پیشانگای هاوبەشی هونەرمەندانی كوردستان

سەڵاح جەلال 

بۆ هەموو پرسیار و گەڕانێك دەبێت بچینەوە بۆ كەلتور، چییە و چۆنە؟ چ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە هەیە؟ لە كوێوە دەستپێبكەین؟ چۆن ئێستا و رابردوو بۆ ئایندە ئامادەبكەین،؟ چۆن لەناو گۆڕانكارییە هەنوكەییەكاندا خۆمان بدۆزینەوە؟ چۆن باس لە شوناسی رۆشنبیری بكەین؟! لە كاتێكدا رۆشنبیری كوردی تووشی دەیەها گرفت و قەیرانی جۆراوجۆر بووە. شوناسی ئێمەیش بەجۆرێك مینڕێژكراوە ناتوانین بیر لە خۆمان بكەینەوە. (من بیردەكەمەوە كەواتە من هەم)ی دیكارت سەرقاڵی كردووین، چۆن لەم چەمكە فەلسەفییە قووڵە دەردەچین و بەڕووی جیهان و پێشكەوتنەكاندا دەكرێینەوە دایەلۆژی تایبەت بەخۆمان دادەهێنین؟ ئەمەیش بەداهێنان دەكرێت لە بوارەكانی فیكر و مەعریفەدا و بتوانین هۆشمەندی یەكەیەكی ئەدەبی لە نێوان خوێنەرەكاندا دروستبكەین. چۆن بتوانین لەو پەیوەندییەوە بەشداری لە یەكگرتنی كەلتورەكاندا بكەین؟ چۆن بەرەو جیهانێتی بچین و بتوانین هاوبەشی كەلتورەكانی جیهان بكەین؟
پێشانگای هاوبەشی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان
نمایشی هاوبەشی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە پۆڵۆنیا بە رێكخەری (ڤاچلاڤ كوچمە) بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئۆكرێنگۆڤی شاری بیدگۆشی پۆڵۆنیاو بەسەرپەرشتیاری رێكخەر و بیرۆكە و كاركەری فێستیڤاڵ (زیاد رەئوف) نوێنەری حكومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا و بە سپۆنسەری سەرۆكی هەرێمی شاری بیدگۆشی پۆڵۆنیا، لە رۆژی 25/11/2022 سەعات شەشی ئێوارە فێستیڤاڵی ( كوردستان روخسارەكانی رزگاربوون) دەستیپێكرد. بەدروشمی كەلتور و هونەر پەیوەندی بەبوونی نەتەوەوە هەیە. بەپرسیارەكانی نەتەوە و شوناس و ئازادییەكان و هونەری فرەلایەنە بۆ كۆمەڵێك لەو هونەرمەندانەی كورد، ئەوانەی رۆڵی پێشەنگیان لەسەر ئاستی جیهانێتی هەیە و هۆڵە گەورەكانیان بۆ دەكرێتەوە و توانیویانە لەڕێی هونەرەكانیانەوە شاراوەكان و دەنگ و هاوارەكانی ژێر زەوی و جەستەی خەڵوزی هەزارەها مرۆڤی سڤیل بهێننە قسە لەوانەی بەزوڵم و زۆر بەكۆمەڵی زیندەبەچاڵ كران، ئەو دەنگانەی لە تابلۆكانەوە گوێی جیهان كەڕ دەكەن.
