عەلی حەمە
کردنەوەی دەرگای دۆزەخی شەر کارێکی ئاسانە ، بەڵام داخستنی کارێکی گرانە .
لە میانەی هێرشە غافڵگیرانەکەی بزوتنەوەی حەماس بۆسەر کۆمەڵگە نیشتەجێ کراوەکانی اسرائیل لە ٧ی مانگ تا ئەمڕۆ ١٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە دەکاتە ٨ هەشت رۆژ لە بۆردومانی بەردەوام و نیمچە شەڕ ، ئەم زیانە گیانی و ماڵوێرانی و دەربەدەریەی لیکەوتۆتەوە کە زۆرترین قوربانیەکانی لە دانیشتوانی کەرتی غەزە یە:
١- بەپێی ئاماری تەندروستی فەلەستین ؛ ٢٢١٥ کەس لە دانیشتوانی کەرتی غەزە بەگشتیی گیانیان لەدەست داوە لەگەڵ بریندار بونی زیاتر لە ٨٧٠٠ کەسی تر .
٢- بەپێی راگەیاندنی سوپای اسرائیل ؛ زیاتر لە ١٤٠٠ اسرائیلی گیانیان لەدەست داوە لەگەڵ برینداربونی ٣٠٠٠ کەسی تر .
٣- زیاتر لە ١٣٠٠ باڵەخانە و خانو بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە کەرتی غەزە رووخاوە .
٤- تائێستا ئەوەی بڵاوکراوەتەوە زیاتر ٤٥٠ هەزار هاوڵاتی باکوری غەزە و کەرتی غەزە بەگشتی ئاوارە بون وپرۆسەی جێهیشتنی غەزە بەرەو باشور بەردەوامە .
٥- لەماوەی ٨ رۆژدا ٣٦١٥ مرۆڤ گیانیان لەدەست داوە و ١١٧٠٠ کەسی تریش بریندار بوە کە برینی سەدانیان سەختە .
٦- لەهەر رۆژێک دا بەتێکرایی ٤٥٢ کەس گیانی لەدەست داوە و ١٤٦٢ کەسیش بریندار بوە .
لەگەڵ ئەو هەموو مەرگە سات و ماڵوێرانی و چەرمەسەریە کەرووبەرووی ژیانی دانیشتوانی کەرتی غەزە و بەشێک لە هاولاتیانی اسرائیلی بۆتەوە ، ناتنیاهۆی سەرۆکی اسرائیل ئەڵی ؛ ئەم دۆخەی ئێستا جارێ هەر سەرەتایە !
اسماعیل هنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسیش کە بەخۆی و خیزانی و هەر ١٣ مناڵەکەی لە تورکیا ئەژی ئەڵێ ؛ بەمیسر ئەڵێین (ئەوە بڕیاری ئێمەیە کە لە غەزە بمینینەوە ).!
ئەم مەرگە سات و مالوێرانیە لەپای چی و بۆ چی !
کێ دەرگای دۆزەخ و مەرگی واڵا کرد !
چ ئایدۆلۆژی و کلتورێکی قین هەڵگر بەردەوام ئامادەیی هەیەو ژیانی پێکەوەیی و فرەیی رەت دەکاتەوە و بیری (یا من یاتۆ ) لە بەرامبەر ( من و تۆ ) پراکتیزە دەکات .
من و تۆ
نەک
یا من یا تۆ
نەفرەت لە جەنگ
نەفرەت لە ستەم و ستەمکاری .
سەرچاوە : ئاوێنە