەورەترین بەختەوەری بوو بۆ ئەو, بە نرخترین شت كە هەیبوو سەگەكەی بوو بەناوی مانوێلا و ئەو ئۆتۆمۆبیلە بۆقیە فۆلكس واگن بیتڵەكەی بوو  كە نرخەكەی لە بازاڕی وڵاتەكەی بایی 1945 دۆلار بوو,  لە وڵاتانی بیانی بە تایبەت یەكێتی ئەوروپا چەند سەد دۆلارێكی كەم زیاتر ناكات, لە موچە مانگانەكەشی كە 12500 دۆلارە تەنها 775 دۆلاری بۆ خۆی هەڵدە گرت ئەوی دیكە وەك سەردەمی گەریلاییەكەی  بەسەر رێكخراوە خێرخوازییەكان و هەژاراندا دابەشی دەكرد رۆڵی رۆبن هودییەكەی لە دەستبەسەردا گرتنی بانكەكانەوە گۆڕیوە بۆ دابەشكردنی داهاتی خود, لە دابەشكردنی گیرانی سەرمایەدارانەوە بۆ دابەشكردنی گیرفانی خود.ئەو دەیووت  ئەوەندەم بەسە زیاترە لە داهاتی زۆر لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەم چونكە زۆربەی گەلەكەم بە برسیەتی دەژێن, بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەرافەتمەندانە بژێم بەسمە.

لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بیبیدا گەندەڵی بە ئەندازەیەكی زۆر بە پێی ئامارەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی لە ئۆرۆگوای دابەزی , ئێستا ئۆرۆگوای یەكەم  وڵاتە لە بواری كەمی گەندەڵی لە ناو وڵاتانی ئەمەریكا لاتین و ناوەنددا, لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەژاری لە 38% ەوە دابەزی بۆ 11% , لانی كەمی كرێ بە رێژەی 100% زیاد كرد.

لەو كێڵگەیەی  كە ستۆدیۆ 45 مەترییەی كە كەوتۆتە ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی هاوسەرەكەیەوە, 14 پیاوی پیری دیكە دەژێن, لە دەوروبەری خانویان دروست كردووە, وەك پیرخانەی  لێهاتووە, بیبی لە ناو گەڕەكەكان لە گەڵ مناڵان یاری دەكرد, سەماو قسەی خۆش لەگەڵ هاووڵاتیانی سەر رێگاكەی دەكرد, هیچ پارێزەر و شوفێرێكی  نەبوو, تەنانەت رێگای ماڵەكەی خۆڵ بوو تا ئێستاش قیرتاو نەكراوە, لە روی بیروباوەڕەوە  ئەو خۆی بە چەپێكی نیمچە ئانارشیست  دەزانی, وێڕای ئەوەی قسەكەرێكی لێهاتوو زیرەك و وردە لە سیاسەت و خوێنەرێكی جدی بوو, هاوكات  ئەفسانەیەكی ئەرێنی سیاسییە جیگواراو  گاندی و ماندێلا لە كەسایەتی ئەودا هەموو پێكەوە رەنگیان دایەوە, وەك جیگوارا جەنگاوەر بوو, پاڵەوانی شەڕی شەقامەكان بوو, عاشقی پەرتووكە سورەكان بوو, وەك گاندی سادە بوو, تەنانەت لە چینی براهماش نەبوو, بۆیە نەهرۆو گاندی تێپەڕاند, وەك ماندێلا لێبوردەیە كە بووە سەرەك كۆمار لێپرسینەوەی لەوانە نەكرد 13 ساڵ بە ئەشكەنجەوە لە زیندان هێشتیانەوە, تەنانەت داوای لێیان نەكرد دان بەتاوانەكانیان بنێن و داوای لێبوردن بكەن  وەك پرۆسەی  داننان بە راستییەكانی باشوری ئەفریقا.