لەم پیشانگایەشدا مایكل ئەنجیلۆ ئامادەگی هەیە، پەیكەرەكەی موسا دەدوێنێت، دەبێت زیندوو بووبێتەوە؟ ئەم پانۆرامایە تەواوی پۆڵۆنیای گرتۆتەوە.
بەو وێنا بوونە فەزاییەوە فەزایەكی ناشێوەیان خستەوە ناو ئەو واقیعەی لێوەی دروست ببوو. فەزایەك وەك گڕكان لە هاوار و دەنگ و هەناسەی هەزارەهاوە شەبەقیان خستە ناو زەوی و لە خاكی پۆڵۆنیاوە لە هونەری شێوەكاریدا ئامادەبوونەوە: ئێمەین هاتووین بۆ نمایشی شانۆیەكی جیهانی ئەوانەی زیندەبەچاڵ كراین: 
ئێمەین نەوەی كاروانی سوور
((ئێمەین نەوەی توانەوەی كاروانی سوور/ گڕی ئەتۆم نوقمی خاك و خۆڵی كردین / بە ئەفسانەی سێزیف و پێچەوانەی ئۆدیبەوە/ لەباوك یاخی بووینەوە/ تێزابمان گۆڕی بەباران/ لەسەردەمی تەكنەلۆژیاو ئەتۆمەوە/بەپەلكە زێڕینەی گزنگەوە هاتینەوە/ مۆنۆمێنتی كوردستانمان بە رۆح نەخشاند))
بەو جۆرەش فەزای ناشێوەیی پانۆرامای هەموو ئەو رۆح و جەستانە دەكات لە ژێر خۆڵەوە چەكەرەیان كردۆتەوە و بەو جلوبەرگە كوردەوارییەی زەمەنی مەرگەوە، بەشاڵ و رانك و چۆغە و جامانە و چەفتە و سەرپۆش و كڵاو و پاتەی لاستیك و مێخەك و گۆبەرۆك و هەموو كاڵا كوردەوارییەكانی خۆیانەوە، كە بەرەنگی خۆڵەوە تێكەڵ ببوون لە مۆزەخانەكەدا لە رێی رەمز و ئاماژە و ئیقونە و نیشانەوە ئێمەو ئەوان دەدوێننەوە:
- ئێمە ئەو دەنگانەین هاوارەكانمان گەیشتە ئاسمانەكان، تونێلەكانی جیهانمان بڕی، بەتەزووی فیزیاییەوە تێكەڵاوی بوون بووینەوە، ئێمە هاوار و بانگەشەی مرۆڤایەتیمان هەڵگرتووە و كاروانی كۆچی سووری نەتەوەیەكی ژێر دەستەین.
لێرە لە مۆزەخانەی ئۆكرێنگۆڤی شاری بیدگۆشی پۆڵۆنیاوە لە تابلۆی هونەرمەندانی كوردەوە، بەفڵچە و بۆیاخەكانیان شیرەخۆرە و ساواو ژن و منداڵ و پیرو لاو و گەنج زیندوو دەبنەوە. ئەوە ساوایەكە بۆ مەمكی دایكی دەكڕوزێتەوە و دوو دەنگ و هاوار لە خۆڵەكەدا خنكاون هەناسەیان دەكوژێتەوە و كچان بە وێنەی عیشقی عاشقەكانیانەوە تەزوو دەیانگرێتەوە.
مۆزەخانە وێنەیەكی رۆژی حەشرە مرۆڤەكانی ژێر زەوی دێنەوە سەر تەختەی شانۆ و لە هونەردا ئامادەگیان هەیە، ئەوان بەتۆڕی پرسیارەكانیانەوە ئێمە دەدوێنن و دەڵێن: ئێمە بە ئەنفال ناونراوین، لەژێر ناوی ئەنفالدا زیندەبەچاڵ كراین، جینۆسایدی دەوڵەتێكی تر نەبووین رۆڵەی ئەو خاكە بووین و حكومەتەكەی خۆمان خستینیە ژێر خاكەوە، ئێمە نەوەی مەرگەسات و زیندە مەرگین.

