سەیران بەرزنجی
هەڵچنینی هیوا بۆ گۆڕانكاری لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە، تەنها لە سیستمە دیموكراتیەكان لەناو گەلانی زیندوو و هوشیار و ئازادا كە چاودێرن بەسەر حكومەت و پەرلەمانەوە ڕوودەدات، لەناو ئەو سیستمانەدا كە ئابرووی سیاسی بوونی هەیە، كە بەرپرسیارێتی بۆ ووشە و بەڵێنی كەسایەتیە سیاسیەكان گەرەنتی هەبێت، كاتێك میللەتێك ئەوەندە ووشیار بێت پچوكترین لێبووردنی بۆ دەست بردن بۆ موڵكی گشتی بۆ خیانەت بۆ هەڵەی سیاسی گەورەی نەبێت، هەڵبژاردن بۆ ئەو میللەتانەیە كە گیرۆدەی كۆیلایەتی و مێژوو پێ فرۆشتنەوە نابن، هەڵبژاردن بۆ ئەو میللەتانەیە كە گەندەڵ نەكراون، كە سەركردەی گەندەڵ و دز و درۆزنیان پی قبوڵ ناكرێت.
بەڵام هەڵبژاردن لەناو سیستمە كۆنەپارێز و خێلەكی و بنەماڵەیی و دكتاتۆریەكاندا كە بە درۆ و ڕووپۆشی دیموكراسی قێزەونترین یاری بە چارەنووسی میللەتەكانیان دەكەن، تەنها ئامرازێكە بۆ زیاتر چەسپاندنی ستەم و دەسەڵاتیان.
لە باشووری كوردستاندا، لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا هەموو جارێك میللەت دەكرێتە قوربانی سیاسەتی كۆنەقینی خەباتی شەست ساڵەی دووبەرەكی کەسایەتیە سیاسیەكان، وە هەر جارەی بە كارەساتێك ڕادەستی چارەنووسیكی نادیار دەكرێن..! هەڵبژاردن و گۆڕانكاری لەناو سیستمێكدا ناكرێت كە نرخی هاووڵاتی بوون وونە..! نەك جیاوازی لەنێوان شارەكان و زمانەكان دەكەن، بەڵكو گەورەترین جیاوازی لە نێوان هاووڵاتیاندا بە ناوی لایەنگری یان حزبی بووندا دەكرێت..!
سوودی هەڵبژاردن چیە؟ لەناو سیستمێكدا كە ناشرینترین داهێنانی لەسەر نرخ دانان لەسەر كەسەكان و كڕینی کەسایەتیەكان لە هەموو ئاستەكاندا جێبەجێ دەكات، بۆ بەدەست هێنانی ماف و دەستكەوتی زیاتر. لە سیستمی دەسەڵاتی باشووردا ستراتیجیەتی بێ بەها كردن و دوژمنایەتی تاكی كورد بەرامبەر بە یەكتری بە بەكارهێنانی هەمان سیاسەتی سەردەمی ڕژێمی بەعس پەیڕەو دەكرێت، هەر لە سیخوڕیکردنی هاووڵاتیان بەسەر یەكتری، حزبەكان لەگەڵ یەكتری، تەنانەت بە ئاشكرا سیخويی كردن بۆ درۆنەكانی ووڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدرێت..
