تورکیا هەوڵی هێنانی سەدان چەکداری بەکرێگیراوی ئیسلامی سوری بۆ هەرێمی کوردستان دەدات تا لەشەڕی پەکەکەدا بەکاریان بهێنێت.." سپی " ناونیشان و وێنەی چەکدارەکان بڵاودەکاتەوە
حکومەتی تورکیا هەوڵی هێنانی سەدان چەکداری بە کرێگیراوی ئیسلامی سوری دەدات تا لە هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە بەکاریان بهێنێت، ئەو چەکدارانە لە شاری عفرینی رۆژئاوای کوردستان کە چەند ساڵێکە تورکیا کۆنترۆڵیکردووە راهێنانیان پێدەکرێت، ماڵپەڕی " سپی " ناو و وێنەی سەدان لەو چەکدارانە بڵاودەکاتەوە.
دوای بەدواداچوونێکی زۆر و وەرگرتنی چەندان سەرچاوەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ماڵپەڕی " سپی " دەستی گەیشت بە چەندان دۆکۆمێنت و زانیاری مەترسیدار کە حوکمەتی تورکیا لە پلانیدایە زیاتر لە ٨٠٠ چەکداری ئیسلامی سوری بە کرێگیراو بە جلوبەرگی سوپای تورکیاوە بهێنێتە هەرێمی کوردستان و بەکاریان بهێنێت بۆ شەڕی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەم هێرشەی ئێستادا کە لە ناوچەی ئامێدی و زنجیرە چییای مەتین درێژەی هەیە.
ماڵپەڕی " سپی " دەستیگەیشتووە بە بەڵگەنامەیەک کە ناوی ٤١٦ لەو چەکدارا ئیسلامییە بە کرێگیراوانەی تێدایە کە تورکیا لە پلانیدایە لە رۆژانی داهاتوودا بە نهێنی بیانهێنتە هەرێمی کوردستان، ئەم ٤١٦ چەکدارە لە کۆی نزیکەی ٨٠٠ چەکداری ئیسلامین کە لەلایەن تورکیاوە ناونوس کراون و بەسەر پەرشتی سوپا و میتی تورکی لە شاری عفرینی رۆژئاوای کوردستان مەشقیان پێدەکرێت.
ئەم چەکدارانە لەو گرووپە ئیسلامییە سوریانەن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیادان لە باکوری خۆرئاوای سوریا و لە چەند ساڵی رابردوودا تورکیا لە شەڕی داگیرکردنی عفرین و دواتریش داگیرکردنی سەری کانیە و گرێ سپی بەکاریهێنان بۆ شەڕکردنی دژی هێزەکانی سوریای دیمکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هێشتا وەجبەیەکی تری ئەم هێزانە لەلایەن تورکیاوە لە شاری عفرین راهێنانیان پێدەکرێت و راهێنانەکانیش زیاتر لەسەر چەکی بچووک و مامناوەندییە کە لە هێرشی پیادەدا بەکاردەهێنرێت.
تورکیا پێتریش سوودی لەم گرووپانە لە شەڕی لیبیادا وەک چەکداری کرێگرتە وەرگرتووەو، ئێستاش بە نیازە بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکانی سوپاکەی لەشەڕی سەختی ئامێدی و ناوچەکانی تری دهۆک بەکاریان بهێنێت و بیانێرێتە ریزی پێشەوەی هێرشکردن بۆ سەر شوێنە سەختەکانی چیاکانی مەتین و لە ئایندەشدا چیای گارە.
ماڵپەڕی " سپی " ناوی سیانی و ناونیشانی تەواو و وێنەی ٤١٦ لەو چەکدارانە بڵاودەکاتەوە، هەروەها هیچ لۆگۆیەکەی ناخەتە سەر بۆ ئەوەی میدیاکانی تر گەر بەلایانەوە گرنگ بێت ئازاد بن بەکاری بهێنن.
لەم لینکەوە ناو و وێنەی ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانە ببینە..
PM:05:33:08/07/2024
سەرچاوە : سپی میدیا