د. سەعید عەلی محمد
وتار هونەرێكە لە هونەرەكانی دواندن و پەیوەندی ، لەلایەن فەیلەسوفەكانی یۆنانیشەوە بایەخێكی گەورەی پێدراوە ، بە هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش (وتار) گرنگی زیاتری پێدراو ڕۆژی هەینی تایبەت كرا بە پێشكەشكردنی وتاری هەفتانەی موسڵمانان و كرا بە یەكێك لە پایەكانی بەجێهێنانی نوێژی نیوەڕوان لە ڕۆژی هەینیدا!
ئەگەر تەماشای ڕابردوو بكەین دەبینین هەر وتارەكەی (تاریقی كوڕی زیاد) بوو ئەندەلوسی ڕزگار كرد ، وتارەكەی (حەجاج) بوو ئاگری ئاژاوە و فیتنەی كوژاندەوە و وڵاتی عێراقی ملكەچ كرد ، كاتێك (ناپلیۆن) پەلاماری ڕووسیای دا وتارەكانی (فیختە) بوون شكۆ و ئازادییان بۆ ڕووسیا گەڕاندەوە ، ئەو وتارانەی كە وەك (معلقات) وابوون و قوتابیان لە قوتابخانەكاندا لەبەریان دەكردن!
لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا هەندێك پێیان وایە (وتاری هەینی) بۆ سەردەمی ئێستا گونجاو نیە و لەسایەی ئامێرە كاریگەرە خێراكانەوە بۆتە بەشێك لە ڕابردوو، بەتایبەت كە زانیارییەكان و ڕاستییەكان و ڕاوبۆچوون و فەتواكان زۆر بە ئاسانی و لێشاوو خێرا بڵاودەبنەوە و بەردەست دەبن!
بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئامڕازە ئیعلامیە بانگخوازییە بڕبڕەی پشتی كاری بانگخوازیی ئیسلامیی بووە و، وتاری مزگەوتەكان هەمیشە ئامڕازی پەیوەندیی و كاریگەر بوون بۆ بڵاوكردنەوەی ڕاستییەكان و پیشاندانی ڕووی جوان و گەشی ئاینی ئیسلام و، وتاربێژانیش هەمیشە لایەنی سەرەكی گفتوگۆ و دەردەشە و مامەڵەكردن بوون لەگەڵ ئێش و ئازارو گرفتەكانی كۆمەڵگەدا.
ئەوەی لەم نوسینەدا دەمەوێ تیشكی بخەمە سەر ئەوەیە : وتاری هەینی وەك هەر ئامڕازێك لە ئامڕازەكانی بانگخوازیی ، هەروەها ئەدای وتاربێژانی مزگەوتەكان وەك ئەدای هەر كارو چالاكیەكی بانگخوازیی تر پێویستیان بە گۆڕانكاریی و تازەگەریی و پێداچوونەوە و گونجاندن هەیە لەگەڵ سروشتی ڕۆژگارو گۆڕانكاریی گەشەسەندنە خێراكان.
لێرەدا دەپرسین : گۆڕانكاریی و تازەگەریی لە وتاری هەینیدا چۆن دێتە دی؟ وتاری هەینی چۆن پەیامی خۆی بەجێ دەگەیەنێ لە قۆناغ و سەردەمێكدا كە هەموو ئاسمانەكان و ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خورافیانە بەڕووی مرۆڤایەتیدا واڵا بوون؟! وتاربێژان چۆن گەشە بە ئەدای هونەریی وتاربێژیی بانگخوازیی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی زۆرترین كاریگەری لەسەر جەماوەر دروست بكەن و متمانەی زیاتری خەڵك بەدەست بهێنن و، لە ئاست پێشهاتە نوێكانی دنیای موعجیزە خوڵقێنەری ئەمڕۆدا بن؟!
لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بە كورتی ئاماژە بەم چەند خاڵەی خوارەوە دەكەم :
یەكەم : مەیدانی كاری ئیسلامیی و ئەداكردنی ئەركی بانگخوازیی مەیدانێكی ئێجگار گرنگ و فراوان و هەستیارە و پێویستی بە كەسی پسپۆڕو شیاو و زاناو بانگخوازی لێهاتوو و شایستە هەیە ، مامۆستایان و وتاربێژانی ئاینیش بە تەنها بانگخوازی ئیسلامیی نین ، بەڵكو ڕابەرو ڕێنمایی كەری ڕۆحیی و كادیری پەروەردەیی و دەروونناسی كۆمەڵایەتین و چەندین ڕۆڵی گەورە و جیاواز دەبینن لە كۆمەڵگەدا ، جەماوەریش بە بایەخەوە تەماشایان دەكات و ڕۆڵ و كاریگەرییان دەنرخێنێ و، لە وردو درشتی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانیان پرسیاریان لێ دەكەن و بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ لایان ، لێرەدا ئەم ئەركە قورسە دەخوازێ ئەوان لەلایەك خاوەن زانستی شەرعیی قووڵ و قاڵبووی زانستە ئیسلامییەكان بن ، لەلایەكی ترەوە خاوەن هۆشیاریی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی سەردەم بن و، شارەزای زانستەكانی كۆمەڵناسیی و دەروونناسیی و سیاسەت ناسیی و مێژووناسیی و گەشەی مرۆیی بن ، چونكە – جیاواز لە ڕابردوو – ئەركی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغی ئێستادا ئاڵۆز و قورس بووە و، گەیاندنی پەیامی ئاینی و ڕۆحی بە تاكەكان بەبێ ئاوێتەكردنی زانستە شەرعییەكان بە زانستە مەعریفیە هاوچەرخە دنیاییەكان كاریگەر و سەرنجڕاكێش نابێ و ئامانجی خۆی ناپێكێ و سەركەوتوو نابێ.
دووەم : ووتاربێژان و بانگخوازان جگە لە زەروورەتی خۆ چەكداركردنیان بە زانست و مەعریفەی قووڵی ئایینی و ئەكادیمی ، بە هەمان شێوە پێویستە سوود و قازانج لە ئامۆژگاری زانایان و ئەزموونی كەسانی شارەزا و قاڵبووی بواری دەعوە و هونەری وتاربێژیی وەربگرن ، هەروەها پشت بەستن بەو كتێب و نوسین و بەرهەمانەی كە لەو بوارەدا ئامادە كراوون ، ئەوان پێویستە بەردەوام لە هەوڵی خۆبەهێزكردن و خۆپێگەیاندنی زیاتردا بن لە پیشە و هونەری وتاردان بە سوود وەرگرتن لەو خول و ڕاهێنانە نێوخۆیی و دەرەكیانەدا كە لەلایەن پسپۆڕو شارەزا و ڕاهێنەری نێودەوڵەتیەوە بە ئاستی باڵاو كوالێتی بەرز سازو ڕێك دەخرێن ، چونكە گومانی تێدا نیە هێزی دواندن و داڕشتنی ڕستە و هەندەسەكردنی دەنگ و وشەکان کاریگەریی سیحری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان بەجێ دەهێڵێ و كلیلی كردنەوەی دەرگای دڵەكان و هەژاندنی ناخەكانە بە تایبەت گەنج و لاوەكان.
سێهەم : جیهانی ئەمڕۆ جیهانی عەولەمە و زیرەكی دەستكرد و هەیمەنەكردنی تەكنۆلۆژیا و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانە ، بۆیە پێویستە بانگخوازان و مامۆستایانی وتاربێژ ببنە بەشێكی کاریگەرو سەرەکی و زیندووی ئەو جیهانە لەڕێی ئاشنابوونیان بە چۆنیەتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەرو ئەنتەرنێت و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان و كەرەستەكانی تری پەیوەندی كردن ، هەروەها بەتوانا و لێهاتوو بن لە چۆنیەتی گەیشتن بە زانیارییە گرنگ و پەیوەندیدارەكانەوە ، وریا و زیرەك و لێزانیش بن لە ئاڕاستەكردنی عەقڵانیانەی ڕای گشتی جەماوەر، نەك تەنها لەڕێی سەكۆ و مینبەری مزگەوتەكانەوە ، بەڵكو لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی وەك (فەیسبووك) و (تویتەر) و (ئینیستاگرام) و (واتساب) كە پەیوەندی نێوان ئەوان و خەڵك نزیك دەكاتەوە و، هەموو جیهانیشیان خستۆتە ژێر ڕكێفی ئەو كەس و لایەنانەوە كە لێزان و بەتوانا بن لە تەوزیف كردنی زیرەكانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بەكارهێنانی كەرەستە هاوچەرخەكانی پەیوەندی كردن.