بە تاقیكردنەوەی نەهامەتیەكان لە پرۆسەی ئیدارەدانی كوردیدا حزبەكانی كە بەشدار بوون لە دەسەڵاتدا بە جیاوازی بیر و بۆچوونەكانیانەوە، هەر لە بوونی دوو ئیدارەیی لە كاتی شەڕی ناوخۆدا یان بە هاوبەشی بوو بێت، بە جیاوازی لە دەستكەوت و پشکەكانیان؟
هیچ بەرەیەك هەیە شەق و داركاری لەگەڵ هاووڵاتیان بەكار نەهێنابێت؟
ئایا لایەنێك هەیە دەستی یان پشكی تاڵانی لە جەستەی نیشتماندا نەبێت؟
گرێدراو لەژێر فەرمانی ووڵاتانی دراوسێدا نەبێت؟
جگە لە هەڵڕشتنی ووشە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان نەبێت، گەورەترین درۆیە كە دەتوانرێت ڕێگە لە دزینی داهات و بودجەی حزب و موڵكدارێتی سیاسیەكان ڕابگرێت؟
كێ دەتوانێت ڕێگە لە قاچاخچێتی نەوت و سەرسنورەكان بگرێت؟
كێ دەتوانێت دەست بۆ هێزە چەكدارەكانی حزب بەرێت؟
چۆن بە متمانەی دۆڕاو هەمان عەقڵیەت و هەمان سیاسەت و كەسایەتیەكانیش چۆن پایەكانی سیستمی گەندەڵی هەڵدەتەكێنن، كە خۆیان بنیادنەر و پاڵپشتی بن؟
ئەو ڕاستیەی كە هەموومان دەیزانین، وە بووە بە عورفی سیاسەتی كوردی، هەر لە ماوەی چوار ساڵ جارێك هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی خەباتی كوردایەتی بەدەستی بكەرە سەرەكیەكان یان ئەوانەی تیایدا بەشداربوون یان شاهیدحاڵەكان لە زمانی خۆیانەوە بە بەڵگەوەهەڵدەدرێنەوە. لەبری ئەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنەكانیان بۆ جارێكیش بوایە باسیان لە چۆنیەتی گەڕانەوەی متمانە و سامانی گشتی و زەوی و گرد و ناوچە گەشتیارییە داگیركراوەكان لەلایەن حزبەكانەوە بۆ حكوومەت بكردایە..
بەڵام بەبێ سڵەمینەوە لە تیڤی حزبەكانیانەوە بە ئاشكرا باس لە كوشتنی دیلەكانی شەڕی براكوژی و ئەشكەنجەدانیان دەكەن.. لە یاداشت و کتێب و نامیلكەكانیاندا باس لە دەست نەپاراستنیان دەكەن لە داپلۆسینی براكان و چاڵ هەڵكەندن بۆ یەكتری، لەكاتێكدا لەژێر هەڕەشە و هێرشی بەعسدا بوون، وە تاوانباركردنی یەكتری بە چوونە بەرەی دوژمن و وەرگرتنی چەك و یارمەتی لە ڕژێمی بەعس یان ساواك یان میتی توركی بێت.. تەنها لەپێناو شوێن گرتنەوە و شەڕی كۆنەقین و قبوڵنەكردنی یەكتری و هەموو هەوڵێكیان بۆ سڕینەوەی یەكتریداوە.. پاشان دوای دەیان شكستهێنان بە میللەت و هەزاران شەهید، بەزەبر و لەژێرهەڕەشەی هاوپەیمانان و بەنێوەندگیری و لەبەرچاوگرتنی پەرژەوەندیە سیاسیەكانی هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و توركیا ڕێكەوتنی سیاسی ئەنجامدراوە، لە پێناو دابەشكردنی داهات و پلە و پۆست و دەستكەوتەكانیان بە شەراكەت حكوومەتیان پێكهێناوە.
