محه‌مه‌د ره‌زا كه‌ڵهوڕ
وردنووسین به‌رهه‌می عه‌قڵی ره‌سه‌نێتی گه‌وهه‌ر و خودی بێ رتووشی دیارده‌كانه. له مینیماڵیزمدا (Minimalism) جوانی له كورتكردنه‌وه و پوختكردنهوهدایه، چونكه مینیماڵیستهكان باوه‌ڕێكی پته‌ویان به لابردنی هه‌موو زیاده ناپێویسته‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌وه‌ش زیاتر هه‌یه. له‌هه‌ر بوارێكی هونه‌ریدا، له ده‌قی نووسینه‌وه بگره هه‌تا شێوه‌كاری و ته‌لارسازیی و هتد. زاراوه‌ی "مینی‌ماڵ" له رووی زمانه‌وانییه‌وه به مانای زۆر ورد و بچووك و كورته. "نووسه‌ری مینیماڵیست" بونیادی ده‌ق و شێوازی ده‌ربڕینی له‌سه‌ر بنه‌مای بێ رتووشی ده‌ربڕین و شێوازێكی داماڵراو له درێژدادڕیی و ئاڵۆزیی داده‌ڕێژێت و هیچ باوه‌ڕێكی به رازاندنه‌وه و وه‌سفی ناپێویست نییه.
بارودۆخ: لایه‌نی ناوه‌كی بۆ فه‌زای زیهنی:
هه‌ستی زاڵی خوێنه‌ر كه ده‌كه‌وێته ناو "بارودۆخی" چیرۆكه‌وه، له‌م چیرۆكه‌دا واته"له تاریكی‌دا ده‌مێنینه‌وه" هه‌ستێكی كاریگه‌ره و هه‌ستی هاوده‌ردی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه و سه‌رگه‌ردانییه. فه‌زای زیهنی چیرۆك له‌گه‌ڵ شێواز و حاڵه‌تی چیرۆك و ده‌وروبه‌ر "stting" ته‌واو گونجاو و په‌یوه‌سته به‌یه‌كه‌وه. "بارودۆخ" یان "فه‌زا و ره‌نگ" حاڵه‌تێكه كاریگه‌ریی رێكخستنی "كات و شوێنی دیمه‌نه‌كه‌ی له‌سه‌ره" كه شه‌وه و ژوورێكی تاریكه، وه‌سفی كورت و پوخت، گفتوگۆی ورد و كورتكراوه و ... ده‌بێته هۆی كاریگه‌ریی فه‌زای زیهنی "Atmosphere" غه‌مناك و ناخۆش لای خوێنه‌ر. فه‌زای زیهنی بێگومان هه‌مان لایه‌نی ناوه‌كی چیرۆكه كه په‌یوه‌ندی به وه‌رگرتنی زیهنی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه. غه‌م و حه‌سره‌تی نه‌بوونی باوك و عه‌شقی له ده‌ستچوو، حه‌سره‌تی دووباره پێكه‌وه‌بوون له له‌ده‌ستدانی گێڕه‌ره‌وه‌دا له چیرۆكه‌كه‌دا هه‌م ئاشكرایه هه‌م په‌نهان، هه‌مان ئه‌و شته‌ی به پێی لێكدانه‌وه‌ی ماریۆ بارگاس یۆسا به "دراوی په‌نهان" ناوده‌برێت و ده‌بێته هۆی قووڵیی له چیرۆكدا.
مانه‌وه له تاریكی‌دا و ئه‌و رووناكییه‌ی كه دیسان له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ رۆیشتنی ژنه‌كه‌دا نامێنێت، باری ره‌مزییه‌تی چیرۆكه‌كه قورس‌تر ده‌كات! تابلۆ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ی ده‌ریا كه كوڕه‌كه كێشاوێتی، ده‌بوو شین بێت و شین نییه! كراسه مه‌یله‌و سووره‌كه كه ئێستا له‌به‌ری ژنه‌كه‌دایه و ژنی پیاوێكی تره! بۆ كوڕه‌كه، باوكێكه كه قه‌ت نابێته باوكی! حه‌سره‌تی وتنی: نه‌خێر، مه‌ڕۆ ... جه‌بری نه‌توانینی وتنی وشه‌ی "مه‌ڕۆ" و رۆیشتنی تووڕه و به‌پرتاو و بێئیراده‌ی ژنه‌كه. دووباره به ته‌نیا مانه‌وه‌ی كوڕه‌كه و تاریكی و دووباره تاریكی ... به‌ڕاستی ئه‌م حاڵه‌تانه چ فه‌زایه‌ك له زیهنی خوێنه‌ردا دروست ده‌كه‌ن؟
ریتم یان شێواز
ئه‌م چیرۆكه یان ئه‌م پارچه مۆسیقایه ده‌بێت خێرا بێت؟
