سۆران
محمد گۆران نووسەرو ڕۆژنامەنووسی هەولێر کە خاوەنی چوار کتێبی ناوازەیە و هەستی نەتەوەیی و کلتووریی و ئەدەبیی کوردیی، لە زیهن و نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت، دەیەوێت مێژووی نەتەوەکەی و کەسایەتییە ئەدەبیی و سیاسیی و شۆڕشگێڕییەکانی نەتەوەکەی بە نەوەکانی ئێستا ئاشنا بکات، داواش دەکات نووسەران قەڵەمەکانیان نەفرۆشن.
محمد حسێن شەریف ناسراو بە محمد گۆران ماوەی ٢٥ ساڵە مامۆستایە و لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، لە ساڵی ١٩٩٩ دەستی بەکاری نووسین کردووە، بەڵام سەرەتا بە کاری ڕۆژنامەوانی دەستی پێکردووە و تا ئێستاش وەک ڕۆژنامەنووس بەردەوامە و بەڕێوەبەری نووسینە لە گۆڤاری (دیوان) کە لە شاری هەولێر بڵاو دەکرێتەوە، لە زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاردا کاری کردووە.
کتێبەکانی بریتین لە (ڕمزی نافیع ڕۆڵەیەکی فیداکاری کوردستان) کە سێ جار چاپکراوە، (خانی لەپ زێڕین و شەڕی شەش مانگەی قەڵای دمدم) و (میر محمدئەمین دەرگەڵەیی) و (کچانی مەکتەب) کە باس لەو کچە ڕەچە شکێنانە دەکاتە لە ساڵانی ڕابردوودا چوونەتە قوتابخانە و خوێندوویانە.
نووسەر محەمەد گۆران بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: نووسین بەبێ ئامانج نابێت، ئامانجی منیش لە نووسین ئەوەیە کە نەوەی ئێستا و داهاتوومان ئاشنا بکەین بە ڕابردووی نەتەوەکەمان، چونکە دەبێت نەوەی ئێستا بزانن ئەوەی ئێستا هەیە پەیوەندی بە خەبات و تێکۆشانی ڕابردووەوە هەیە، دەبێت بزانن کێ لە ڕابردوودا تێکۆشانی بۆ نەتەوەکەی کردووە و ئێستاش کێ خاوەن دەسەڵاتە و حوکمڕانی دەکات.
هەروەها دەشڵێت: کتێبەکانی من هەریەکە و ئامانجێکی لە پشتە، سێ کتێبی یەکەمم مەبەستم لێی ئەوە بووە نەوەی ئێستا بزانن کە خەڵکانێک هەبوون لە ڕابردوودا کاری گەورەیان بۆ نەتەوەکەیان کردووە و دەبێت ڕێز لەو خەبات و تێکۆشانەیان بگیرێت.
محمد گۆران دەڵێت: نابێت نووسەران بازرگانیی بە نووسینەوە بکەن، گلەییم لەو نووسەرە خانەنشین و دەوڵەمەندانە هەیە کە داوای پارە دەکەن بۆ چاپکردنی کتیبەکانیان، من چوار کتێبم چاپکردووە هەمووی لەسەر ئەرکی خۆم بووە و نەمهێشتووە کاریگەری لەسەر ژیانم دروست بکات، لە کۆتایشدا نووسەر دەتوانێت بڕە پارەیەکی لە فرۆشتنی کتێبەکەی دەست بکەوێت بەڵام ناکرێت نووسەران تەنیا چاویان لەسەر کۆکردنەوەی پارە بێت.
سەرچاوە : ڕۆژنیوز