چوارەم : بە مەبەستی دروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان مامۆستایانی ئایینی و كۆمەڵگە ، هەروەها بۆزانین و ئاگاداربوون لە ڕای گشتی نوێژخوێنان و، كەمكردنەوەی ناڕەزایەتیەكان و گلەیی و گازندەی خەڵك لە وتاربێژان و سروشت و ناوەڕۆكی وتارەكانیان و ڕادەی ڕەزامەندی گوێگرەكان لە تایتڵی وتارو ڕێژەی كاریگەری لەسەر خەڵكی ناوچەكە ، وتاربێژان دەكرێ پشت بە بلاوكردنەوەی ڕاپرسییەكی تایبەت ببەستن كە لە میانەی ئەو ڕاپرسیەدا دەیان پرسیار ئاڕاستەی بەشداربووان بكرێ و ڕاوبۆچوونیان وەربگیرێتەوە ، ئەمەش ببێتە هەنگاوێكی گرنگی بەخۆداچوونەوە و، دووبارە نەكردنەوەی خاڵە لاوازەكان و بەهێزكردن و بەپێزكردنی وتارەكان ، یان دەكرێ (گروپێكی واتساب) تایبەت بكرێ بە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وتاربێژو نوێژخوێنانی مزگەوت و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە گشتی ، وتاربێژ لەڕێی ئەو گروپەوە دەكرێ سێ بابەت بۆ وتاری هەینی داهاتوو بخاتە پێش چاو بەشداربووەكانی گروپەكە و، لە كۆتاییدا ئەوانیش بە وتوێژكردن و ڕێكەوتن لەگەڵ مامۆستاكەدا بابەتی گونجاوی وتاری هەینی دەستنیشان بكەن.
پێنجەم : بێگومان دەبێ ئەو شێوازە تەقلیدی و ڕێڕەوە كلاسیكیەی ئێستای وتاری هەینی بگۆڕدرێ ، چونكە ئەو شێواز و ڕیتمە كۆن و سواوە لەبواری بانگخوازیدا هیچ سوود و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نیە لەم چەرخەی ئێستاماندا كە هەموو جۆرە كەرەستە و ئالیەتێكی تری سەردەمیانە فەراهەم كراوە و لەبەردەستدایە ، هەروەها ئەو شتە فریودەرانەی كە زۆر خێراتر لە وتاری مامۆستایەكی ئاینی كاریگەرییان لەسەر دڵ و دەروونی گەنج و تازە پێگەیشتووەكان هەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەشەنەكردن و زیاد بووندان. لایەن و بەرەی بەرانبەر ئێستا بە دەیان و سەدان شێواز و توانا و كەرەستە و عەقڵی خەیاڵی ئەلیكترۆنیەوە هاتووەتە مەیدانەكەوە ، وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بە گشتی دەبێ بە هەمان ئەو چەك و كەرەستانەی ئەوان ڕووبەڕوویان ببنەوە ، دەبێ وتاربێژان پێش هەموو شتێك لەو ئاوەی ئەواندا فێری مەلە ببن ، بانگخوازان نابێ ئایین و دەعوە تەنها لە قاڵبێكی كیسەڵیی دا قەتیس بكەن كە لە مینبەرێكی پشت گوێ خراوەوە بە شمشێرێكی تەختەوە هاوار بكات و بانگەواز بكات.
