هێمن عەبدولقادر
ژن و پیاوێکی پیری قوڕ بەسەر ، بە هەزار فەلاکەت و نەگبەتی، لە گوندێکی دورە دەست عومرێک ژیانیان بە ناچاری بێت یان بە چاری ، لەگەڵ یەک تێپەڕاندووە ،و لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیاندان ، لەپڕ مایک بەدەستێکی دەموچاو پلاستیکی، برژانگ سەناعی دەموچاو هەڵهاتووی لێو ئاوساوی ، لاشە دەستکرد، ئەڵێی جوجکە و لە مەفقەسدا هاتۆتە دەرێ ، بێ ئەتەکێت،نەفام ، گێل.
لە پڕ پەیامنێرەکە دەپرسێ :-
چۆنی ؟
بە خۆشەویستی زەواجتان کردووە ؟ بەتەما نیت بیکەیت بە دوان ؟ ژن خۆشە یان شووتی ؟ کاتی خۆی دڵداریت کردووە ؟ لەسەر ڕێگەی کانی رێگەت بەژنی تر گرتووە ؟ شەوان چۆن ئەخەوتن ؟ قەت نامەت بردووە بۆ خۆشەویستەکەت ؟ بە گەنجێتی کچ چاوبڕکێیان لەگەڵ کردوویت ؟ حاجی ژن پێی ماوە ؟
ئێ کچێکی گەنجی مناڵی نەفامی بێ مەعریفە ، پاوانەیەکی قاچ و سنگێکی ڕووت، ئەسڵەن مایکەکەی یەخەی و دەستی لەسەر بنەمای لەش و لاری دراوەتێ نەک لە سەر بنەمای هۆشیارییەکەی ، پیاوی قوڕبەسەری ئێمەش عومرێک دورخەوتن ، زەمەنێک قسەی تاڵ و توانج ، بەم ئازار شکێنە فریودەرانە لەخشتە ئەبرێت هەرچی کەفوکوڵی گەنجێتی و حەسرەتی بەدینەهاتووی هەیە ، وەک بۆمبی نەتەقیو و خەفەبوو دێنێتەوە سەر ڕێ و هەرهەمووی بەو مالەدا دەتەقێنێتەوە.
...............
لەولاشەوە ژنێکی بەتەمەنی قوڕ بەسەر ، کە سەدان شەوی نەگبەتی و هەناسە سەردی و مناڵ بەخێوکردن و گاوانی و باخداری بەڕێکردووە ،لەسەر بانیژگەیەک ، یان لە لێواری تەنورێکدا یان لە ژێر ساباتێکدا هەر پیش دەخواتەوە ،
کەچۆن بابای پەیامنێری سەناعی دروستکراوی دەستکرد قاقا ئەتریقێتەوە و پێئەکەنێت ، پەیامنێری بێ ئەتەکێت ئەزانێت کە مامەلەیەکی باشی ئەنجامداوە و لە رێگەی ئەو قۆڵبڕین و فریودانە زیهنییەوە ، کالایەکی باشی دەستکەوتووە کە بیباتەوە بۆ شار وەک هێلکە و گەنمی جاران لایک و کۆمێنت و ناوبانگ و سەرمایەیەکی زۆر بۆخۆی پێکەوە دەنێت و ڕەنگە لە داهاتوشدا ژمارەیەک لەم بوکەڵە صەناعیانە ، بباتە پەرلەمان بەناوی زلە پێشکەشکار و زلە پەیامنێر.
.......................
(شیرین ئەبو عەقڵە) هەتا ئەو ڕۆژەی کە لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە کوژرا ، بە قژێکی نەبەسترا و خوژەیەک و درعێکەوە هەمیشە نوێنەرایەتی هەزاران هەزار ئافرەتی خاوەن قەزیەی ئەکرد .
لای ئێمەش سەتڵێکی خستۆتە ژێر (گا)یەکەوە و گونی گاکەی گرتووە بەحسابی (گووان) بیدۆشێت،
پێشینان بەیەکێکی زۆر نەزان و نەفام ئەڵێن بابە لێیگەڕێ ئەوە (گا بەگونا ئەناسێتەوە) ئەم تایپە لە بەناو ڕاگەیاندنکار و پیشکەشکار ، کە( قول و فول) لەیەک ناکەنەوە ، جگە لە ئارایشت و جوانکاری و قسەی حەلەق و مەلەق و ڕەسم و سناپ و ستۆری ، کەوتوینەتە سەردەمێک تەنانەت (گا بەگونیشا ناناسنەوە)لە چەندین بەرنامەدا بە تەما بوون بیدۆشن.
......................
