پ.ی.د. نیاز نەجمەدین
مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی
لە ٢٠٠ هەزار ساڵی رابردوودا، واتە لەو کاتەوە کە مرۆڤی چەشنی ئێمە دروست بووە، ژن و پیاو بۆ نزیکەی ٩٧٪ ئەو ماوەیە یەکسان بوون. لەم قۆناغەدا، ئەوەی جێی سەرنجی مرۆڤ بووە، بە ژن و پیاوەوە، رەفتاری یەکسانخوازانە بووە. زەحمەت بوو ژنێک بدۆزیتەوە حەزی لە پیاوێک بێت نایەکسانخواز بێت. وردە وردە سەرەتای شارستانییەت نزیکەی پێنج هەزار بۆ دە هەزار ساڵێک لەمەوبەر دامەزرا و چیرۆکەکە گۆڕا. ئیدیی نە پیاو و نە ژن بەو شێوەیەی جاران پشتیوانییان لە یەکسانیی نەدەکرد، بەڵکو لە سیستمێکی نایەکساندا هەڵپەی بەهێزکردنی پێگەی خۆیانیان دەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا، سەنگەری دژە نایەکسانیی هەرگیز گۆڕەپانی جەنگەکەی جێنەهێشتووە و بەردەوام بووە لە بانگەشەی سنوردانان بۆ ئەم دیاردە مەترسیدارە.
وەک پرۆفیسۆر جۆن ویسمان (Jon Wisman) لە کتێبی "رەچەڵەک و داینامیکییەتی نایەکسانیی، ٢٠٢٢" بە وردیی روونی کردووەتەوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ بەهۆی کشتوکاڵکردنەوە وردە وردە وازی لە ژیانی کۆچەریی هێنا و سەرەتای شارستانیەتی دامەزراند، ململانێ لەسەر موڵک و داهات تۆخ بووەتەوە. بەڵام ئەم ململانێیە تەنها لەسەر ئەوە نەبوو سامانی زیاتر کەڵەکە بکەن، بەڵکو پیاوان دەشیانویست زیاتر لەلای ژنان سەرنجڕاکێش بن و دەستیان بگات بە زۆرترین ژن. سەرەتا، هۆکاری سروشتیی ئەم حەزەی دەجوڵاند. مرۆڤ بە سروشت دەیەوێت جینەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، حەز دەکات ببێت بە باوک، پاشان باپیر و هەر بەو شێوەیە. جگە لەمەش، مرۆڤ دەیەوێت ددانی پیادابنرێت. بیر لە بێکارێک بکەرەوە. کێشەی ئەو تەنها بێ پارەیی نییە، بەڵکو ئەوەیە نە کۆمپانیایەک نە فەرمانگەیەک، یان بارەگایەکی حزبیی ددان بە تواناکانیدا نانێت و نایەوێت. لێرەوە دڵتەنگ و بێزار دەژی. هەمان شتیش بۆ مرۆڤ راستە. پیاوان ژنانیان دەوێت تا هەست بە بوونی خۆیان بکەن.
بەدوایدا، کێبڕكێ و ململانێ لەسەر موڵک گواسترایەوە بۆ ململانێ لەسەر ژن. ئیدی پیاوان وەک چۆن لە مەسەلەی موڵکدارییدا نایەکسان بوون، ئەمیان زۆر و ئەویان کەمتر و ئەویان هیچی نەبوو، هەرواش لە پرسی ژندا کێبڕكێ و ململانێیان هەبوو بەشێوەیەک سەرکەوتووەکەیان ئەوە بوو دەستی بە زۆرترین ژن بگات. جۆن ویسمان وتەیەکی جوانی دەروونناس جۆن پریۆر (John Pryor) بەکاردەهێنێت: "بیرکردنەوە لە دەسەڵات وایان لێ دەکات بیر لە سێکس بکەنەوە، بیرکردنەوە لە سێکسیش وایان لێ دەکات بیر لە دەسەڵات بکەنەوە". لە کۆندا، وەک لە تیۆرەی پەرەسەندنی داروینەوە فێربووین، سروشت بەهێزەکانی دەهێشتەوە و لاوازەکان لەناودەچوون.
