عەدنان حوسێن
شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی
(ئەو کاتەی چەتەکانی ئەردۆگان، بە هاوکاری لە شکری تیرۆرستان و موجاهیدان، پەلاماری عەفرینیان داو داگیریان کرد، ڕۆژنامەنووسی بە هەڵوێستی عێراقی عەدنان حوسێن – کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کۆچی دواییکرد -، لەسەروبەندی ئەو پەلامارە نابەرابەر و دوژمنکارانەیەدا، ئەم وتارەی نووسی. منیش هەر ئەو کات لەبەر گرنگی وتارەکە و هەڵوێستی جوامێرانەی نووسەرەکەی، وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی.
ئێستا کە تیرۆریست و مرۆڤکوژەکانی ئەحرارولشام بە پاڵپشتی ئەمیرولموئمنین ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە ستراتیژی کوردقڕان بەردەوامن، جارێکی تر بە بیر هێنانەوە و بڵاوکردنەوەی نووسینەکەم بە پێویست زانی.)
***
لەشکری تورک سەروەختێک پەلاماری شاری عەفرینی دا، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا کە کردی. کوشتن و وێرانکاری و سوکایەتیکردن بە لاشەی قوربانیەکان.
ئاخر تورکیا لە ئێستادا، حکومەتێکی تورانچی بەڕێوەیدەبات و سەرۆکەکەشی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دەیەوێت شکۆی باب و باپیرانی (قارەمانانی قەتڵ و عامی ئەرمەنەکان و ئەوانی دیکەش)، بەدەست بێنێتەوە.
دوای شەش دەیە لە سیاسەتی شۆفێنیزم کە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی تورکیا لە دوای ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی پەیرەویانکرد، تۆرگۆت ئۆزال کە لە نێوان ساڵانی(١٩٨٣ بۆ ١٩٨٩) سەرۆک وەزیران و (١٩٨٩ بۆ ١٩٩٣) سەرۆک کۆمار بوو(لە پارتی نیشتیمانی دایک)، پێیوابوو سیاسەتی دەسەڵاتدارانی پێش خۆی، خێر و خۆشی و ئارامییان بۆ وڵاتەکەی نەهێناوە، بۆیە قۆناغێکی کرانەوەی بەرووی نەتەوە جیاجیاکاندا دەستپێکرد، بە تایبەت کوردەکان کە کێشەی گەورەبوون بۆ تورکیا. ئەویش بە هۆی نکوڵیکردن لە مافەکانیان و گرتنەبەری سیاسەتێکی سەرکوتکەرانەی زەقوزۆپ دەرهەقیان، سیاسەتێک تەنانەت مافی گۆرانی چڕینیشی، بە زمانی خۆیان لێ قەدەغە کردبوون.
ئۆزال بنەمایەکی داڕشت و ئەوانەشی دوای خۆی هاتن، کاریان لە سەر ئەو بنەمایە دەکرد، ئەگەرچی بە شێوەیەکی خاو و خلیچکیش بووبێت. پارتی داد و گەشەپێدان یەکێکبوو لەوانە، بە تایبەت لە سەردەمی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری پێشوو(عەبدوڵڵا گول)دا.
وەلێ جێنشینەکەی گول (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) کە لە دواجاردا دەسەڵاتێکی ڕەهای دا بەخۆیی و فەرمانڕەوایەتی بە شێوازی سوڵتانەکانی عوسمانی دەکات و ژیانی پڕ عەیش و نۆشی ئەوان دەگوزەرێنێ، بە ئاراستەیەکی تردا پێچی بە تورکیا کردەوە.
ماوەی پێنچ دانە ساڵە ئەردۆگان کۆی لەوە نەکردۆتەوە، سنورەکانی تورکیا لەبەردەم ڕێکخراوی داعشدا ئاوەڵا بکات و بەوەش ئەو وڵاتە بوو بە دەروازە و پەناگەیەک، بۆ دەیان هەزار لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییەی، وەها هەڵسوکەوتیان دەکرد، وەک ئەوەی تورکیای ئەردۆگانی بنکە و بارەگای سەرەکی خەلافەتەکەیان بێت.
ئەردۆگان دەزانێت چی دەوێت. ئاخر ئەو خەون بە گێڕانەوەی سەردەمی سوڵتانەکانەوە دەبینێت و دەیەوێت ببێتە سوڵتانێکی عوسمانی. هەربۆیە لە ڕووی سەربازییەوە بەرەو عێراق و سوریا پەلی کێشا و ئەوەتا لە ئێستاشدا، دەستی بە پەلاماردانێکی بە بەرنامە بۆ سەر خاکی سوریا کردووە، ئەویش بە بیانووی قەڵاچۆکردنی تیرۆر، تیرۆرێک کە خۆی سپۆنسەری کرد و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەموو کارئاسانییەکی لۆجستی بۆکردن.
هەنوکە خەریکی ئەوەیە پاکانە حیسابی خۆی لەگەڵ کوردەکانی سوریادا بکات، ئەوانەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان لەسەر خاک و ئاوی خۆیان و لەچوار چێوەی سنوری وڵاتەکەیاندا، سەرپێخستووە.
لەشکری ئەردۆگان وەک لەشکری سوڵتانەکانی عوسمانی، دەست لە کوشت و بڕی کوردەکانی سوریا ناپارێزن، بە خەڵکانی سڤیلیشەوە. کاتێک ئەو لەشکرە پەلاماردەرە، لە گرتەیەکی ڤیدۆیدا سوکایەتیکردن بە لاشەی کچە شەرڤانێکی کورد بڵاو دەکاتەوە، ئەوە پەیامێکە بۆ چاوترساندنی خەڵک، بە شێوازی نازییەکان و هەروەها بە شێوازی داعشیش.
ڕێکخراوی داعش، هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتەی لە عێراق و سوریادا بۆ فەراهەم نەدەبوو، گەر هەڵوێستی دەست تێکەڵکردنی ژێر بەژێری ئەردۆگان نەبوایە لەگەڵیدا.
لە ناوخۆی تورکیادا هاوینی ٢٠١٦، ئەردۆگان چیرۆکی کۆدێتایەکی سەربازی شکست خواردوی داڕشت، بە مەبەستی وەلاوەنانی هەموو ئەوانەی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەودا، جۆر نەبوون و نەیاربوون پێی.
ئەوەتا ئێستاکێش خەرێکی دروستکردنی شانۆگەرییەکی دیکەیە لە دەرەوە، بەناوی قەڵاچۆکردنی تیرۆرەوە. بۆ ئەوەی پەلاماری دراوسێکانی بدات و هەنگاو بە هەنگاو خاک و ئاویان زەوت بکات، ئەمەشیان هەر لەسەر شێوازی نازیستەکان.
سەرچاوە : هاوڵاتی