لاجان محهمهد عوسمان
لە کۆمەڵگە گەشەسەندووەکاندا، ناتوانرێت ڕۆڵی هاووڵاتیانی چالاک بە کەم سەیر بکرێت. ئەو کەسانە بەشدارن لە پەرەپێدان و باشترکردنی ژیان لە کۆمەڵگاکانیان لەڕێگەی بەشداری مەدەنیانە و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستن و بەرزڕاگرتنی بەها دیموکراسی و کلتوریەکان. هاووڵاتیبوونی چالاک تەنها چەمکێک نییە؛ بەڵکو پراکتیزەکردنی چوارچێوەی کۆمەڵگە و بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەستنیشان دەکات.
چەمکی هاوڵاتیبوونی چالاک بە واتای بەشداریکردنی تاکەکان لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. ڕوونتر، هاوڵاتی چاڵاک بەپێی کرداری تاکەکان پێوانە دەکرێت ئەمەش کاتێک تاک لە کۆمەڵگەکەیدا بەشدارە لە چاڵاکییە جیاوازەکاندا وەکو بەشداری لە دیبەیت و کاری خۆبەخشی و کاری ڕێکخراوەیی و داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتیان و کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان. بە جۆرێکی تر هاوڵاتی چاڵاک ئەو کەسەیە کەوا تەنها سود لە کۆمەڵگەکەی وەرناگرێت بەڵکو خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بەو دیاردە و ڕوداوانەی کەوا لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن. بۆ نمونە کاتێک هاوڵاتیەکی تر ژینگە پیس دەکات، هاوڵاتی چاڵاک تەنها لەلای خۆیەوە سەرکۆنەی ناکات، بەڵکو داوای لێدەکات تکایە ژینگەکەمان پیس مەکە، یاخود کاتێک مافی هاوڵاتیەکی تر فەرامۆش دەکرێت، خۆبەخشانە دەنگ هەڵدەبڕێت و داوای گێرانەی مافەکان دەکات. بەجۆرێکی تر ئەوەی لە کوردەواریدا پێی دەوترێت "ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆخۆی" لە چوارچێوەی چەمکی هاوڵاتیبووندا جێگای نابێتەوە و دەبێتەهۆی وێرانکاری و تێکدانی پایە ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە و هاوڵاتیەکی خۆپەرست و بەرژەوەند پەرست درووست دەکات کە تەنها گیرفان و بەرژەوەندی خۆی بووێت.
یەکێک لە بەشدارییە هەرە بەرچاوەکانی هاوڵاتی چالاک، ڕۆڵگێڕانە لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا و ئەنجامدانی کاری خۆبەخشانەیە لە پڕۆژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا وەک پرۆگرامە پەروەردەییەکان، دەستپێشخەرییەکانی چاودێری تەندروستی، پاراستنی ژینگە، هەروەها بەشدار دەبن لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە ناوخۆییەکان و باشترکردنی کوالیتی ژیان بۆ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە. لێرەدا کاری خۆبەخشانە بەو واتایە دێت کە هاوڵاتی بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەنگ بەرز دەکاتەوە و کاردەکات بۆ پاراستنی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و پاراستنی ژینگە و بەرجەستەکردنی دادگەری کۆمەڵایەتی و درووستکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان. بۆ نمونە، کاتێک دەبینرێت لە ڕووی تەندرووستیەوە چینێک هەیە پیویستیان بە هاوکارییە، ئەگەر ئەو خێزانانە وەربگرین کەوا نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، هەرچەندە خودی کەسەکە ئەم کێشەیەی نییە بەڵام لەڕێگەی هەڵمەتی جیاوازەوە کۆمەکی دارایی بۆ ئەو خێزانانە کۆدەکەنەوە و کاردەکەن بۆ زیاترکردنی پاڵپشتی تەندرووستی و پەروەردەیی ئەو خێزانانە. نمونەیەکی تر کاتێک دەبینرێت لە کۆمپانیایەک جیاکاری ڕەگەزی یاخود ناوچەیی هەیە، بە دەنگێکی بەرز داکۆکی لە مافی ئەوانی تر دەکات و بابەتەکە دەکات بە ڕۆژەڤ، نەوەکو ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەداخەوە باوە کە "کڵاوی خۆت بگرە با با نەیبات" تەواوکاریەکەشی "دووای کڵاوی بابردوو مەکەوە". هاوڵاتی چاڵاک ڕێک پێچەوانەی ئەم وتانە ڕەفتار دەکات، واتە هیچ کات چاو داناخات لەبەرامبەر هەموو ئەو نا دادی و کارە نەشیاوانەی کە لە کۆمەڵگەدا هەن.
