مەلای دوانزە عیلم و بانگخوازی دوانزە جەهل (١)

 

 

پەیکار عوسمان

 

هەموو زمانەکان، وەکویەک ئایەتی خودا و بوون و ژیانن. وەکویەک چەقی مانا و مانەوە و پەیوەندی و فیکرن. وەکویەک لەناو جوڵە و بارگۆڕانی میژوودا دروستدەبن و گەشەدەکەن و دەمرن. وەکویەک لەناو کارلێک و فرەییدان و جیادەبنەوە و تێکەڵ دەبن.. هەمووشمان وەکویەک، لە سکی دایکەوە دێینە ناو سکی زمان.

دەڵێن عەقڵ لە سەرسوڕمانەوە کارا بووە. سەرەتا دیاردەکان، سەرسوڕمانێک دروستدەکەن و بۆ ساتێک مەستت دەکەن. دوای بەردانی مەستییەکە، ئیتر یان پرسیار دروست دەکەیت و شتەکە دەهێنیتە ناوچەی ڕاستی و زانین، یان چیرۆک و مانای سەیرو سەمەرەی لێ باردەکەیت، کە نە پەیوەندی بە حەقیقەتەوە هەیە چونکە ئارگۆمێنت نیە، نە پەیوەندی بە جوانییشەوە ماوە، چونکە مەستییەکە درێژدەکەیتەوە، بەبێ ئەوەی سەرسوڕمانی ساتە ڕاستەوخۆکە بوونی مابێت!

ئەوەش بۆ سەرەتاکانی عەقڵی مرۆڤایەتی، عەیبە نیە و ئەسڵەن گرنگە و قۆناغێکی گەشەیە. بەڵام دواتر کە مرۆڤایەتی گەشەی زیاتری کرد و توانی لەلایەک لۆژیکییانە و زانستیانە بە دوای شتەکاندا بڕوات و لەلایەکیش جوانیی لە ساتی ڕاستەوخۆ و لە داهێناندا دەرک بکات، ئیتر درێژکردنەوەی حیکایەتی پیرۆز و دنیای پێناسەکراو، دەبێتە بەربەستێک کە ساتی سەرسوڕمان و هەردوو تواناکە دەکوژێت: هەم ڕاستی و توانای پرسیار، هەم جوانی و توانای داهێنان!

ئیتر تۆ دەبیتە ئینسانێکی پاسیڤ، کە کارلێک لەگەڵ ژیان و بووندا ناکەیت و تازەیی شتەکان هەڵوەستەت پێناکا و پرسیارێک یان جوانییەک بەرهەمنایەت، چونکە شتەکان لە چیرۆکێکدا پێناسەکراون و تۆش لەناو چیرۆکەکەدایت نەک لەناو ژیان و واقع و خۆتدا. یەعنی ڕاستە ئێمە نایەینە بۆشاییەوە و دێینە ناو زمانەوە، بەڵام مەملەکەتی زمان زۆر فراوانترە لە یەک سنوقی زمانیی!

موحەمەد وتی ئەمە ئەفسانەکانی پێشوو نییە. دەی خۆ پڕیشە لە ئەفسانەکانی پێشوو. هەر ئەسڵەن ئەفسانەکانی پێشووی لێدەرهێنی هیچی وای نامێنێتەوە. زاهیری ئەمەش، پارادۆکس و درۆیەکی وازحە. بەڵام ئەو دەیەوێت بڵێ: ئەمە، ساتێکی ڕاستەوخۆ و سەیرکردنێکی نوێی جیهانە، ئەگەرچی چیرۆکەکانیشی کۆنە و زمانەکەشی هەمان زمانی قەومە.