ریتم (Rhythm) خێرایی و هێواشیی قسه و شێوازه، له‌وه‌ش گرنگتر گێڕانه‌وه و ئامرازی شێوازه. ریتم به "به‌دوای یه‌كداهاتنی رێك‌وپێك یان ته‌قریبه‌ت رێكوپێكی نێوان شته دووباره‌كان و ورده‌كاریی وشه‌كانیش" پێناسه‌كراوه. كه هه‌ڵبه‌ته ئه‌م پێناسه‌یه زیاتر بۆ شیعر راسته. ریتمی چیرۆك جاریوایه به په‌خشانی ریتمداریش پێناسه ده‌كرێت. "ئیبراهیمی گوڵستان" به‌و شێوازه ده‌ینووسی كه ئێمه مه‌به‌ستمان له‌وه نییه. ریتم، شێواز نییه، رێك هێواشی یان خێرایی گێڕانه‌وه‌یه. ئاشكرایه ریتمی چیرۆك، له شوێنه جیاوازه‌كاندا هێواش یان خێرا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كه‌وه یان په‌یوه‌ندی به بارودۆخ یان فه‌زای زیهنی كاره‌كته‌ره‌وه هه‌یه، له بارودۆخی پڕ كێشه یان هه‌ڵچوون یان ماندووێتی و ...هتدا. چونكه ئه‌و چیرۆكه‌ی ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمانه زۆر كورت و پوخته، رێك وه‌كو پارچه مۆسیقایه‌ك وایه كه به‌خێرایی لێده‌درێ و له كۆتاییدا ده‌یه‌وێت زه‌ربه‌یه‌ك له زیهن بدات! چه‌ند جارێك به‌خێرایی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو (فلاش باك-flash back)ی تێدا ده‌بێت، دیالۆگی كورت و پوخت، وه‌سف و گێڕانه‌وه ته‌واو تهلهگرافییه، چونكه به شێوازی چیرۆكی مینیماڵیستی نووسراوه. تا له‌ناكاو (كردار-fade) ێكی ره‌ش رووده‌دات. تاریكی! وه‌كو كلیپێك یان كورته‌فیلمێك، واته وێنه‌ی پیاوه‌كه و كوڕه‌كه‌ی كه له تاریكی‌دا ده‌مێننه‌وه.
فۆرم یان شێوه
ده‌بێت شێوه له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكدا بگونجێت.
شێوه‌ی دیار و پێكهاته‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێكی هونه‌ری یان چیرۆك كه یه‌كپارچه‌یی ته‌واو، هاوئاهه‌نگی نێوان شێوه و ناوهڕۆك و شێوازی ده‌ربڕینی ده‌قه‌كه له خۆی ده‌گرێت. له راستیدا فۆرم، په‌یكه‌ربه‌ندی (configuration) یان شێوازی رێكخستن و هاوئاهه‌نگی به‌شه‌كانی تێكستی هونه‌ری و چیرۆكه. فۆرم له روانگه‌ی كلاسیكه‌كانه‌وه ته‌واو میكانیكی و كراوه بووه، به ده‌ربڕینێك، شێوه و ناوهڕۆك، به‌پێی ئه‌و ناواخنه گوزارشتی لێده‌كرێت كه تیایدا جێگه‌ی ده‌كرێته‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه فۆرم و ناوهڕۆك له یه‌ك جیان. به‌ڵام له فۆرمی ئۆرگانیكیدا (organic form) به ئاوێته‌كردن له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكدا، شان به‌شانی ناوهڕۆك ده‌خرێته‌ڕوو.
له كورتیلهچیرۆكی (له تاریكی‌دا ده‌مێنینه‌وه) دا، ئاوێته‌كردن و هاوئاهه‌نگی فۆرم و ناوهڕۆك، وایكردووه چیرۆكه‌كه جوان بێت و شایانی خوێندنه‌وه بێت. له‌و رووه‌وه كه ناوه‌ڕۆكێكی باش له‌گه‌ڵ فۆرمێكی جوان‌دا شایانی خوێندنه‌وه‌یه و فۆرمێكی جوان وا ده‌كات ناوهڕۆك باشتر بخوێنرێته‌وه. فۆرمی گونجاوی چیرۆكه‌كه، له هاوئاهه‌نگی و گونجاویدایه له‌گه‌ڵ شێواز و گێڕانه‌وه و ناوهڕۆك. له كورتیلهچیرۆكی ناوبراودا به‌و شێوه‌یه‌یه.
هیچ بنه‌مایه‌ك وه‌كو پلۆت له بهچیرۆكبوونی ده‌قێكدا چاره‌نووسساز نییه!