بیبی دژ جگەرە كێشان بوو, لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا كەوتە كێشەوە لەگەڵ كۆمپانیای فیلیپ مۆریس, هاوكات  لەسەردەمی حوكمڕانی ئەودا , بڕیاری مافی لە باربردن, زەواجی هاوڕەگەزەكان , چاندنی مەرەگۆنا بە ئاشكرا درا, لە گەڵ ئەمانەشدا  مرۆڤ دۆستێكی نێونەتەوەییە , بە شێوازی جیا پێشوازی كرد لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی سوریا, لە كۆشكی كۆماری پێشوازیكرد لە 100 منداڵی هەتیوی سوری, هەرچەندە گەریلا بوو, بەشداری شەڕی شەقامەكانی دەكرد, لێ دژ بە جەنگ بوو, نەك  تەنها لە ناو وڵاتەكەی لە دەرەوەش سادەو ساكاربوو, لەسەردەمی حوكمڕانیدا فرۆكەی و ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی و قافڵەی پاسەوانی ئاشكراو نهێنی وەك سەرۆكەكانی دیكەی نەبوو, تەنها ئۆتۆمۆبیلە بۆقییەكەی ئامرازی گواستنەوەی بوو, لە ئۆكتۆبەری 2015 كە چووە ئەستەمبوڵ لە میوانخانەیەكی 3 ئەستێرەیی خۆی و هاوسەرەكەی دابەزین, هەرچەندە  كار بۆ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای دەكات وەلێ هاوكات سۆسیالستێكی نێونەتەوەییشە, یەكێكە لە ئەستێرەكانی كۆڕبەندی ساوپاولۆ , كە پارت و بزووتنەوە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین لە ژێر چەترەكەیدا خۆیان رێكخستووە, هەرچەندە قسە لە روەوەو زۆر لێدوانی توندی دژ بە سەركردە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین  داوە بە بزنی شێت و كوێرەو شتی وا ناوزەدیانی  كردووە, لێ لە كاتی كێشەكاندا هاوڕێیەكی بەوەفایان بووە, لە زیندان سەردانی لۆلای كرد و پشتیوانی بۆ دەربڕی, پشتیوانی حكومومەتی فەنزویلای كرد بەرامبەر شەڕی ئۆلیگارشییەكانی ناوخۆو ئەمەریكا, تا گەیشتە هاوسۆزی دەربڕین بۆ گەلی كورد لە باكوری كوردستان, لە هەركوێیەك پێویست  بكات ئەو ئامادەیە.

هەمیشە  لە پێشەوە

مۆخیكا لە ساڵی 1994 وەك ئەندامی پارلەمان هەڵبژێردرا, لە ساڵی 1999 وەك ئەندامی ئەنجومەنی پیران , لە ساڵی 2004 زۆرترین دەنگی لە لیستی بەرەی بەرفراوان هینایەوە ,لە ساڵی2005 بووە وەزیری سامانی ئاژەڵ, لە ساڵی 2008 لە وەزیری دەستیكێشایەوەو  گەڕایەوە ئەنجومەنی پیران .

مۆخیكا لە هەڵبژاردنی 25ی ئۆكتۆبەری سەرۆكایەتی ئۆرۆگوای كە 89,9%ی دەنگدەران بەشداریان تێیدا كرد لە كۆی 2563397 دەنگدەر 2303336 كەس پشكداریان كرد لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا 1093869 كەس كە دەیكردە 49,6%ی دەنگدەران دەنگیان پێی داو نزیكترین پاڵێوراو نیوەی دەنگەكانی ئەوی هێنایەوە لە ناو 5 پالێوراوەكەی سەرۆكایەتی, لە خولی دووەمدا كە لە 29ی نۆڤەمبەری 2009 ئەنجامدرا توانی بەهێنانی 1183503 دەنگ كە دەیكردە 54,8% دەنگدەران بیباتەوە, هەرچەندە زۆربەی كاندیدەكان لە دژی هاوپەیمانیەتی موقەدەسیان پێك هێنا.