لە هەرێمی کوردستان ئاڕاستەکان بەداخەوە بەپێچەوانەی چەمک و ناوەڕۆکی هاوڵاتی چاڵاکە و سیستەمی سیاسی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئابووری وڵات بەجۆرێک داڕێژراوە، کە تاکێکی ترسنۆک و ناچاڵاک درووست دەکات. لە بری هەوڵدان بۆ درووستکردنی هاوڵاتیەک کە خاوەنی کەسایەتی و ناسنامەی خۆی بێت، ئەو پەرۆشی و هەستە نیشتیمانییەی کە تاکیش هەیەتی دەکوژرێت و کار لەسەر بەکۆیلەبوونی تاکەکان دەکرێت تاوەکو چاویان دابخەن لەبەرامبەر سەرجەم ئەو نادادی و نایەکسانی و کارە قێزەونانەی کە لە ناوەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و زانکۆکان بازاڕدا هەیە. ئەم دیاردەیە سەرجەم کایەکانی گرتووەتەوە. دەرئەنجام ئەم فۆڕمەی هاوڵاتی بوون و ئەم جۆرە سیستەمە دوواکەوتووەی کە لەم هەرێمەی خۆماندا هەیە، لە کۆتاییدا هەموومان دەباتە قۆناغی تاریکییەوە و کە ئەستەم دەبێت تاکەکان هەناسە بدەن و کۆمەڵگە هێندەیتر دووادەکەوێت و هاوڵاتی زیاتر بە کۆیلە دەکرێت و وڵات زیاتر دووچاری قەیرانەکان دەبێتەوە. ئەم بابەتە بابەتێکی زانستییە و هیچ کات ناتوانرێت کۆمەڵگەیەکی تەندرووست درووست بکرێت تاوەکو هاوڵاتی خۆی بە بەرپرس نەزانێت بەرامبەر ڕووداوەکان و دەنگی دلێر نەبێت بەرامبەر سەرجەم ئەو نادادی و کێشانەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە.
هەر بۆیە ئەگەر بمانەوەێت هاوڵاتیەکی چاڵاک درووست بکەین و کۆمەڵگە پێشبکەوێت دەبێت هاوڵاتی خۆی بە بەرپرس بزانێت و بەشداربێت لە پرسەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات. پیویستە زیاتر جەخت لەسەر کاری خۆبەخشانە لە بوارەی ژینگەیی و پەروەردەیی و ئابووری و دادپەروەری و یەساکنی کۆمەڵایەتی و گروپی ناڕازی لەسەرجەم ئەو بوارانە درووستی بکرێت و هەڵمەتی کرداری جێبەجێبکرێت تاوەکو شەپۆلێکی کاریگەری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا درووست بکرێت و فشار بخرێتە سەر بەرپرسان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوەکو بوێری ئەوەیان نەبێت کە کۆمەڵگە و تاک بۆ سودی خۆیان بەکاربهێنن بەڵکو خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و یارمەتی کۆمەڵگە و تاکەکان بدەن.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە و پەیوەستە بە ئابووری تاک، پێویستە هاوڵاتی ڕۆڵێکی چارەنووسساز بگێڕێت لە پەرەپێدانی گەشەی ئابووری. کاتێک تاک دەتوانێت ببێت بە خاوەنکارا، داهێنەر و سەرکردە و دەستپێشخەری لە چالاکییە ئابوورییەکاندا دەکات، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بگێڕێت لە گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی و نیشتمانیدا و بەرزکردنەوەی داهاتی تاک و رەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆ ئەوانی تر. بێگومان زانکۆکان کە لە ئێستادا بوون بە بار بەسەر کۆمەڵگەوە و زیاتر تاکی ناچاڵاک و نا بەرپرس درووست دەکەن، پێویستە ئاڕاستەی مەعریفیان بگۆڕن و بەشێوەی پراکتیکی کار بکەن تاوەکو تاکێکی کارامە درووست بکەن کە چاڵاکانە بەشداربێت لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.
لە کۆیاییدا، هاوڵاتی چالاک ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە بەرگریکردن لە بەها و دامەزراوە دیموکراسیەکان. لە کاتی نائارامی سیاسی یان کاتێک بنەماکانی دیموکراسی لەژێر هەڕەشەدان، دژی گەندەڵی و پاوانخوازی و نادادپەروەری دەسەڵات دەوەستنەوە. ئەمەش وادەکات لە بری زیادبوونی گەندەڵی، بەرپرسان کار بکەن بۆ پاراستنی بنەماکانی دەوڵەتداری کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا هەستی پێناکرێت، هۆکارەکەشی بریتییە لە بەکۆیلەکردنی هاوڵاتییان لەلایەن لایەنە سیاسیەکان و سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا و کۆمەڵگەی کوردی. بۆیە ئەگەر هاوڵاتی ئێمە خۆشگوزەرانی و ئارامی و دادگەری و یەکسانی و ژیانێکی شایستەی دەوێت کە تێیدا کەرامەتی پارێزراو بێت، گرنگە کار لەسەر چەمکی هاوڵاتی چاڵاک بکات.
سەرچاوە : خەندان