دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
لەبەرئەوەی نەتەوەی كورد، خاوەنی قەوارەيەكی سەربەخۆ و يەكگرتووی نەتەوەیی خۆی نەبووە و نييە، لە لايەكەوە نەيتوانيوە، ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووييەكانی خۆی تۆماركا. لە لايەکی ديكەشەوە، داگيركەرانی "كوردستان" هەميشە هەوڵيانداوە، ئەو مێژووە بشارنەوە و لەبير ڕۆڵەكانی كوردی بەرنەوە، يا بيشێوێنن و كورد لە مێژووی ڕاستەقينەی خۆی دوورخەنەوە. مێژوونووسانی خۆشمان، زۆر درەنگ هەستيان بە ئەم ستەم و فێڵبازيی و شێواندنە كردووە، يا لەبەر هەر هۆيە بووبێ، بايەخيان پێ نەداوە، هێندەی ڕاژەی زمان و مێژووی نەتەوە داگيركەرەكانی ديكەی "كوردستان"يان كردووە، هێندە بايەخيان بە زمان و مێژووی نەتەوەكەی خۆيان نەداوە. تا كەڵەپياوێكی مێژوونووسی گەورەی بلیمەتی وەك "شەرەفخانی بەدليسی 1543 ــ 1604" هەڵكەوتووە و هەستی بە ئەو كەلێنە گەورەيە كردووە، شاكارە گرنگ و پڕ بايەخەكەی خۆی، "شەرەفنامە"ی لە "1597"ی زایینیدا نووسيوە، بە ئەو شیکردنەوە نەتەوەییەش هەوڵيداوە، تاپۆیەكی مێژوويی بۆ خاكی "كوردستان" و نەتەوەی كورد دەربێنێ، لەدەس درۆودەلەسەی نووسەرانی سەر بە دەوڵەتە داگيركەرەكانی نيشتمانەكەمان ڕزگارمانكا، ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد هوشياركاتەوە و هەستی خۆبەكوردزانيان لا زيندووكاتەوە.
ئيدی بە ئەو شێوەیە، داگيركەران هەوڵێکی زۆريان داوە، هەموو شتێكی كورديمان لەبيربەرنەوە، يا وامان تێبگەیەنن، كە نەتەوەی كورد، نە خاك و نە مێژووی نەتەوەيی خۆی نیيە، وەك چۆن لە مێژووی هاوچەرخماندا، تووركەكان كورد بە تووركی شاخاويی و خاكی "كوردستان"يش، بە بەشێ لە نيشتمانەکەی خۆيان دادەنێن، وەك ئەوەی لە بنەڕەتدا، ئەو ڕووبەرە فراوانەی ئەوڕۆ، لەسەری دەژین و بە دەوڵەتی "توورکیا" ناسراوە، خاکی مێژوویی خۆیان بووبێ و لە باپیرە گەورەکانیانەوە، بۆیان بەجێمابێ!
لەبەرئەوە داگيركەران چەندين ساڵە، سەردەمێ كورديان، بە بەشێ لە نەتەوەی فارس و زمانەكەشيان، بە ديالێکتێکی خاوێنی زمانەکەی خۆيان داناوە. سەردەمێكی ديكە بە عەرەب و سەردەميكی ديكەش، بە تووركی شاخاوييان ناساندووە. بۆیە شتێکی سەير نييە، بە ئارەزووی خۆيان، شەن و كەويان، لە خەرمانی مێژووی كورددا كردبێ، چ شانازيی و شارستانييەتێك، لە ئەو مێژووەدا هەبووبێ، بۆ خۆيان تۆمارکردبێ، يا بەدەسی ئانقەست شێواندبێتيان، كورديان سووك و ڕیسواكردبێ، هێندێ لە ڕۆڵەکانی كورديش، هێنده ساويلكە و نەزان بوون، باوەڕيان پێ كردوون، پێيان بە ئابڕوو و ويژدانی نەتەوەيی خۆياندا ناوە، شەرميانكردووە، خۆيان بە كورد بزانن و ئاوڕێکی كوردانە، لە ئەو مێژووە پڕ لە خوێن و فرمێسكە بدەنەوە!
