شوان کەریم کابان
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، پاش جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن 51 وڵاتەوە دامەزرێنرا بە ئومێدی ئەوەی چیتر شەڕ و کاولکاری بەرۆکی جیهان نەگرێت و ئێستا 193 وڵات تیایدا ئەندامن.
ئایا ئەم رێکخراوە توانیوێتی رێگری لە شەڕ و کاولکاری بکات؟ نەخێر، بەڵکو بەپێچەوانەوە، زۆرجار بۆتە سەکۆیەک بۆ رەواییدان بە ھەڵگیرسانی شەڕ و ناعەدالەتی و ناسەقامگیری.
بە بەرچاوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، زنجیرەیەک جەنگ و پێکدادان روویانداوە، ئەگەر ئەو رێکخراوە بەپێی ئامانجەکانی دامەزراندنی کاری بکردایە، نەدەبوو رووبدەن.
بەنموونە: داگیرکردنی ڤێتنام لەلایەن فەرەنسا و دواتریش ئەمریکا کە15 ساڵی خایاند و سەدان ھەزار کەسی تیادا کوژرا و UNیش ھەر سەیرکەر بوو.
جەنگی کۆریا کە بەناوی یو ئێنەوە و بەسەرپەرشتی ئەمریکا کرا و سێ ساڵی خایاند.
جەنگی ئەفغانستان پاش دەستێوەردانی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا.
جەنگی ھەشت ساڵەی عیراق-ئێران.
جەنگی یەکەمی کەنداو بە سەرپەرشتی ئەمریکا.
جەنگی فۆلکلاند بە سەرپەرشتی بەریتانیا. جەنگی 20 ساڵەی ئەفغانستان بەسەرپەرشتی ئەمریکا.
گرتنی وڵاتی پەنەما لەلایەن ئەمریکاوە. جەنگەکانی بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەلایەنگریی ئەمریکا.
گرژیی نێوان ئەمریکا و کوبا کە زیاتر لە 60 ساڵی خایاند و لەو ماوەیەدا ئەمریکا ئابڵوقەی لەسەر کوبا دانابوو.
گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ساڵی 1979 وە و ئابڵوقەدانی ئێران تائێستا.
گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و ڤێنزویلا و ئابڵوقەی سەر ئەو وڵاتە.
جەنگی بالکان لەلایەن ناتۆوە بەسەرپەرشتی ئەمریکا دژی یۆگۆسلافیای ئەو دەم. جەنگی لیبیا و روخاندنی دەسەڵاتی قەزافی بەسەرپەرشتی ئەمریکا و خۆرئاوا و ھاوکاری ھەندێ وڵاتی عەرەبی.
بە بەرچاوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، زنجیرەیەک جەنگ و
پێکدادان روویانداوە،
ئەگەر ئەو رێکخراوە بەپێی ئامانجەکانی دامەزراندنی کاری بکردایە، نەدەبوو رووبدەن
زنجیرە ئاژاوەکانی بەناو بەھاری عەرەبی لە تونس و میسر و سوریا بە بەشداری ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی وەک: سعودییە، ئیمارات ، قەتەر. پرۆسەی ئازادی عیراق بەسەرپەرشتی ئەمریکا.
جەنگی یەمەن بەسەرپەرشتی ئەمریکا و سعودیە و چەندین شەڕ و ئاژاوەی تر کە لە ھیچ کامیاندا UN نەیتوانی بەر بە جەنگەکان بگرێ، بەڵکو بە ناچاری دواتر رێکخراوەکانی دەستبەکاربوون بۆ ھاوکاری و بەھاناوەچوونی قوربانییەکان.
بەداخەوە بڕیارەکانی UN بە درێژایی ئەو ماوەیە رەنگدانەوەی دەسەڵاتی وڵاتە زلھێزەکان بووە و بەتایبەتیش ئەمریکا و ھەرچییەک ئەوان مەبەستیان بووبێ ئەوە کراوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، خولی 78ی ئەم رێکخراوە بوو، گوتاری بەشێکی زۆری بەشداربووەکان داد و بێداد بوو لەوەی دەگوزەری و داوای گۆڕانکاری لە کار و ئەرکەکانی رێکخراوەکەدا بوو، بە خودی وتارەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشیش کە ھەر هێندەی بەندە دەستی دەڕوات !
سەرچاوە : کوردستانی نوێ