ئه‌رستۆ له "هونه‌ری شیعر"دا له روونكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی تراجییا و درامادا، باسی شه‌ش به‌ش یان ره‌گه‌ز ده‌كات. ئه‌رستۆ له‌و نامه‌یه‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه : "گرنگترین به‌ش پێكه‌وه‌گرێدانی كار و كاردانه‌وه‌ی ناو چیرۆكه." له سیستمی فیكری ئه‌رستۆییدا (Mythos) ته‌نیا به مانای ئه‌فسانه نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێ شێوازی گێڕانه‌وه‌یه كه لاسایی كردار یان كار و كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌كاته‌وه له تراجیدیای چیرۆكدا كه له‌سه‌ر بنه‌مای به دوای یه‌كداهاتن و هۆكاری رووداوه‌كان فۆرمه‌ڵه ده‌بێت. وێڕای ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی ئه‌رستۆوه پێویستیی تراجیدیا و "چیرۆك" یه‌كگرتوویی و "كامڵبوون"ه. واته "سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست، كۆتایی" ده‌بێت یه‌ك بن و ته‌واوكه‌ری یه‌ك بن و به‌دوای یه‌كدا بێن. دوای ئه‌م روونكردنه‌وه پێویسته با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر چیرۆكه‌كه و بنه‌مای "پلۆت" و "كاره‌كته‌رسازی" تیایدا: ژنه‌كه له ژوورێكی تره‌وه یان له جێگایه‌كی تره‌وه كه رووناكه له‌گه‌ڵ رووناكییهكهدا دێته ژووره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكێكی جوان بۆ كوڕه‌كه بخوێنێته‌وه تا خه‌وی لێبكه‌وێت. یه‌كه‌مجار وه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌با گرتبێتی، له وێنه‌كه‌ی گێڕه‌ره‌وه راده‌مێنێ و ماتی ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه ماناداره‌ی ده‌بێت. كه یه‌كسه‌ر دێته ژووری كوڕه‌كه ئاوا دێته ژووره‌وه:
"كاتێ دێته ژووره‌وه هه‌مان كراسی مه‌یله‌و سووری له‌به‌ردایه. كه چاوی به ته‌پڵه‌كه‌كه ده‌كه‌وێت قۆپچه‌كانی داده‌خات." له‌سه‌ر تهپڵهكهكهوه ده‌زانین وێنه‌ی پیاوه‌كه گێڕه‌ره‌وه‌یه. ژنه‌كه شه‌رم له "ئاماده‌گی نائاماده‌ی پیاوه‌كه" و ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه ده‌كات، بۆیه رووی وێنه‌كه ده‌كاته دیواره‌كه، هه‌ڵبه‌ته تینووی بینینی ئه‌و نیگا و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌یه! ئه‌و كاته‌ی كتێبێك هه‌ڵده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكێك بۆ كوڕه‌كه بخوێنێته‌وه، چوارچێوه‌ی وێنه‌كه ده‌خات. ئه‌م ژنه چه‌ند تووڕه‌یه! كوڕه‌كه به بێتاقه‌تییه‌وه هاوار ده‌كات: "شكاندت" مه‌به‌ستی له شووشه‌ی چوارچێوهكهیه. ژنه‌كه به بێ هیچ دڵدانه‌وه‌یه‌ك پێی ده‌ڵێت: "شش مه‌گری، باوكت تووڕه ده‌بێت." ژنه‌كه ده‌گری و ترس و تۆقین له مێرده تازه‌كه‌ی ده‌كات به بیانوو. له‌م كاته‌دا، وێنه‌ی پیاوه‌كه كاتێ رووی ده‌كاته دیواره‌كه ده‌ریای خۆڵه‌مێشی ده‌بینێت و كاتێك ده‌یخاته خواره‌وه یان له‌سه‌ر سه‌رینه‌كه ده‌مه و رووی ده‌كات یان كاتێ ژنه‌كه ئیتر ده‌یه‌وێت بڕوات توانای ئه‌وه‌ی نییه بڵێت "مه‌ڕۆ"! ته‌نیا زه‌رده‌خه‌نه ده‌كات. له‌پڕ، ژنه‌كه بێ ئه‌وه‌ی چیرۆكێ بۆ كوڕه‌كه بخوێنێته‌وه ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی گڵۆپێكی هه‌ڵكردبێت، گڵۆپ ده‌كوژێنێته‌وه! ده‌ڕوات و دیسان تاریكییه و له‌م به‌سه‌رهاته‌دا بۆڵه بۆڵی مێرده تازه‌كه‌ی: "نایه‌ی بخه‌ویت؟" یان "دیسان بۆ كوێ چوویت؟" بۆ ژنه‌كه بێزاركه‌ره. بێگومان به‌هۆی فۆرمی زیره‌كانه‌ی چیرۆكه‌كه‌وه، پلۆتێكی ئاوا به‌و چڕكردنهوهیهوه "به‌پێی شێوازی مینیماڵیستی" دێته‌به‌رهه‌م و ده‌بێته داهێنان، بێگومان به هیچ قاڵبێكی تر گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاوا كاریكرده نییه و ته‌سه‌ور ناكرێت. ره‌گه‌زه‌كانی تریش وه‌كو (بابه‌ت، ناوهڕۆك، گێڕانه‌وه، ململانێ، رووداو ... هه‌رچی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت له چیرۆكدا هه‌بێت یان به زمانێكی ساده‌تر ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی چیرۆك كه بوونیان پێویسته) له‌م چیرۆكه‌دا قابیلی لێكۆڵینه‌وه‌ن كه دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌نده‌وه نووسراون.
سه‌رنج: له كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا چه‌ند رسته‌یه‌كم لابردووه و ته‌رجه‌مه‌م نه‌كردوون، چونكه پێویست نه‌بوون.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سەرچاوە: knwe