چەپ و حوكمڕانی لە ئۆرۆگوای 

ئۆرۆگوای لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2002 بەهۆی دابەزینی ریالی بەرازیلی ونەخۆشی تای مانگاو قەیرانی دارایی ئەرجەنتینەوە تووشی داڕمانی ئابووری هات, داهاتی نەتەوەیی بە رێژی 11%دابەزی ,بێكاری بە رێژەی 20% بەرز بوەوە بە تایبەت لە ناوچە لادێیەكان , 40%ی هاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر هێڵی هەژراری دابەزی, لە ساڵب  1930 دا ئۆرۆگوای یەكێك بوو لە 10 وڵاتە  دەوڵەمەندەكەی جیهان, هاوكات یاسای گرنگی هەبوو وەك 8 سەعات كار لە رۆژێك, پشوی دایكایەتی ,بۆیە  ناونرابوو سویسرای ئەمەریكا, داهاتی تاك لە دابەزینی بەردەوامدا بوو, بە ناچاری وڵات 3,2 ملیار دۆلاری لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قەرز كرد, ئەم قەیرانە ئابورییە رێگای بۆ چەپگەراكان خۆش كرد تا تاباری فاسكۆیزی پزیشك و سۆسیالست خوازی ماركسیست لە 3ی ئۆكتۆبەری 2004 سەرۆكایەتی بەرەی بەرین بكات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات, ناوبراو لایەنگرێكی سەرسەختی هەژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت بوو, كە گەیشتە دەسەڵات دەرگای كۆشكی كۆماری  بۆ هەژاران خستە سەر پشت, ئەوەی شایانی باسە  لە ساڵی 1994  هەردوو پارتی ركابەری سەرمایەداری دەسەڵاتداری  پێشوو یەكیان گرت دژ بە بەرەی بەرفراوان بۆ ئەوەی نەگات بەدەسەڵات كاتێك تاباری فاسكۆیز مایەوە  بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن.

خۆسێكا مۆخیكا ناسراو بە بیبی پشتیوانی فاسكۆیز بوو, تەنانەت ئەم گەریلایە لە كاتی سوێندخواردنەكەی لە تەنیشتییەوە بوو, چەپەكان پاش بە دەسەڵات گەیشتنیان لە نۆفەمبەری 2006 هەموو قەرزەكانی سندوقی دراوی جیهانیان دایەوە و رێككەوتننامەكەی لە گەڵیا هەڵوەشاندەوەو بێكارییان كەمكردەوە , هاوكات لەسەردەمی فاسكوێزدا سەرۆكی پێشووی وڵات ماریا بوردابیری و جەنەرال غریغۆریۆ ئەلزاریز زیندانیكران بەهۆی پێشیلكاری مافی مرۆڤەوە دژ بە تۆبامرۆسیەكان و چالاكانی سیاسی, ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی پەرتووكی لۆس ئەنیۆس ئۆسكۆرۆس 1967-1987 لە نووسینی مێژوونووسی ئەمەریكی سكوت مایرز رویدا.

