نووسین ئەرکە ، وەڵامدانەوە بەرپرسیارێتیە !

 

محەمەد خۆشناو

 

ماوەیەکە هەندێک نووسەر «کە خۆشم یەکێک بووم لەوان » وازیان لە نووسین هێناوە ، چونکە پێیان وایە کە لە کوردستان نووسین سوودی نیە و بێجەدوایە و  ئەوان بێئومێد بوون لە بێدەنگی و قوڕوقپی بەرپرسان  و کۆمەڵگا کە هیچ شتێک نایانجولێنێت و ،  تەمبەڵی و تەپ بوون باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە  ، نە خوێنەر نە بەرپرس نە ڕۆشنبیر وەڵام و رەدیان نیە ، ( من باسی کۆمێنتی مێگەلخانەی گێژ و گەمژەکانی ناو سوشیالمیدیا ) و ئەو دەستخۆشیانەی کە بۆت ڕەوانە دەکرێن  ناکەم ، لەڕاستیدا لەو کەشە قەیراناوی و ناکۆیە و لێکترازانەی کە هاوڵاتیانی کوردستان تیدا دەژین ،  بەرپرسان هیج دەنگدانەوەیەکیان نیە !! کە ئەمە لەدواجاردا دەبێتە کارەسات ، ئێستا حاڵەتێکی شیزۆفرینیا « الانفصام » لەنێوان دەسەڵات و شەقامدا  هەیە کە ترسناکی زۆر هەڵدەگرێت ، من حکومەتم وەک بوونەوەرێکی زەبەلاح لە چەشنی فیل دیتە بەرچاو کە گوێی گرانە و چاوی کز و جوولەی بەکاوەخۆیە و لەسەر هەموو ئەمانەش گوێ ناداتە هیچ  و لەبنەڕەتدا ناتوانێت بەدەنگەوەچوونی یەکسەرلەگەڵ ئەوەی لە ڕۆژنامە یان سایتەکان بنووسرێت هەبێت !! ، کەواتە وەک  ناونیشانی ڕۆمانەکەی  «هەمەنگوای» ، زەنگ بۆ کێ لێبدرێت ، کە کەس نەبێت گوێی لێبێت ؟ بەڵام دەبێت ئێمە دان بەو ڕاستیەش بنێین کە نووسین پێش هەموو شتێک ئەرکێکە و بەرپرسیارێتی نیشتیمانیە و ، لەسەرو ئەمەشەوە خۆشترین چێژە ، نووسین واتە بەرزکردنەوەی هۆشیاری بە کێشەکانی خەڵک و کۆمەڵگە و وڵاتان  ، ئەوەی گرنگە چی دەنووسێت ، هەموو ئەوەی بەخۆی دەڵیت نووسەر ، مانای ئەوە نیە کە ئەو سوودمەندە ؟ کاتێک نووسەر بڕوای بە کێشەیەک هەبێت ، بۆ چەندان ساڵ لەسەری دەنووسێت ، بێئەوەی دەنگدانەوەیەکی خۆزگەدار ببینێتەوە و تووشی هەندێک بێهیوایی دەبیت بۆیە لەو ووتارەدا «هاوار دەکەم » بۆ خۆشەویستی کوردستان و ترس لەسەر نیشتیمان : تکاتان لێدەکەین بەخۆدابچنەوە و رەخنەکان  کە باوکی گۆڕانکاریەکانن بەهەند وەربگرن و حیواری نیشتیمانیی هەلێکی زێڕینە بۆ بەهێزکردنی کوردستان دەبێت بقۆزرێتەوە !!  ئەو فەترەیەی کە ئێمە پێیدا تێپەڕ دەبین پێویستیەکی زۆری بە هۆشیاری و بەرپرسیاریتی و حیوار هەیە و ،  گەورەترین تاوان پشتگوێخستن و بێباکی و بێخەمی و خۆلادانە لە زانینی هۆکارەکانی فەشەل ، کاتێک لە ملیاردێری بەناوبانگی ئەمریکی « ئیلۆن ماسک» یان پرسی ، کە نهێنی سەرکەوتنی لە چیدا بوو کە وایلێکردی ببێتە خاوەن گەورەترین کۆمپانیا لە بواری بەها لە بازاڕی دراوی ئەمەریکیدا ؟ گووتی 🙁 تائیستاش بەتەنگی زانینی هۆکاری زەرەکردنی ئەوانی ترەوەم ، تا دووبارەی نەکەمەوە ) بەداخەوە ئێمە خۆمان لە هۆکارەکانی فەشەلهێنان لادەدەین و پشتگویان دەخەین ، بزانە پشتگوێخستن چ دۆزەخێکی لە هۆڵەکەی حەمدانیەی موسڵ بەرپاکرد ، جا دەبێت هی وڵاتان و حکوماتەکان چۆن بێت ؟!  دەیان رەخنە لە سەرکردەکانی کورد گیراوە کە هۆکاری شکستەکانمان ئەو پێشتگویخستنانەیە کە ئەنجامی دەدەن ، بەڵام کەس گوێی بەو رەخنانە نەدا و کارلێکی لەگەڵ ناکات ، ئەو رەخنانەی کە لە ویژدانێکی پاکەوە دەردەچن؟!  ئەگەر نووسین ئەرک بێت ، وەڵامدانەوە بەرپرسیاریتیە ، هاوڵاتی مافی خۆیەتی ڕاستی بزانێت چونکە ئەمە بەشێکە لە بەرپرسیاریتی ، شەرمکردن لە فەشەلەکانمان وادەکات  بێهێز و بەرانبەر ناحەزان کز و دەستەوستان بین ، یان وامانلێبکەن بتوێنەوە لەناو کلتوورێکی بەهێز وەکو هیندیە سوورەکان قڕمان بکەن ، کە  جێی داخە کە  لەناو خۆماندا کۆمەڵە خەلکێکی زماندرێژی عێڕاقچی بێشەرمانە لەژێر پەردەی رەخنە لە دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکەن و لەو تاکە قەوارەی خەباتی سەد ساڵی کورد دەدەن ، یان واتلێبێت  لەرقی بەرپرسانی دەسەڵات پەنا بۆ کەسێکی شوڤینی و ئایینی مەزهەبی وەک قەیس خەزعەلیەکی بکوژ ببەی وەک فریاد ڕەس  سەیری بکەیت !! نازانم بۆ وامانلێهاتووە !؟

ئەوانەی کە لەو بڕوایەدان کە نووسین جەدوای نیە ، ئەگەر لەسەر هەقیش بن ، واباشترە بەردەوام بن لەسەر نووسین و رەخنەگرتن لەجیاتی قەڕوقپی تەواو ، ئەو حالەتە نادیارەی کە تێیدا دەژین داوای ئەو هەڵوەستەمان لێدەکات کە بەڕەفتارەکانماندا بچینەوە لە مامڵەکردنی بێخۆبەزلزانی و پشتگوێخستن …حالەتی دابڕان لەنێوان شەقام و دەسەڵات و حزبەکان و ئەو حالەتە نادیارەی کە تییدا دەژین ، دەرگای زۆر بۆ پڕوپاگەندە و پەنابردن بۆ ناحەز دەکاتەوە و ، وا لەمرۆڤ دەکات سەرسوڕماو بێت لەبەردەم جیهانێک کە هیچ شتێک ناشارێتەوە و ، باشترین لەو جیهانە بریتیە لە ڕاستی و هیچ شتێکی دیکە نیە .

سەرچاوە ؛ سپی میدیا