بۆ نموونە: جێژنی "نەورۆز"، بە يەكێ لە ئەو دەستێوەردان و شێواندنە گەورانەی مێژووی كورد دەژمێررێ، كە پياوێكی زۆرزانی ساختەكاری وەك "فيردەوسی"، بە ئارەزووی دڵی خۆی و لەسەر داوای شاكانی فارس، سەرلەبەری ئەو مێژووەی گۆڕيوە، كای لەبەردەم سەگ و ئێسكيشی لەبەردەم ئەسپدا داناوە، دەسەڵاتدارانی كوردی، بە زۆردار و چەوسێنەر، تيرە و هۆزەكانی فارسيشی، بە زۆرلێكراو و چەوساوە ناساندووە، سەرلەبەری ئەو مێژووەی وا شێواندووە، نەك هەر ڕۆڵەكانی فارس باوەڕیپێدەکەن، بەڵكوو هێندێ كوردزمانيشی لە خشتەبردووە، درۆ و دەلەسەكانی ئەویش، لە نووسينەكانياندا ڕەنگدەداتەوە و كاوێژیدەكەنەوە!
ئاخر (يەكەمين فەرمانڕەوایی لە مێژوودا، باووباپیرانی كورد، لەسەر زەوی درووستيكردووە، "پێشدادی" بوو. يەكەمين كەس شارستانی درووستكرد، كەڵكی لە خێراتی زەوی و سوونەتەكانی وەرگرت، "جەمشيد" پاشای كورد بوو. يەكەمين ڕاپەڕینی ميللی لە مێژوودا، دژی "زوحاك"ى خوێنرێژ، "كاوە"ی ئاسنگەری كورد بەرپايكرد. يەكەمين شۆڕشی سەركەوتوو، لە شاخەوە هەڵتۆقی و زۆرداری شاری ڕووخاند، "فەرەيدوون"ی كورد بوو.
ئەمانە هەموويان، ڕووداوی "5" هەزار ساڵ لەمەوبەرن، بەڵام چونكە قەوارەيەكمان نەبووە و نییە، شەرمدەكەين، باسی گەورەیی ئەو دەسكەوتە بێ وێنە ميللييانە بكەين و خەڵكيش باوەڕمان پێ ناكا! ئەوەتە "كاوە" دەكەنە ناپاك و "زوحاك"يشان لێ كردووين بە نيشتمانپەروەر، "پێشدادی"يان لێ كردووين بە فارس، نەورۆز و "كاوە" بە ئەفسانە. دەڵێن: دەوڵەتی "ميديا"ش كورد نەبووە، تەنانەت "زەردەشت" و "ئاڤێستا"شيان، بە فارسی داناوە و ناوەڕۆكی پەرتووكەكەيان گۆڕيوە!)
بۆ مێژوو دەڵێم: نەتەوەی کورد زۆر لە کۆنەوە، لەسەر خاکی باووباپیرانی خۆی ژیاوە. واتە نەتەوەی کورد، بە یەکێ لە ئەو نەتەوە هەرە دێرین و ڕەسەنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژمێررێ. "کوردستان"یش جێی ژیانی کۆنترین مرۆڤ بووە، چونکە شوێنەوارە کۆنەکانی مرۆڤ، لە پێش زایینەوە، لە ئەم نێوچەیەدا دۆزراونەتەوە. لە گرووپە ئیتنیکەکانی لە نێوچەکەشدا ژیاون، وەک "فارس، هیندی، ئەرمەن، بلوژ ...".
دواتریش هەردوو نەتەوەی عەرەب و توورک هاتوون، نێوچەکەیان بە جەنگێکی خوێناویی و زۆرەملی داگیرکردووە، زمان و ئایینەکەی خۆشیان، بەزۆر بەسەر گەلانی نێوچەکەدا سەپاندووە، شانبەشانی نەتەوەکانی دیکە، پێکەوە ژیاون. چونکە هەر لە پێش زایینەوە، شوێنەوارە کۆنەکانی مرۆڤ، لە ئەم نێوچەیەدا دۆزراونەتەوە.
