هونهرگهی وڵات له چوارچێوهی چالاكییهكان بۆ زیندووكردنهوه و بهرهپێشبردنی میراتی كلتوری ناوچهكانی باكوور و ڕۆژههڵاتی سوریا، زیاتر له 275 گۆرانی تۆمار كردووه و له كۆی ئهو ژمارهیهش كلیپی بۆ 49 گۆرانی كردووه و ئامادهكاریش دهكات بۆ كردنهوهی بهشێكی تایبهت به منداڵان.
هونهرگهی شەهید وڵات لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014، لەسەر داوای شەهید وڵات کرایەوە و لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کار دەکات و بە بەشداری هونەرمەندانی ناوچەکە گۆرانی و کلیپی شۆڕشگێڕانە، فۆلکلۆری و نەتەوەیی و کلیپ بەرهەم دەهێنێت.
شەهید وڵات ئەندامی بهڕێوهبهری بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەر بووە و لە کۆتایی ساڵی 2013 لە هێرشی چەتەکانی بەرەی نوسرە بۆ سەر ناوچەکە شەهید بووە.
بەرهەمەکانی هونەرگهی وڵات
هونەرگهی وڵات لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا زیاتر لە 275 بەرهەمی هونەری ئاماده و بەرهەم هێناوە، لهوانهش سەرێکانی و ئاڤاشین، هەی زاپێ، خورفانی، سهرههڵدان، شهڕڤانۆ، نازێ نێرگزا حهوشێ، کەزیێن تۆلێ، زهریێن شهشداران، سهرۆک و شێلادزێ.
هەروەها کلیپەکانی “ئاوازێن وندایی”، `”کوڵ ئەل حهلا” و “ڕێوانێ ڕەسەن”یش شێوازی ژیانی هاوبهشی نێوان پێكهاتهكانی ناوچەكه دهخانه بهرچاو و کلتوور و هونەری هەر پێكهاتهیهك نیشان دەدەن.
هونەرگهكه، چوار تابلۆی گۆڤهند و ههڵپهڕكێی فۆلکلۆری پێكهاتهكانی کوردستان، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای تۆمار کردووە و ٥٤ خولی ڕاهێنانی فۆتۆگرافی بە زمانی کوردی کردووەتەوە.
ئامانجهكانی هونەرگهی وڵات
هونهرگهی وڵات به ئامانجی زیندووکردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی ناودار و کۆنی کورد، کە ڕۆڵیان لە پاراستنی مۆسیقای کوردیدا ههبووه، هەروەها ئەرشیڤ کردنی مێژووی هونەر و ڕەسەنایەتی کوردی و زیندووکردنەوەی گۆرانییە شۆڕشگێڕی و فۆلکلۆرییە کۆنەکان دامەزراوە.
لهوباریهوه دەلیل میرساز، ئەندامی هونەرگەی وڵات وتی: ڕۆژئاوا بچوکترین بهشی کوردستانە، بەڵام لە ڕووی هونەری شۆڕشگێڕییەوە، بە بەراورد لەگەڵ بهشهكانی تر لە پێشەوەیە، لە ٨٠کانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ بە سەدان گۆرانی شۆڕشگێڕی بەرهەمهێنراون، ئێستاش لە هونەرگەر وڵات هەوڵ دەدەین ئەو گۆرانیانە بە دەنگی هونەرمەندانی کوردی ڕۆژئاوا نوێی بکەینەوە و بە گوێرەی دۆخی گەلی ناوچهكه گۆرانی نوێش تۆمار بکەین.
هونەرگەی وڵات بە بەرهەمەکانی ڕەسەنایەتی و میراتی کولتوری هەموو پێکهاتەکانی ناوچهكه، شۆڕش و بەرخودانی گەل، پێکەوە ژیانی وێنا کردووە، هەروەها هێرشە قڕکارییەکانی لەدژی کوردان شەرمەزار کردووە.
دروستکردنی کەسایەتیەکان بە گوێرەی بنەماکانی هونەری نەتەوەی دیموکراتیک
دوای ماوەیەک لە دامەزراندنی هونەرگەی وڵات، ئهندامانی هونەرگەکە بڕیاریاندا، کە چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەن، بۆ ئەوەی هاوشانی قۆناغەکانی شۆڕش هەنگاو بنێن و سیستمی هونەر و تەکنیکی خۆیان بەرەوپێش ببەن، لەو پێناوەشدا خولی پەروەردەیان لە بوارەکانی پسپۆڕی هونەری و تەکنیکی کردەوە.
سەرخۆبون زەینۆ، ئەندامی هونەرگەی وڵات و مامۆستای موزیک دهڵێت: “لەسەرەتادا بۆ کردنەوەی خولەکانی پەروەردە تووشی زۆر ئاستەنگ دەبووین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، کە سیستمی هونەرگە بۆ ئێمە هەنگاوێکی نوێ بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لە ئەنجامی پێداگری و پەیوەستبوونمان بە هونەرەوە پێکەوە ئەو ئاستەنگیانەمان تێپەڕاند.
لە هونەرگەی وڵات لە سەر بنەما و ڕەگەزەکانی هونەری دیموکراتیک، کە ڕێبەر ئۆجالان خستوویەتیەڕوو، پەروەردە ئەنجام دەدرێت، لەوبارەشهوە سەرخۆبوون زەینۆ وتی: هەوڵ دەدەین بە گوێرەی هونەری ڕاستەقینە و ڕەسەن، کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت کەسایەتی هونەری دروست بکەین، هەوڵیش دەدەین، کە لە هەموو چالاکییەکانماندا لە ڕووی ناوەرۆک، بڵاوکردنەوە، شێواز و ئامانجەوە ڕەچاوی فرەرەنگی و جیاوازییەکان بکەین.
“خەونە هونەریەکانم لەم هونەرگەیە هاتنەدی”
یوسف عوسمان تەمەن 21 ساڵ خوێندکارە لە هونەرگەی وڵات و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە خەون و خولیای بەشداری لە کایەی هونەری هەبووە، لە هونەرگەی وڵاتدا خەونەکەی هاتووەتەدی، دهشڵێت: حەز و خۆشەویستی بە تەنیا بەس نییە بۆ سەرکەوتن، بەڵکوو پێداگری و خۆماندووکردنێکی زۆری دەوێت، بۆ دروستکردنی کەسایەتیەکی هونەری ڕاستەقینە هونەرگەی وڵات شوێنێکی گونجاوە.
ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بەشی هونەری منداڵان دهكرێت
لە هونهرگهی وڵات بەشی تۆمارکردن، تەکنیک (دیمهن و مۆنتاژ) و بهشی دەنگ هەیە، هاوکات ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بەشی تایبەت بە هونەری منداڵان بۆ ئەمساڵ دەکرێت.
لای خۆیەوە جۆمەرد حەسەن، ئەندامی بەرێوەبەریی هونەرگەی وڵات وتی، هەوڵ دەدەن چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن گوزارشت لە دۆخی گەل، بەرخودان و شۆڕش بکەن، هەروەها هەموو گۆرانییە فۆلکلۆییەکانی پێکهاتەکانی باکور و رۆژههڵاتی سوریا نیشان بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە جیاوازییەکی هونەرگەی وڵات ئەوەیە، کە گۆرانییە ڕەسەنەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمەکە تۆمار دەکات و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی.
سەرچاوە: rojnews/هاوار نیوز