پرۆسەی دیموكراسی لە باشووردا بەجۆرێك ئەتك كراوە، كە شەرم لەناوهێنانی دەكرێت، كاتێك كە حوكمڕانی ئەم هەرێمەدا سەرەڕای نەبوونی سیستمی پاشایەتی و شازادەیی بە تەواوەتی بە بنەماڵەیی كراوە لەناو دەسەڵات یان لە دەرەوەی دەسەڵات بن، تەنانەت ئەو حزبەی كە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بۆ كۆتایی هێنان بەم مۆدێلە دروست بوو، گەورەترین خیانەت و شكستی بە متمانە و تروسكەی هیوای گۆڕانكاری كوژاندەوە و ئەویش بوو بە پاشكۆی تەوریسی سیاسی. لەبەرئەوە یەك بچوكترین هیوامان بە هەڵبژاردن و گۆڕانكاری نییە، بەڵكو بە هەڵبژاردن هیچ شتێك ناگۆڕێت، گەر بناغەی پتەوی سیستمی گەندەڵی هەڵنەتەكێنرێت؟ كە یەكێك لە كۆڵەكەكانی ئەو سیستمە خودی پەرلەمان خۆیەتی، كە بووە بە سەرچاوەی زەمانەتی هەتاهەتایی بۆ دەوڵەمەند بوونی كۆمەڵە كەسانێك بە ناوی خانەنشینی كە جگە لە ئامانجی مسۆگەر كردنی داهاتووی خۆیان، نە كاریان بە پەرلەمان هەیە وە خۆیان ووتەنی نە ووشەیەك لە سیاسەت دەزانن؟ لەلایەكی ترەوە بێ بەهاكردنی پەرلەمان لە لایەن حزبەكانەوە لە یەكەم كابینەوە بە مەبەستی شكاندنی شكۆ و بێ دەسەڵاتكردنی لە بەردەم دەسەڵاتی حزبیدا، ئەوكاتەی پەرلەمان كرا بە خزمەتكاری حزب و شوێنی تێپەڕاندنی پرۆژە و بەرنامەكانی حزب، هیچ هیوایەكیان بۆ گۆڕانكاری نەهێشتەوە؟.
پەرلەمانێك جورئەتی محاسبەكردن و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر هێرشی داگیركاری و كاوڵكاریەكانی تورك یان سوپای پاسدارانی نەبێت؟ پەرلەمانێك بوە بە شوێنێك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهید و خزم و لایەنگر و دۆست و ئەحبابەكان، وە هەر لەگەڵ مسۆگەركردنی خانەنشینی زۆرینەی پەرلەماندارەكان واز لە سیاسەت دەهێنن و دەبەن بە بێ لایەن و خەریكی كاسبی خۆیان دەبن و بە ڕێكەوتیش باس لە سیاسەت ناكەن، وە تەماشەكەری بێدەنگی بارودۆخی سیاسین؟
ئەوەی لەبەرچاوی خەڵك و دۆستانی دەرەوەدا دەبینرێت و ڕوودەدات، كە بە ڕاستەوخۆی دەیان جار بە دەسەڵاتدارانی هەرێم ووتراوە كە پرۆسەی دیموكراتی و ئیدارەدانی هەرێم لە پاشەكشەكردنێكی زۆرمەترسیدار دایە لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كەی حزب وویستی دەرگای پەرلەمان دادەخات. ئەوەی چاوەڕوانی دەكەین ئەو حزبانەی كۆنتڕۆڵی داهات و دەسەڵاتیان لە دەستدایە دەنگ بهێنن یان نا، هاووڵاتیان دەنگ بدەن یان نا، دەستبەردار بوون یان دەستاودەستكردنی دەسەڵات بوونی نابێت، گەر نیوەكەی تری هەرێـمیش لە دەست بدەن، بە پەنابردنە بەر هاوكاری سەربازی ووڵاتانی دراوسێ (توركیا یان ئێران) بێت بۆ گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی، وەك چۆن پێشتر ئەم ئەزموونە كارەساتبارەیان پەیڕەو كراوە، وەیان هەر ڕێگە نادەن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، یان ڕەنگە لە ئێستاوە سندوقی پڕ لە دەنگەكان حازر كرابێت؟ یان گەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕەنگە دوای ساڵێك یان زیاتر وەك ئەزموونەكانی پێشتر ڕێگە بە پێكهێنانی حكوومەت یان رێكەوتن نادرێت؟ لەبەرئەوە چاوەڕوان دەكرێت كابینەی داهاتوو گەر پێكهات خراپی خراپترینەكان بێت، چونكە بەردەوام بوونی سیاسەتی جیاكاری و فەرامۆشکردنی هاووڵاتیان و نەدان و دواكەوتنی مووچەكانیان، بەهۆی گەندەڵكاری بەم شێوەیەی ئێستا، گەورەترین مەترسی دەبێت لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیدراڵی و، ڕەنگە سیستمی فیدڕالی پارێزگاكان، تاكە بەدیل و داواكاری خەڵك بێت لە داهاتوودا بۆ دابینكردنی مووچە و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی.
سەرچاوە : میدیای درەو