ئەوەش بۆ موحەمەد، هوشیاری و ئەکتیڤیی و ئەزموونکردنی جیهانە، بەڵام بۆ تۆ، گەمژەیی و پاسیڤییە، ئەگەر راستەوخۆ ئەزموونی جیهان نەکەیت و بتەوێ ئەزمونی ئەو دووبارەبکەیتەوە. گەمژەیی و پاسیڤییە ئەگەر لە چیرۆکەکانی ئێستا و ژیانی سەردەم بێ ئاگابیت و بتەوێ چیرۆکی سەردەمی ئەو و زمانی ئەو و لیسانی حاڵی خۆت نا، هی حاڵی ئەوی لێ باربکەیت و بەمەش خۆت بخەیتە دۆخی ساختە و ناحاڵەوە!

"پیرۆز و سیحر" هاوتەمەنن، خۆیان هەر زمانیین، کەچی پریشکیان بەر خودی زمانیش دەکەوێتەوە. یەعنی هەرشتێک سیحرێکی هەبێت، دەتوانێت پیرۆزییش هەڵگرێت، دەی زمانیش سیحری هەیە و پیرۆزیی بەر دەکەوێت. بەڵام ئاگاداربە، زمان لە بووندا، نەک لە زمانە کولتورییەکاندا. بوون لەخۆیدا پیرۆزە نەک لە هیچ هەبوویەکیدا. ژیان لە خۆیدا پیرۆزە، نەک لە هیچ ڕەنگێکیدا کە زاڵی بکەین بە سەر ڕەنگەکانی تردا.

هەرچی هەیە، لە دانەوە هاتووە و بوون داویەتی. بوون ژیانی داوە و ژیان زمانی داوە. بەڵام زمان، بوون و ژیانیشی داوەتەوە. ئا لێرەوە ئیتر شتێک دروست دەبێت کە تەنیا دان نیە، دانەوەشە. مرۆڤ دەکەوێتە ئەو خاڵەی بوونەوە، کە بوون و ژیان، دەهێنێتە ناو بیر و زمان و دەروون و ماناوە.

دەزانم حەزت لە خودایە، بەڵام بۆیە وتم بوون داویەتی و نەمگوت خودا داویەتی، چونکە خوداکان، سەر بە زمان و دانەوەن. یەعنی بوون دێتە زمانەوە و یەکێ لە بەرهەمەکانی ئەو هاتنەش فیکرەی خودایە. ئەو لەخۆیدا هەرچییەک بێت، بۆ ئێمە هەر ئەوەیە کە بوون داویەتی و زمان داوێتییەوە.

دانەوە مەبەستم ئاوێنە و پاسیڤی نییە لەبەردەم بووندا. مەبەستم زیندوێتی و دیالەکتیک و ناکۆتا خۆداهێنانە. لەبەرئەوەشی کارلێکی دان و دانەوە لە مرۆڤدا ڕوودەدات، ئیتر مرۆڤ، بە هەموو هەست و نەست و بیر و بەرکەوتن و پەیوەندی و حەزو گرێکانییەوە، بوون و ژیان دەهێنێتە زمان.

کاتێکیش کە دەیهێنێ، بە زمانی ناوچەیی و دایک دەیهێنێ.. ئیتر جیاوازی و فرەیی و "مەملەکەتی شوناسەکان" دروست دەبێت و باخەکە ڕەنگاوڕەنگ دەبێت. ئیتر زمانی جیا و کولتوری جیا و دینی جیا و خێڵی جیا و پەیوەندی و بەرکەوتن و ڕێکخستن و تەفسیری جیا.. دروستدەبێت، هەمووشی هەر لەناو دەفری زماندا.

قورئان لەوێدا جوانە، کە ناڵێ من تەیارەم، دەڵێت من ئەشێ هیدایەت و تاریکییش بم. کتێبێک زۆر بچوک و وەستاوە لەچاو بوونێکی گەورە و جوڵاودا کە زمانە. قورئانەکە بکە زمان، ئیتر شتەکە وایلێدێ: زمان ئەشێ هیدایەتبێ و بمانباتە ناو کرانەوە و هارمۆنی و ئاستە بەرزەکان. ئەشێ بشمانباتە ناو چەقبەستن و دەمارگیری و ئاستە نزمەکان.