گرووپە ئیتنیکەکانی دانیشتووە دێرینەکانی "کوردستان"، لە هەموو ڕوویەکی شارستانییەوە، لە نەتەوە پێشەنگەکانی نێوچەکە بوون. شوێنەواری دەوری بەردینی (بەردەپەڵکە، ئەشکەوتی شانەدەر، هەزارمێرد، زەرزی، قەڵای چەرمۆ، تەپەگیان ...)، بە دەیان ئەشکەوت و شارە ژێرزەمینییە سەرسووڕهێنەرەکەی "کەبەدۆکیاو"، زۆر لە شوێنەواری مێژووی دیکەش، نەخش و هەڵکەندراوەکانی قەدپاڵ و کێوەکان، پاشماوەی خانووە کۆنەکان و ئەو کەلوپەلانەی، لە پێدەشتەکان دۆزراونەتەوە، لەگەڵ ئەو بەڵگە و نووسراوانەی تا ئێستە هەن، ئەو هەموو کەلەپوور و سامانە کەلتوورییانە، بیری کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەی لە "کوردستان"دا هەن، بە درێژایی مێژوو، بەدەمی یا بەنووسراو پێمان گەیشتوون، وەک چاکترین بەڵگەی زانستیی و مێژوویی وان.
ئاخر لە "کوردستان" هەر لە سەردەمێکی کۆنەوە، هێندێ میرنشین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی و بیانی دامەزراون، لە زۆربەی ڕووەکانی شارستانییەوە، مۆرکی "کوردستان"یان پێوە دیارە.
جگە لە ئەوەی، هێندێ بنەمای شارستانی دیکەی وەک زانست، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ماڵیکردنی ئاژەڵ، نووسین و داهێنان ... هەر لە "کوردستان" پەیدابوون و گەشەیانکردووە. بۆ نموونە: (سۆمەرییەکان هەر لێرەوە، ئەو شارستانیی و پێشکەوتنانەیان، لەگەڵ خۆیان بۆ خوارووی عێراق بردووە.)
هەروەها لە بەڵگەنامە مێژوویی و ئاسەوارییەکاندا، گەلێ زانیاری لە سەرچاوەکاندا هەن، لەسەر نێوچەکە دۆزراونەتەوە. سەرچاوە ئایینییەکانیش ئاماژەیان پێ کردووە، یەکەمین لانەی گەشەکردنی بنەمای بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی، ئایینی، فەلسەفەی چاکسازیی و مرۆڤایەتی، مەڵبەندی پیاوچاکان و پەیامبەرانیش، هەر لە "کوردستان" بوون. بۆ نموونە: "ئادەم و حەوا". بەپێێ هێندێ ئایەتی قورعان و تێکستەکانی نێو تەوراتیش بێ، کەشتییەکەی "نوح"، لەسەر چیای "جودی: گۆتی ــ وڵاتی گۆتییەکان" گیرساوەتەوە.
هەروەها "برایم" کە بە باوکی پەیامبەران ناسراوە، هەر لە "کوردستان" لەدایکبووە و گەورەبووە. تیرە و هۆزەکەی، لە دەوروبەری شاری "ڕەحا ـــ ئۆرۆها" ژیاون. سەرچاوەی عیبری هەیە، ئاماژە بە ئەوە دەکا، پەیامبەر "برایم"، لە باکووری "کوردستان" لەدایکبووە و هەر لە ئەوێشەوە، بۆ فەلەستان کۆچیکردووە.
جگە لە ئەوەی، (دوای کۆچیدوایی پەیامبەر "موسا"، تەورات بەرەبەرە نووسراوەتەوە، باسی "500" ساڵ پێش "عیسا"ی کردووە، باسی ئەستێرە و ناوی پاشاکانی فەرمانڕەوای هەخامەنشییەکانی تێدا هەیە و بە ڕوونی نووسراوە، لەگەڵ ناوی پاشاکانی میدیا، نزیکەی دوای "1500" ساڵ بەسەر لەدایکبوونی "برایم" پەیامبەردا تێپەڕبووە.)
ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ نەتەوەیەک نەبێ، هێندەی نەتەوەی کورد چەوسابێتەوە و زۆری لێ کرابێ، مێژووەکەی شێوێنرابێ. سەیر ئەوەیە، نەک هەر دەوڵەتە داگیرکەرەکانی "کوردستان"، دان بە مێژووەکەماندا نانێن و بڕواناکەن، کورد مێژوویەکی دێرین و سەربەخۆی هەبێ، بەڵکوو پێشەوایانی ئایینی ئیسلامیش، هەر لە سەردەمی جێنشینەکانەوە تا ئەوڕۆش، بە هێندێ لە مەلاکان دەگا، کورد بە نەوەی جنۆکە و دێوودرنج دەزانن، تەنانەت هێندێ جاش مەلای کوردیش هەن، ئەو درۆودەلەسانە، بە ئەرکی ئایینی سەرشانی خۆیان دەزانن و لە دیدارەکانیاندا، دووبارەیاندەکەنەوە!
لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم: بەشێوەیە لە شێوەکان، ڕەنگە سووکایەتی بە نەتەوەکانی دیکەی سەر زەویش کرابێ، بەڵام هیچ نەتەوەیەک نییە، هێندەی نەتەوەی کورد، سووکایەتی پێ کرابێ و مێژووکەیان شێواندبێ، مێژوویەکی درۆیان بۆ هۆنیبێتەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، نەتەوەی کورد وەک نەتەوەکانی عەرەب، فارس و توورک، هەرگیز خاکی هیچ نەتەوەیەکی دیکەی دوور و نزیکی داگیرنەکردووە. بە هیچ شێوەیە، مێژووەکەیانی لەکەدارنەکردووە و سووکایەتی پێ نەکردوون. بەتایبەتی دوای ئەوەی، ئایینی ئیسلام بڵاوبووەتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، "کوردستان" هەمیشە لانکەی نەو نەتەوانە بووە و ڕێزێکی زۆریشیان لێ گیراوە.
کەچی بە ئەو شێوەیە و زۆر بێ ویژدانانە، هەر جارەی نەژاد و بنەچەی کوردیان، بۆ سەر تیرە و هۆزێکی بیانی بردووەتەوە. بۆ نموونە: سەردەمێ کوردیان بە نەوەی "عومەری کوڕی سەعسەعەی عەرەبی" داناوە! یا وەک لەپەرتووکی "مروج ئەلزەهەب"دا، "مەسعوودی"، کوردی بە زادەی ئەو کەنیزانە داناوە، وەک کارەکەر کاریانکردووە و لە دەرباری کۆشکەکانی "سولەیمان" پەیامبەردا ژیاون، ناپاکیی و کاری خراپەیان لە "سولەیمان" کردووە، بۆیە دەریان کردوون و لە نێوچە شاخاوییەکان گیرساونەتەوە، وەک بە عەرەبی دەڵێن: "و اکردهن الی الجبال." واتە بۆ شاخەکان دەرکراون و ئەم کوردانەیان لێ کەوتووەتەوە، ئێدی ناوی کوردیان لێ ناون!
هێندێ مەلای نەزانی بێ هۆش و گۆشی نەتەوەی کوردیش، زۆر بێ شەرمانە، سەبارەت بە زمانی کوردی گوتوویانە: (زمانی عەرەبی هونەرە. زمانی فارسی شەکرە، زمانی کوردی تەرسی کەرە!)
هەروەها لە ئەو بارەیەوە، فارس و توورکە داگیرکەرەکانیش، کەمیان بە کورد نەکردووە و درۆدەلەسەیان نەهۆنیوەتەوە، بەڵکوو هەموو شتێکیان، دژی کورد و زمانەکەی کردووە. بۆ نموونە: فارسەکان هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، کورد بەبەشی لە نەتەوەی فارس و زمانەکەشمان، بە دیالێکتێکی خاوێنی زمانی فارسی دادەنین، هەموو پێشکەوتنێکی کورد و گەلانی دیکەی نێوچەکەش، بۆ شارستانییە کۆنەکانی فارسەکان دەگێڕنەوە. بەڵام گەر تەماشایەکی لاپەڕەکانی مێژووی گەلانی نێوچەکە بکەین، لە هێندێ سەرچاوەی مێژووی کۆنی نێوچەکدا، زۆر بەئاشکرا دەبینین، نەتەوەی کورد زۆر لە کۆنەوە، لەسەر خاکی باووباپیرانی خۆی ژیاوە، یەکەمین دەسەڵاتیشی لە نێوچەکەدا، ساڵی "700"ی پ. ز، ئیمپراتۆریای "میدیا"ی دامەزراندووە. مێژوونووسانی کۆن و نوێش، چ بیانیی و چ شارەزایانی گەلانی نێوچەکە، وەک "هێرۆدۆت، گزنەفۆن، سترابۆن و کتزیار"، گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن، کە هەموو پێشکەوتن و شارستانی نێوچەکە، بۆ سەردەمی "میدی"یەکان دەگەڕێتەوە، وەک لە هەردوو پەرتووکی ئایینيی "تەورات" و "دینکرت"یشدا هاتووە و چەندین جار، ناوی "مید" دووبارەبووەتەوە.
