نووسەرێک داهاتی پەرتووکەکەی پێشکێشی "سندووقی کۆمەک بۆ شێرپەنجە" دەکات

"ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک" نوێترین بەرهەمی نووسەر و رۆژنامەڤان گۆران شاخەوانە و ئەمڕۆ لە کاتی واژۆکردن لەسەر پەرتووکەکەی و بڵاوکردنەوەی بە رووداوی راگەیاند کە داهاتی پەرتووکەکەی پێشکێشی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەکات.
رۆژی دووشەممە، 10-10-2022، لە سەنتەری ئاڵا لە هەولێر پەرتووکەکە واژۆی لەسەر کرا و بڵاوکرایەوە.

گۆران شاخەوان، نووسەر و رۆژنامەڤان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرتووکەکە دەبێتە دووەم بەرھەمی چاپکراوی ئەو و باسی مێژووی ئەمریکا دەکات.

نووسەری کتێبەکە خۆی لە ئەمریکا دەژی و ئاماژە بەوە دەدات کە لە پەرتووکەکەدا "خوێنەر گەشتێک بۆ ئەمریکا دەکات، بە خەیاڵ لە یەک بە یەکی ویلایەت و شارە گەورەکان دەگەڕێت، دەچێتە تایم سکوێر، لەوێ بۆ دوورگەی هوایی، پاشان بازێک بۆ ناشناڵ مۆڵ دەدات. جارجار لەنێو گەرمەی شەڕ و ئاهەنگی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو رووداوەکانی کوردستان، ئینجا لەسەرخۆ بەوپەڕی دڵخۆشییەوە دێتەوە سەر باسی زمان و فەرهەنگی کوردەواری."

پەرتووکەکە لە 480 لاپەڕە پێکهاتووە. نووسەر دەشڵێت، داهاتی پەرتووکەکەی پێشکێشی سندووقی کۆمەک بۆ شێرپەنجە دەکات  "ئەوەش وەک خزمەتێک بۆ ئەوانەی کە تووشبووی شێرپەنجەیان هەیە، بەڵکو لەو رێگەیەوە بتوانم بەشێک لە ئازارەکانیان کەم بکەمەوە."

د. حەمە مەنتک، د. گۆران سەباح و محەممەد مێرگەیی پێداچوونەوەیان بە دەقەکەدا کردووە، کرمانج عەبدولمەجید دیزاینی بۆ بەرگ و نێوەڕۆکی پەرتووکەکە کردووە.

پێشتر نووسەر کتێبێکی دیکەی بەناوی "چەپکێک لە زمان و فەرهەنگی باڵەکایەتی" بڵاوکردووەتەوە کە باس لە رەگەزی نێر و مێ لە شێوەزاری سۆرانی دەکات و لە بەشێک لە زانکۆکانی کوردستان وەک سەرچاوە بەکاردێت.

کتێبەکە لە ناوەندی ئاوێر لە هەولێر بەردەستە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

 

سەرچاوە: rudaw- ڕاوچی حەسەن