فارس نەوڕۆڵی
ئەم پرسیارە تەنها بۆ یەک حزب نیە، بەڵکو بۆ ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە بۆ چەپ و ڕاست و ناوەڕاست، چونکە هەر حزبەو بەپێی هێزی خۆی پشکی لەم هەلومەرجەدا هەیە، هەر چەندە پێش وەڵام دانەوەی پرسیاری ئێمە لەکوێین دەبو حزبەکان وەڵامی پرسیاری ئێمە کێین؟ وەڵام بدەنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی نەیانتوانی وەڵامی پرسیاری ئێمە کێین؟ بدەنەوە بۆیە نازانن ئێستا ئێمە لەکوێین لەکوێی ڕەوایەتی هێزو هێزی ڕەوایەتیداین ئاخر وەڵامی ئەو دو پرسیارەمان نیە بۆیە بەردەوام لەخلیسکانداین.
ئەو دو پرسیارە زۆر گەورەن و ئەقڵی گەورەو بیری قوڵی دەوێت، نەک سەرقاڵ بون بەگەمەی بچوکی یەکتر شکاندنەوە لەڕاستیدا من وەک نیشتیمان پەروەرێک ئەو مافە بەخۆم دەدەم ئەم پرسیارە لەحیزبەکان بکەم و بیانخەمە ژێر بەرپرسیارییەتیەوە چونکە ئایندەی ئەم نەتەوەیەو نەوەکانی بەستراوە بەڕەفتاری حیزبەکانەوە، بۆیە هەست بەمەترسییەکی ترسناک دەکەم.
ئێمە ماوەی ٣٢ ساڵە هەلومەرجێک خولقاوە لەگەمەی ناوچەکەدا تۆپ بەپێی ئێمەوە بێت، ئیتر کەگۆڵمان نەکرد تاوان لای هاندەرەکانمان نیەو پەروەردەکەمان هەڵەی تێدایە ئەگینا هەلومەرجێک بۆ ئێمە ڕەخسابو دەتوانرا زۆر کاری گەورە ئەنجام درێ ،ئەوە ٣٢ ساڵە دۆستەکانمان بەری ڕۆژیان گرتوە، بۆ ئەوەی چیای سەهۆڵینی کورد نەتوێتەوە کەچی خۆمان لەبنەوە پەرمێزمان بۆ تاو داوە تا بتوێتەوە. ئێستاش کەوا ماوینەتەوە هاوکێشەی بەرژەوەندی هێزەکانە نەک هێزی خۆمان چونکە دنیای ئێمە ئەوەندە لەیەک ترازاوە بەرەوداڕزان دەڕوات .
بەڕێزان قسە ڕۆشتوانی ناوحزبەکان،
لە دوای ڕوخانی بەعسەوە هەمو جیهان چاوەڕوانی لەکورد ئەوەبو کاری زۆر گەورەو مێژوی ئەنجام بدات ، چونکە ئەوان لەکارەساتە گەورەکانی ئێمەوە چاوەڕوانییان لێمان هەبو ( لە هەڵەبجەوە، لە ئەنفالی گەرمیان و گەرمیانیەکان و بارزان و بارزانیەکان و ئەو هەمو ستەمەی لە کورد کرابو).
بۆیە ئەوەندە هێزیان بە کورد بەخشی کە هەژمونی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا هەبو، ئەی ئێستا لەکوێین؟ وەڵامەکە لای بەندەو سەدانی نیشتیمان پەروەرهەیە، بەڵام دەسەڵات لای ئێمە نیە، بۆیە دەبێ قسە ڕۆیشتوی ناو حزبەکان وەڵام بدەنەوە.
بێ وەڵامی پرسیارەکان هەلومەرج وەڵام دروست دەکات وەڵامێک مەرج نیە لەبەرژەوەندی کوردبێت بۆیە پێویستە لەسەر هەمو حیزبەکان عینادی و ئیرادە لێک جیاکەنەوەو دروست ئەوهەلومەرجە بخوێننەوە کەمتەرخەم نەبن لە قورسایی ئەم مەترسییەو لەم هەلومەرجە تێبگەن و مێژو بخوێننەوەو سودی لێوەر بگرن. تکایە تێبگەن کەدارستان گڕی گرت ئاگر ناپرسێ کێ فیلەو کێ زەڕافەیە .
سەرچاوە : خەندان