وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجەیە. بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە دەڵێت، بڕیارە ناوەندێکی پاراستنی منداڵان لە خورماڵ بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-07-2025 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و بڕیارە ژمارەیەک کار و چالاکیی تایبەت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت.
دانا حەمەشەریف، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە سەردانەکەیدا سەنتەرێکی پاراستن و چاودێریکردنی منداڵان لە قەزای خورماڵ بکاتەوە."
ناوەندەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە دەبێت. بەگوتەی دانا حەمەشەریف، "کردنەوەی بە ئامانجی چاودێریکردن و پێگەیاندنی زیاتری منداڵانە کە پێشتر ناوەندێکی هاوشێوە لە قەزاکەدا نەبووە."
وەک بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە دەڵێت، کوێستان محەممەد ناوەندێکی شیاندنەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش بەسەر دەکاتەوە کە پێشتر دەستی بە کار و چالاکییەکانی خۆی کردووە.
هاوکات بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێـمی کوردستان، لە ناوەندی پارێزگاکە رێوڕەسمێک بۆ کۆتاییهاتنی خولێکی راهێنانی ژنان بەڕێوەچوو کە لە بواری بەرگدرووییەوە بڕوانامەیان پێشکێشکرا.
سەرچاوە : ڕووداو