نامیلكه‌ی ''كوردا'' چاپ كرا

نامیلكه‌ی  "كوردا"، "كورته‌ی قۆناغه‌كانی مێژووی كورد بۆ قۆناغی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كار"  له‌ نووسینی شێركۆ عادل ده‌باغ له‌ دووتوێی 50 لاپه‌ڕه‌دا، له‌ ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان له‌ سلێمانی چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.
شێركۆ عادل به‌ "وشه‌"ی گوت، كوردا، گه‌له‌رییه‌كی وێنه‌گرییه‌، كورتكراوه‌ی قۆناغه‌كانی مێژووی دێرینی كوردستانه‌، هه‌وڵێكه‌ تابلۆ و كۆمێنته‌كانی بۆ وێناكردنی رابردووی هه‌زاران ساڵی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان، تا به‌ئاسانی و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و كورتكراوه‌ی قۆناغه‌كانی مێژووی دێرینی كوردستان، پێشان بدرێت بۆ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاران.

ئه‌و گوتی، نامیلكه‌كه‌ ده‌كرێت به‌ سێ به‌شی سه‌ره‌كییه‌وه‌، به‌شی یه‌كه‌م باسه‌ له‌ كورته‌ی قۆناغه‌كانی مێژووی كوردستان و سه‌ره‌تاكانی دروستبوون و چاخی به‌ردینی كۆن، كۆچ به‌ره‌و زاگرۆس و مرۆڤی نیانده‌رتاڵ له‌ شارستانییه‌تی برادۆست، هه‌روه‌ها دواتر دێته‌ سه‌ر باسی چاخی به‌ردینی ناوه‌ند و چاخی به‌ردینی نوێ و كۆنترین و یه‌كه‌مین داهێنانه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

زیاتر گوتی، به‌شی دووه‌میشی باس و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ له‌باره‌ی به‌ره‌به‌یانی خێڵه‌ زاگرۆسییه‌كان و شانشینه‌ دێرینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، سه‌رده‌می گۆتیه‌كان و ئیمپراتۆره‌كان و شانشینه‌كان و سه‌رده‌م ئیمپراتۆریی دووجه‌مسه‌ری تا سه‌ده‌ی سایكس بیكۆ و داگیركارییه‌كان. 

هاوكات به‌شی سێیه‌میش ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، ئاكه‌نجی و ئاوه‌دانی و هونه‌ری شێوه‌كاری و گڵینه‌ی كورد و دامه‌زراندنی ئۆردوگای سۆمه‌رییه‌كان، نووسینی چیلكه‌یی و مێخه‌كی و ئاین و جه‌ژنی نه‌ورۆز و تێبینی له‌سه‌ر وێنه‌كان و سه‌رچاوه‌كان.

ئه‌وه‌شی گوت، نامیلكه‌ی  "كوردا"، "كورته‌ی قۆناغی مێژووی كورد بۆ قۆناغی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كار" له‌ دووتوێی 50 لاپه‌ڕه‌دا، له‌ ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان له‌ سلێمانی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و ئێسته‌ به‌رده‌سته‌ بۆ خوێندنه‌وه‌.

شێركۆ عادل ده‌باغ نووسه‌ر و مێژووناسه‌ و چه‌ندان چاپكراوی تری هه‌یه‌ و له‌ هه‌نده‌ران نیشته‌جێیه‌.

سەرچاوە: wishe/ ئاسان محه‌مه‌د