مەسەلەن، شوێنەکان یەکسانن، بەڵام ئەشێ لە زماندا، شوێنێک بکەین بە پیرۆز و دەریایەک خوێنی لەسەر بڕێژین. زمانەکانیش هەر یەکسانن، بەڵام دەتوانین "هەر بە زمان" یەکێ لە زمانەکان بکەین بە عەنتەر بە سەر زمانەکانی ترەوە.

نەتەوەکان، ڕەگەزەکان، ڕەنگی پێست و کولتورەکان.. لە شوناسدا جیاوازن و سەر بە مەملەکەتی فرەیین، بەڵام لە بووندا یەکن و یەکسانن. وەلێ ئەشێ لە زماندا، یەکێکیان بکەین بە باڵاتر و شتەکان هەرەمی ڕیزبکەین. ئەشێ هەر بە زمانیش، شتەکان بخەینە تەنیشتی یەک و ناو پەیوەندی ئاسۆییەوە.

ئەوەی کە خودا فرەبێ و هەر دیاردەیەک بە جیا، نادیارێکی بخەیتە پشتەوە.. ئەوەشی کە دواتر یەک نادیار بخەیتە پشتی هەموویانەوە.. ئەوەش کە لۆژیک دووانیی بێت و ئیتر ئەخلاقیش دوانەی خێر و شەڕ بێت.. ئەوەش کە لۆژیک بکرێتەوە و زیاتر لە دوو ڕەهەند بێت.. هەمووی هەر گەشەی ژیانە بە هەموو ڕەهەندە مادی و مەعنەوییەکانەوە، تێکەڵەی هەموو ڕەهەندەکانیش ئەوەتا لە زماندا.

ئەوەی کە بە هۆکارێتی، بوون بچنیت و تاکو "یەک" هۆکاری بەریت.. ئەوەش کە هەمووی هەڵوەشێنیتەوە و خودی سەبەبیەتیش بخەیتە ژێر گومانەوە.. ئەمانە هەمووی، قۆناغەکانی گەشەی عەقڵ و ئەزموونی ژیانە. ئەو گەشەیەش دنیایەک دین و فەلسەفە و ئەفسانە و تێگەیشتنی جیای هێناوە و ئەهێنێتە ناو واقع و زمانەوە. هیگڵ وتەنی: ئەوەی عەقڵییە واقعییە و ئەوەی واقعییە عەقڵییە. بەڵام نێوەندێک هەیە و لەوێدا ئیتر عەقڵی و واقعی، هەردوکی زمانییە.

ژیان نوقسانە و نهێنییەکەشی نوقسانیەکەیەتی. بەبێ سالب، موجەب ناتوانێ باری ژیان هەڵگرێت. لە نوقسانیەوە جوڵە و دیالەکتیک دروست دەبێت و ژیان بەرەو فرەیی و خۆداهێنان دەڕوات. حزور و غیاب پێکەوە "حەقیقەت و مانا" دروستدەکەن. حزور ناوچەی سیستەم و زانست و لۆژیک و حەقیقەتە و غیابیش ناوچەی ئازادی و داهێنان و خەیاڵ و جوانی و ئیمان و مانایە. هەردوکیشی لە مرۆڤدا و لە عەقڵ و دەروون و زماندا ڕوودەدات!

عەقڵ خۆی میتافیزیکییە و هەمیشە شتێک دروستدەکات کە هەموو شتێکی پێوە دەبەستێتەوە. ئیتر خودای دینەکانیش لابەریت، شتێکی تر دەبێت بە خودا و عەقڵ خۆی وا ئیش دەکات. بەڵام چار نیە، تازە دەبێت خواکان لابەریت، بۆئەوەی خوا لەسەر خوا بێت و بڕوا و فراوانبوون نەوەستێ. فراوانبوون خواییترە لە وەستان لە یەک خوادا. ڕاستیی بوون ڕاستیترە لە ڕاستیی ناو پێناسەکان.