جگە لە ئەوەی، وەک لە هێندێ لە سەرچاوەکاندا دەردەکەوی، هێندێ زانا و شارەزای مێژوو لە ڕۆژهەڵاتناسیدا وەک "راوڵنسۆن، بۆرنۆڤ، لاسن، دارمستیتر، پورداود ..." پێیان وابووە: (زمانی سەردەمی فەرمانڕەوایی هەردوو ئیمپراتۆریای ماد و هەخامەشی، لە زمانی ئاڤێستا چووە.)
بەڵام لە ئەو سەردەمانەدا، ئایینی سەرەکی فەرمی گەلانی "ئێران"، ئایینی "زەردەشتی" بووە. ئایینێکی یەکتاپەرستی بووە، سێکوچکەی بیرەکەیان و دروشمە بەناوبانگکەشیان "بیری چاک، وتەی چاک و کرداری چاک" بووە. لە ئایینی زەردەشتیدا، "خاک، ئاو، هەوا و ئاگر" پیرۆز و چوارینەیەکی پێکهاتەی بوونی گەردوون بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەر کاتێ کورد توانا و دەسەڵاتی هەبووبێ، هەرگیز داگیرکردن و ستەمی پەسەندنەکردووە، هەمیشە داکۆکی لە نەتەوە و خاکی نیشتمانەکەی خۆی کردووە، وەڵامی میرەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەی داوەتەوە و بە هەموو توانای خۆشیەوە، لەپێناوی مافە ڕەواکانی خۆیدا تێکۆشاوە.
بۆ نموونە: ساڵی "612"ی پ. ز. هەردوو سەرکردە "کەیئۆخسار"ی شای "میدیا"، لەگەڵ "نابۆپۆڵاسەر"ی بابلی کلدانیدا، هاوپەیمانییەکیان کردووە، هێرشێکی هاوبەشیان، بۆ سەر "نەینەوا"ی پایتەختی ئیمپراتۆریای داگیرکەری کۆمەڵکوژی ئاشووری کردووە، گەمارۆی "نەینەوا"یان داوە، لە ئەنجامدا سەرکەوتوون، تەختوتاراجی دەوڵەتەکەیان، بۆ تاهەتایە لەناوبردووە، شاری "نەینەوا"شیان تێکداوە و وێرانکردووە.
هەروەها توورکە داگیرکەرە ڕەگەزپەرستەکانیش. دوای ئەوەی ساڵی "1925"، کۆماری توورکیایان دامەزراند و تا ئەوڕۆش بە هیچ شێوەیە، دان بە گەلێکدا نانین، ناوی کورد بێ، خاک و زمان و مێژووی تایبەتی نەتەوەیی خۆی هەبێ، بەڵکوو بە توورکی شاخاوی دادەنێن. قسەکردنیش بە ئاشکرا بە زمانی کوردی، نەک هەر لە شوێنە فەرمییەکاندا، تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانیشدا قەدەغەیە.
تێبینی:
ئەم وتارە بابەتێکی تایبەتە، لە بەرهەمێکی نوێی نووسەردا (نەورۆز و بەهاری کورد) دایە، لەژێر چاپدایە و بە ئەم زووانە بڵاودەبێتەوە.
سەرچاوەکان
حەسەن مەحموود حەمەكريم، كاوە و نەورۆز لەنێوان ئەفسانە و ئايندا، سلەيماني، 1999.
محەمەد باقی سەعید، نەورۆز و کاوەی ئاسنگەر، پوختەیەک لە مێژوو، چ1، چاپخانەی کارۆ، سولەیمانی، 2017.
دیاکۆنۆڤ، دەولەتی ماد، وەرگێرانی بورهان قانع.
د. محمد مردوخى، مێژووی کورد و کوردستان، بغداد، 1991.
المسعودى، مروج الذهب، 2/250، 208.
د. حسین قاسم، المفصل فی نشآة نوروز الذهنیة الابداعیة.
سەرچاوە : ئاوێنە