لە ڕاستیدا وتاری هەینی دەبێ بە هەموو جۆرە زانست و فێڵ و تەڵەكە و شێوازی پێویستی سەردەمیانە بەهێز بكرێ و كاریگەر بكرێ و فۆڕمێكی تری جیاوازی بە بەردا بكرێ ، بۆ ئەوەی بتوانێ بەرانبەرەكانی بوەستێنێ ، وتاربێژی مزگەوت وەك چۆن بە میكرۆفۆنەكەی وتار دەدات ، پێویستە لەسەری تەكنیكە زانستی و مەعریفیی و سەلیقەكانی تری سەردەم بەكاربهێنێ.
شەشەم : مەعلومە هەینی و وتاری هەینی بەشێكە لە عیبادەت و پەرستشكردن و كۆنگرەیەكی ئیسلامی هەفتانەی باوەڕدارانە و، كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە ، ئەمەش وا دەكات باوەڕداران و بەشداربووانی ئەم مەراسیمە ئاینیە بە چاوی بەرائەت و پیرۆزی و تایبەت لێی بڕوانن ، بۆیە لەپێناو پاراستنی ئەو سوومعە و متمانە گەورەیەی كە لە ناخ و هیزرو دەروونی خەڵكیدا هەیە بەرانبەر ئەو پەرستشە ئاینیە دەبێت وتاری هەینی لە هەموو جۆرە پڕوپاگەندەیەك بۆ حیزبێك یان كۆمەڵێك یان هەر جۆرە ئاڕاستەیەكی سیاسی بەدوور بگیرێت بە دەسەڵات و حكومەتیشەوە! لەم سۆنگەیەوە پێویستە حكومەت و دەسەڵات لە هەموو دەستێوەردانێك لە كاروباری پەیوەست بە وتاری مزگەوتەكان و دیاریكردنی بابەت و جۆری وتار بۆ مامۆستاكان خۆی بەدوور بگرێت و، هەوڵ نەدات وتاری هەینی وەك پڕوپاگەندەیەك بۆ ئەجێندەكانی خۆی بقۆزێتەوە ، ڕاستە مزگەوتەكان و وتاربێژان و وتارەكانی هەینی لەژێری ئاڕاستەی وەزارەتی ئەوقافدان ، بەڵام ئەمە بە مانای بە كۆیلەكردن و لە قاڵبدانی مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژان نیە لە چوارچێوەی ئاڕاستەكانی دەسەڵات و، مامۆستایان و وتاربێژان بە ئارەزوو و میزاجی حیزب و دەسەڵات تەڵقین و قورمیش بکرێن و، وتاری هەینی وەک نەشرەیەکی حکومی هەفتانەی لێ بکرێت ، هەموو تاكێكی ژیرو عاقڵ و وریا و بە ویژدان دەزانێ ئەم جۆرە ڕیتمە مامەڵەكردنە فۆڕمێكی تری دیكتاتۆرییەت و خۆسەپاندنە و، لە قوڵایی ئەوروپا و مزگەوتەكان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناو جەرگەی پایتەختەكانی زلهێزەكانی دنیاشدا پەیڕەو نەكراوە !! لە بەرانبەردا وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی و وتارەكانیشیان هەروەك چۆن نابێت ببنە پاشكۆی دەسەڵات و سیاسەتەكانی ، بە هەمان شێوە نابێت ببنە پاشكۆی حیزبی سیاسی و، مینبەرو مزگەوتەكانیش بكەنە سەكۆیەك بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی و ختوكەدان و ڕاكێشانی هەست و نەستی جەماوەر بۆ لای حیزب و ئاڕاستەیەكی سیاسی دیاریكراو.
بەپێچەوانەوە بە پاشكۆكردنی مزگەوت و وتاری هەینی یان وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی بۆ حیزب و دەسەڵات جگە لەوەی ڕووی دەسەڵات لەلای جەماوەر قێزەون و ناشیرین دەكات ، بە هەمان شێوە (قەیرانی بێ متمانەیی) لەنێوان خەڵك و بانگخواز و وتاربێژە بە پاشكۆكراوەكاندا دەهێنێتە كایەوە و، وتارو چالاكی و كاری دەعوە و بانگەوازیش بە گشتی لاوازو لەكەدار دەكات و لە بەرهەم و قورسایی و كاریگەرییەكانیشی كەمدەكاتەوە.
سەرچاوە : سپیمیدیا