ڕەخنەی ئەوە لە فەیلەسوفە زمانگەراکان گیرا (کە خودایان لابرد و زمانیان کرد بە خودا). ئەوەش ڕەخنەیەکی دروستە، چونکە ئەگەرچی مرۆڤ یەکخوازە، بەڵام نابێ هیچ یەکێک سنوربێ و فرەیی و فروانبوونی ژیان بوەستێنێ. وەلێ خودی ئەم ڕەخنەیەش، خۆی هەر زمانە و بەبێ زمان مومکین نییە. یەعنی زمان خودا نییە، بەڵام سیحرێکی خودایی تێدایە. ئەوەتا خودا یان بوون یان عەقڵ یان لاشعور یان نۆمینەیە.. خۆشی هەر وشەیە و لە گەردووندا جێ ی نابێتەوە، کەچی دێتە زمانەوە!

لێرەوەیە کە وشە پیرۆزە و تەورات ئەڵێ سەرەتا وشە هەبوو، چونکە بەبێ ئەم سەرەتایە، دواترەکان مومکین نیە، لانیکەم بۆ هۆشیاری ئێمە. خودا و بوون و ئایدیاڵ و مادە و عەدەم.. هەمووی هەر دێتە ئەو سەرەتایەوە. مەسیح پیرۆزە، چونکە وشەی خودایە، ئەگەر وشەش هەمان بوونبێت و بوونیش هەمان خودابێت، ئیتر مەسیح خودایە.. دەی نیتچەش هەر بە وشە خواکەی کوشت. دەی خۆ هەر بە وشەش، دەتوانین حیکمەتی دینی و نادینی نزیک بکەینەوە و وابکەین کە ئیتر عەقڵکوشتنی دینی و خواکوشتنی نادینی، هیچیان پێویست نەبێت!

موحەمەدیش پیرۆزی و هێزی خۆی لە قورئان وەرگرت، چونکە وشە سەرەتای هێز و گۆڕان و سیستەم و دەسەڵاتە. هایدیگەریش وتی بوون دێتە ناو زمان و مرۆڤیش هەڵگری بوونە، چونکە هەڵگری زمانە. لێرەشدا فەلسەفەی وجودی و ئایەتەکە یەکدەگرنەوە لە چەمکی بەرپرسیارێتیدا: ئەوەی کە شاخەکان هەڵیان نەگرت و "مرۆڤ" هەڵیگرت!

ئاینەکانیش لە تەنەکەپەرستەوە تاکو ئەڵڵاپەرست، هەمووی ناوی جیایە بۆ هەمان فیکرە و هەر وەکو یەکن و فەرقی نیە. یەعنی تۆ لە هەر کولتورێکدا لەدایک ببیت، بۆشایی ئایینت نییە، چونکە ئاین ڕەگەزێکی گرنگی کولتورەکەیە و هەیە. ئیتر تۆ کە بۆشایی ڕۆحییت هەبوو، ئاین بۆت پڕدەکاتەوە و کولتورەکە دەتداتێ و تا ئێرە ئاسایی و سازە.

بەڵام کاتێ ئاینی ناو کولتورێکی تر، دێت و پێتدەڵێت، تۆ حیکایەتەکەی خۆت لابەو وەرە بۆشاییەکەت بە حیکایەتەکەی من پڕبکەرەوە، ئیتر ئەمە قوڕێکی زمانییە، خۆمان دەیگرینەوە و خۆمانی تێدەنێین. ئەمە بردنی زمانە بۆ شوێنێک کە نابێ بچێت، چونکە ئیتر لە بری ئارامی ڕۆحی، ناسازیی کولتوری و هەژموونی داگیرکاری دروستدەکات. ئەمە بردنی زمانە لە ناوچەی بوونەوە بۆ ناوچەی دەسەڵات، زمانی بوون و دەسەڵاتیش، ڕێک بەقەت زمانی خودا و زمانی کاهین فەرقی هەیە!