گرنگی ئەم پیشانگایە لە چیدابوو؟
گرنگی ئەم پیشانگایەیش لە سەرەتای پێشوازیكردن و ئامادەكارییەكانی بەرپرسانی حكومەتی پۆڵنداوە دیاری دا. لەگەڵ جێگری سەرۆكی هەرێمی پۆڵۆنیاو و پارێزگاری بیدكۆشج و بەڕێوەبەری مۆزەخانە كۆبوونەوە، هەریەكە لەوان و وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان حەمەی حەمەسەعید وتاری گرنگیان لەسەر هونەر و پەیوەندی و هاوبەشیان بە خەم و ژانەكانی كوردەوە پێشكەشكرد. جگە لە ئامادەبوونی رێژەیەكی بەرچاو لە رۆشنبیران و هونەرمەندان، پێشبینیكراو نەبووە بەو جۆرە ئەوەندە ئامادەیی هەبێت، بەجۆرێك هەتا ئێستا پیشانگایەكی تایبەتی بۆ هونەرمەندانی كورد لەو شێوەیە نەكراوەتەوە. هەروەك هونەرمەندی كورد جەلال رەئوف لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە كردنەوەی پیشانگاكەدا ئاماژەی پێكرد: بەچاوی بایەخ و بەردەوامییەوە پیشانگای كوردستانمان بۆ رۆژنامەنووسەكان كردەوە. هەروەها زیاد رەئوف جەختی كردەوە هەتا ئێستا بەشداریان نەكردووە لە پیشانگایەكی لەو جۆرەی ئێستا، بەم شێوازە چڕەی جێگەی بایەخدان بێت بۆ هونەری كوردی.
ئەم پیشانگایەیش ریشاڵێكی قووڵی هەیە، لای زۆر لەو هونەرمەندانەی توانیویانە بە هونەرەكەیان جیهان تێبگەیەنن و ئەو جەستانە بهێننەوە قسەو وەك تابلۆكەی ئەنجیلۆ واهەست بكات موسا زیندوو بۆتەوە.
سەرەتا دكتور عوسمان ئەحمەد بە ناوی بەشداربوانی كوردەوە وتارێكی پێشكەشكرد، ئەو كەسایەتییەی لەگەڵ تەوژمی ئەنفالدا ژیا و تریشقەی هاوار و گریە و وێنەی مەرگەسات روانین و بیستنی گرتووە و لە ئێران چەندین پیشانگای بۆ ئەنفالكراوەكان كردەوە و دواتر توانی بگاتە ئەوروپا و لە لەندەن تابلۆكانی لە باشترین مۆزەخانەی تایبەت بەجینۆساید دابنرێت و هەموو جیهان لە تاوانی ئەنفال هۆشیار بكاتەوە. ئەم وتارەیش لەلایەن زیاد رەئوف بە زمانی پۆڵەندی وەرگێڕدرابوو، هەر لەو رێو رەسمەدا دكتۆر عوسمان ئەحمەد دیسان ماكێتی مۆنۆمێنتی ئەنفالی پێشكەشكرد، بەڕێوەبەری مۆزەخانەكەیش بڕیاریدا لە شارەكەیاندا وەك شاری سلێمانی بەشێوەی مۆنۆمێنت دابنرێت. هەروەها بڕیاریش درا لە چوارچێوەی ئەو چالاكیانەی فێستیڤاڵەكەدا زنجیرەیەك سیمینار و دیدار و نمایشی فیلم بكرێت  لەسەر رەوشی ئەدەب و هونەر لەهەر چوار پارچەی كوردستانداو بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوامیان پێبدرێت.
گەشەپێدانی كەلتورەكان و رۆڵی هونەر
بەشێوەیەكی گشتیش ئەم فێستیڤاڵە ناوەڕۆكێكی بەهێزبوو بۆ گەشەدان بە یەكگرتنی كەلتورەكان و رۆڵی هونەری وێنەكێشان لە پێشكەوتن و خێرا گەیاندن و دروستبوونی پەیوەندی نێوان نەتەوەكاندا. هەروەها بەشداربوانی كورد داوای ئەوەیان لە سەرۆكی مۆزەخانە و كاربەدەستانی تری ئەو وڵاتە  كردووە، داواكانیان بگەینرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو هاوكاری و پردە كەلتوریی و هونەری و پەیكەرسازی و وێنە كێشانە لە نێوانیاندا بەردەوام بێت.
شیاوی وتنە پیشانگاكە بەتابلۆ و كاری هونەری كۆمەڵێك هونەرمەندی كورد رازابووەوە، بریتیی بوون لەم هونەرمەندانە: (ئەحمەد نەبەز، ئاری عەتا، ئازاد كەریم محەمەد، ئازاد نانەكەلی، بەرهەم هاجۆ، بەڵدین ئەحمەد، بەیان جاف، چیمەن ئیسماعیل، دارا مەحمود عەلی، ئیبراهیم عەلی پور،  فوئاد عزیز، هەڤین عەلی سلبی، جەلال رەئوف، جەمال پێنجوێنی،خەیری ئەدەم، ملڤا عومەر ئەمینی، محەمەد عەریف، مۆرازۆ جاجان، نامۆ مەحمود، روستەم زادە، نیعمەت شەباب، نۆریم ئیسماحەمیدی، عوسمان ئەحمەد، هۆشیار كاكل ئەحمەد، رۆستەم ئاغالە، روشدی ئەنوەر، ساكار سلێمان، شوكور سەعید، سلیمان شاكیر، تەنیا رازچید، وەلید سیتی، یونس مەحمود، یوسف سەلاح سیزی، زهرا دۆگان). كە زۆربەیان ڤیزەیان پێ نەدراوە هەتا ئامادە ببن، ئەمەیش بۆتە هۆكاری ناڕەزایی و هەموویان رەخنە و گازندەیان هەبووە بۆچی ڤیزەیان پێنەدراوە و بەشدارییان نەكردووە.
دوا جاریش هەموویان ئامادەگیان هەبووە هەر لە وەزیری رۆشنبیری و نوێنەری باڵا لە هەموو حكوومەتە خۆجێیەكانەوە ئامادە بوون، لە پارێزگار و دەستەكانی رۆشنبیری و چەندین وتاریش خوێندراونەتەوە هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، پشتیوانی لە هونەرمەندانی كوردو كێشەی رەوای نەتەوایەتیی بكرێت، پردێكی رۆشنبیری كەلتوری دروست بكرێت، و پیشانگاكە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەك بووە و خوانی ئێوارەی ئەو رۆژەیش لەلایەن شارەوانییەوە ئامادەكراوە.
بەم جۆرەیش ئەم فێستیڤاڵە بەردەوامە و بۆ ماوەی سێ مانگ لەبواری سینەماو شانۆ و بوارەكانی تردا دەبێتە فەزایەكی سەرسوڕهێنەری كەلتوری لە نێوان كوردستان و پۆڵۆنیا و ئەم پەیوەندییەیش بەردەوام گەشەی زیاتر دەكات لەبواری بەیەك گەیشتنی كەلتورەكاندا.

 

 

سەرچاوە: knwe