كاتێك خۆسیە مۆخیكا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری راستگەراكانی ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئەم گەریلا ماركسیستە بگات بە دەسەڵات,  تەنانەت ركابەرە سەرەكیەكەی لویس لاكای لە هەڵمەتەكەیدا بە رابردووی تۆبامارۆسیەكەی ویستی نەیارەكانی بترسێنێت و لە خۆی كۆیانبكاتەوە , لێ  هاووڵاتیانی  ئۆرۆگوای سەیری مۆخیكایان وەك گەریلای تۆبامارۆس و وەك سیاسیەكی میانەڕەو دەكرد لەم نێوەدا دابەش ببوون بەسەر دووبەرەدا, توندڕەو و میانەڕەو , بە تایبەت لایەنگرانی ئەو لە كرێكاران و جوتیاران پێك دەهاتن و چاوەڕوانی گرتنە بەری سیاسەتێكی ئابووریانەی رادیكاڵیان لێدەكرد , مۆخیكا وتی  من وەك تۆبامارۆس  هەڵنەبژێردراوم, وەلێ نكۆڵی لە رابردووم ناكەم, كە راستگەراكان  دەسەڵاتیان بەجێ هێشت پاش ئەو قەیرانەی وڵاتی تێكەوت, بەرهەمی نەتەوەیی داڕمابوو بۆ 12,067 ملیار دۆلار لە ساڵێك,كە بیبی كورسی سەرۆك كۆماری جێ  هێشت  بەرهەمی نەتەوەیی وڵات گەیشتە  40,285 ملیار دۆلار , بیبی تەنها ژیانی خۆی چاك نەكرد, باری ژیای هەمووانی گۆڕی, بۆیە جێی خۆیەتی بە باوكی راستەقینەی گەل ناوببردرێت, ئەو ناوە تەنها پڕ بە پێسستێتی سیاسییەكی ئەفسوناوی ئاوایە.

ئێستا دوای مەرگی بیبی, كە ئۆرۆگوای بەجێهێشت, پۆستی سەرۆك كۆماری و پارێزگاری پایتەختیان بە دەستەوەیە.

ئەزموون لە بیبییەوە 

14 ی "ئابی 2018" سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای مۆخیكا ناسراو بە بیبی، وەك هەمیشە، جارێكی دیكە خۆی ئۆتۆمبێلە شینە بۆقییەكەی بونەوە سەردێری هەواڵەكانی جیهان، وەك سیاسییەك جیا لەوانی دی نیشان درایەوە، پاش ئەوەی دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران كێشایەوە بێ وەرگرتنی خانەنشینی، كە لە ساڵی 2014 ەوە ئەندامی ئەنجومەنەكە  بوو، هەرچەندە خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی ئەنجومەنی پیران خۆی لە خۆیدا نیشانەی سادەیی ئەم سیاسەتمەدارەیە كە بە باوكی هەژاران لە وڵاتەكەیدا ناسراوە، پێشتر سەرۆكی وڵات  بوو, ناوبراو رایگەیاند لە ئێستا بەدواوە خۆی تەرخان دەكات بۆ كاری سیاسی بزووتنەوەی بەشداری گەل (MPP)،

بیبی باوەڕی وایە , ئەوەی عاشقی پارەیە جێگای نییە لە سیاسەت, منیش ئەوەی بۆ زیاد دەكەم بەتایبەت لە بزاڤی چەپدا جێگای عاشقانی پارە نابێتەوە, لە نێوان گیرفانی خود و گیرفانی گەلدا دەبێت وەك بیبی گیرفانی گەل هەڵبژێردرێت, چەپەیاتی تەنها ریزكردنی وشەی دادپەروەری و یەكسانی نییە, تەنها بوون بە ئەندام لە پارتێكی شیوعی یان ماركسی یاخود سۆسیالستی نییە, بەڵكە سەرەتا كوشتنی ئارەزوە كەسییەكانە  و تاواندنەوەیەتی لەناو داخوازەكانی خەڵك, خود بۆ خەڵك, نەك خەڵك بۆ خود, چەپایەتی پێش ئەوەی فكر بێت پەیمانێكی ئەخلاقییە, دیارە بە بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دروست نابێت, بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەش ئەگەر ئاكارو رەوشت و هەڵسوكەوتی شۆڕشگیِڕانە بەرهەم نەهێنێت ئاكامی داڕمانە.

بیبی رۆیی وەك جەستە, وەلێ وە ئاكار سەلماندی سەرۆك دەتوانێت دیوارو پەرژینی كۆشك و ماڵەكەی لە گەڵ خەڵك بڕوخێنێت, زیندانەكان بكات بە باخچەی گوڵ و رێحانە, نەك باخچەكان بكات بە بەنزینخانە.