شوناسە جیاکان، پێدراوی سروشتی و کولتوریی و زمانیین و مێژوو هەزاران ساڵ خۆی دەگوشێت، تا ئەم شەربەتی جیاوازییانەی لێ دێتە دەرەوە و تۆش لەدایک دەبیت و بە حازری دێیتە ناوی. ئەشێ عەقڵ کارابێت و تۆ پرسیار بخەیتە سەر ئەم شوناسەی خۆت، بەڵام ناشێ ئەوێک، شوناسی تۆ زەوت بکا و شوناسی خۆییت لێ باربکا و بتکاتە پاشکۆ. زمانی شوناس هیچیان پیرۆزتر نییە لەوی تریان، زمانی بوون پیرۆزترە لە هەموویان، کە زمانێکی ئازادە و تۆش بە زمانی دڵ و بە زمانی دایک دەچیتە ناوی.

شوناس جێگیر و پیرۆز نیە و قابیلی گۆڕانە. چ لە ناوەوە جوڵەی تێکەوێ، چ لە دەرەوە کارلێک بکات، تا ئێرە گۆڕانە بەبێ ستەمکاری. بەڵام شوناست قەدەغە و داگیربکرێ، ئەمە کێشەیە، بەڵام لێرەشدا هێشتا شوناسەکەت هەر پیرۆز نییە، بەڵکو دەکەوێتە ناو بازنەیەک، کە بازنەکە بەرزە و بەرزێتی دەداتێ. یەعنی لێرەدا شوناس دەکەوێتە ناو بازنەی حەق و عەدالەت و ئازادییەوە و لێرەوە "پرسێک" بەهاکەی دەبێتە "ڕەوا"، نەک ئەوەی "شوناسێک" هەبوونەکەی ببێتە "پیرۆز"!

واتە کاتێ تۆ، بەرامبەر داگیرکاریی کولتووری، بەرگری لە زمانی خۆت دەکەیت، مانای ئەوەنیە کە زمانەکەت پیرۆزە، مانای ئەوەیە کە داگیرکردنی زمانەکەت ناڕەوایە. یەعنی زمان و ئاین و نەریت.. لە پێگەی شوناسدا پیرۆز نین تەنانەت ئەوەی خۆشت، چجای هی کولتوری داگیرکەر!

هیچ دینێک پیرۆزتر نیە لەوانیتر و هەمووی هەر بەشێکە لە پێویستییە مەعنەوییەکە و کولتورە کۆمەڵایەتییەکە و پرسیارە وجودییەکە.. بەڵام قەدەغەکردنی دینێک یان سەپاندنی دینێک.. بچوککردنەوەی دینێک و بەرزکردنەوەی دینێک.. ئەمانە کێشەیە و ئا ئەمەیە کە ئەبێ لە زمانی هەموو دینەکاندا تەعدیل بکرێت.

ئا ئەوە، ڕێک زمانی شەیتانە لە هەموو دینەکاندا، کاتێکیش کە پێتوایە ئەوە شتێکی زۆر ئەساسی دینەکەیە، یەعنی شەیتان تا ئەساسی دینەکەت ڕۆشتووە. هەموو ئەمەش هەر زمانە: چ چەقبەستنی دەمارگیرەکان، چ کرانەوەی هۆشیارەکان، هەر کشان و چوونەوەیەکی لاستیکیی زمانە.

ئەو شوناسەی کە لە ساتێکدا پرسیاری دەخەیتەسەر و بە دۆگمەکانی ناڕازیت، ئەشێ لە ساتێکدا شەڕی بۆ بکەیت و بەرگری لێبکەیت. چونکە زمان لە ئاستە باڵاکانییدا، لە گرێی شوناس دەردەچێ و دەگاتە پرسەکانی حەق و عەدالەت و ئازادی و لە زمانی دەسەڵاتەوە دەبێتە زمانی بوون. ئیتر تۆش ئا لێرەوە بەرگری لە کولتوری خۆت دەکەیت بەرامبەر هەژموونی غەریب، نەک لە دەمارگیری و شوناسپەرستییەوە، کە یەکێکە لە ڕەگەکانی جەهل.

سەرچاوە : هاوڵاتی