راگەیاندن و میدیا لە دنیادا کاری گەورەیان ئەنجام ئەداوە ، ئەوکاتەی (نیۆرک پۆست) بەدوای سکانداڵ و ئابڕوچونی (جۆ بایدن) و پەیوەندی بە کۆمپانیای گازی سروشی ئۆکرانیا بەناوی(بۆریسما) دەڕۆیشت ، میدیاکاری کورد گەورەترین پرسی ئەوەبوو ، حەزەکەی بیکەیت بە دوان؟
ڕۆژگارێک (واشنتۆن پۆست) دەستی بە (ریچارد نیکسۆن)ی سەرۆکی ئەمریکا دەکێشایەوە لەسەر ئابڕوچونەکانی (Watergate) ،
ئەنجوومەنی ئاسایشی ناچار دەکرد لەسەر (لۆکەربی) کۆببنەوە ، (ڕۆناڵد ڕیگان)ی لەسەر کڕینی چەک لە ئێران و بارمتە گرتنی ئەمریکیەکان لە لوبنان تا ڕادەی شکست ئەبرد ،
بەناو میدیاکاری ئێمەش هەر دوان و سیان بە سواری تراکتۆر و ئەسپ و بە حیلکە حیلک و دەمپانکردنەوە ، ڕویان کردۆتە ئەو دەشت و دەر و شاخ و گوندانە و ئەو تالە دەزوەی کە دوا پیچی کڵافەی کۆمەڵایەتی بەناچاری و بەزۆر بادراوە ، بە لاشەیەکی صەناعی و بە پرسیاری قۆڕ و بێمانا و موراهیقانە بۆ هەتا هەتایە دەیپچڕێنن و دەڕۆن.
...................
ئەڵێن پاشایەک لەگەڵ دارودەستەکەی لە شار دەرچوون بینیان پیاوێکی بەتەمەن لە بن سێبەری دارێک بە کەماڵی دڵ پاڵکەوتبوو گۆرانی ئەوت ، پاشا و دارو دەستەکەی لێیان پرسی پیرە پیاو بۆ نایەیت تا شار ببینیت ، ئەو هەموو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە چیت داوە لەم دەشت و دەرە ، کابرای پیریش وتی:-
زۆر باشە باشای پایە بەرز بەڵام پرسیارێکم هەیە ، ئێوە کە لەو ئاوەدانییە دڵتەنگ دەبن ڕو دەکەنە کوێ ؟ پاشا وتی دێین بۆ ئەم دەشت و دەرە ، کابرا وتی دەی وازم لێبێنە با هەر لێرەبم باشترە .
ئەوان لە داخی ئێوە ڕوویان کردۆتە ئەو شاخ و داخ و کێوە ، دەی لێیان گەرێن با هەر لەوێ بمێننەوە ، نەچوونی ئێوە خێری زیاترە وەک لە چونتان ، چونکە ئێوە کالایەکی بازرگانین ، بازرگانێک چۆن بۆ ساغ کردنەوەی کالاکەی کۆمەلێک کارمەند ئەهێنێت بە تیلەی چاو و جوولە کریار ڕابکێشن ، میدیای کوردیش (میدیای پیاو) لەسەر هەمان میتۆد کار ئەکات کۆمەڵێک خەڵکی بەدبەختی هێناوە ، ریزێک جوانکاری و ژمارەیەک ئینارەی لێداوە و بۆ خۆی خەریکی مامەلەی سیاسی و ڕیکلامی بازرگانیین لەپشتەوە بەم گەنجانە ، بەم بەدبەختانە.
ــــــــ
ئەمڕۆ بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە تەنها لەسەر سنوور و لەناو یەخت و شاحینەدا ناکرێت ، ئەمڕۆ زۆرینەی مۆڵ و خاوەنکار و بازرگان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە فەرمی و تایبەتەکانیش خەریکی ئەم بازرگانیە بێ ئابڕوویەن، بازرگانێیەکی بێ ڕەوشتانە ، بەڵام لەژێر ناوی جیاجیا.
حەمدی وتەنی :-
ئەم کیبارانە سیغارن ، (حەمدیا) ئەربابی فەزڵ
لازمە پەروەردەیان کەن هەروەکوو تیفلێ بەشیر
ئەمانەی کە سوار سەری ڕاگەیاندن و میدیابوون و خۆیان لێبووە بەشت ، پیویستە لەلایەن خەڵکی شارەزا و بەئەزموونەوە فێری ئەدەب و ڕێز بکرێن هەروەکو منداڵێک کە هیچ نازانێت و فێری شیر خواردن ئەکرێ.
نوقتە سەری دیر ....
...................................................
مەهێڵن باوک و دایک و باپیر و برا و خوشک و کەسوکارتان لەژێر ناوی جاوپێکەوتن ببن بە قوربانی ئەم جۆرە بازرگانییە بێ ئابڕویانە،ئەمە کاری دەوڵەتە ئەم سوکایەتی و بازرگانیە ڕاگرێت کە لەژێر ناوی ڕاگەیاندندا بە کچی گەنج و خەڵکی فەقیر و کاسب و کشتیار و شوانکارە و هەموو چینەکان دەکرێت.
سەرچاوە : درەو