دنیای نایەکسان دنیایەکی نایەکسانی ژێربەژێریش لەگەڵ خۆی دروست دەکات. ئەگەر پیاوان نەیانتوانی شەرعییەت بە فرەژنیی بدەن، ئەوا بۆی هەیە ژێربەژێر فرەدۆستیی بکەن. فرەژنی و فرەدۆستیی پێویستی بە نایەکسانیی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییە. پێویستی بەوە هەیە دەسەڵاتی سیاسیی و داراییت هەبێت. کەواتە دەسەڵات تەنها بۆ خودی خۆی نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەگەزی بەرامبەریشە. بۆ ئەوەشە زۆرترین ژن بخرێتەژێر دەسەڵاتی پیاوەوە. پاڵنەری سەرەکیی لەوەی پیاو دەجار زیاتر لە ژن کار دەکات کۆنتڕۆڵکردنی ژنە.
ئەم باسە دەمانباتە ناو پرسی گەشەی ئابووریی و نایەکسانییەوە، بە نایەکسانیی جێندەرییشەوە. زۆربەی کتێبەکانی ئابووریی ماکرۆ، بە کتێبەکەی پۆڵ کروگمان و رۆبن ویڵسی هاوسەرییشییەوە (٢٠١٨)، ئەوە روون دەکەنەوە کە هەتا ١٧٠٠ەکانیش مرۆڤایەتیی بە نزیکەیی ساڵانە تێکڕای هەزار دۆلاریان هەبوو، ئەگەرچی کەمینەیەک هەبوون دەوڵەمەند بوون. تا ئەو کاتە، دیاردەی هەژاریی باو بوو. بەڵام لە پڕا گەشەی ئابووریی و نایەکسانیی بە یەکەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا دەرکەوتن. بەشی گەشەی ئابووریی هەواڵێکی خۆش بوو، بەشی یەکسانییەکە دڵتەنگیی هێنا. هەندێک خەڵک و دەوڵەت گەیشتنە ئاسمان و هەندێک چەقین. وەک چۆن سەرەتا سروشت بەهێزەکانی هەڵبژارد و مانەوە، مانەوەش ئامانجی سەرەکیی مرۆڤ بوو، لە قۆناغی سەرمایەدارییشدا سەرەتا گەشەی ئابووریی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بەهێزەکان هەڵدەبژێرێت، گوێی لێ نییە برسێتیی هەراسانت دەکات تەنها لەبەرئەوەی زمانی بیانیی نازانیت، یان شارەزاییت لە بوارێکدا نییە. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەمان دیاردە دەبینینەوە: گەشەیەکی ئابووریی نایەکسان روویدا، هەندێک دەوڵەمەند و هەندێک هەژار کەوتن، پیاوانیش دەرفەتی گەشەسەندنیان زیاتر بووە لە ژنان. پیاوان بەهێزەکان و ژنان لاوازەکانن.
ئەم لاوازییە بە تەنها سروشتیی نییە. ژن بە درێژایی مێژووی مۆدێرن کەمترین پشکی سەرمایەی مرۆیی بەرکەوتووە بەو واتایەی ئەگەر وەبەرهێنانێک لەسەر زانست و زانین کرا بێت ئەوا پتر بەر پیاوان کەوتووە. سەیری هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین، دەبینین ژن وردە وردە دەیەوێت سود لەو گەشەیە ببینێت کە روویداوە، بەڵام ئالنگاریی گەورەی لە بەردەمدایە. لە یەکەم رۆژی گەڕان بە دوای کاردا پیاوان هەوڵی ئیستیغلالکردنیان دەدەن تا دەگەنە سەر کار. زۆر لەوانەمان گوایە کاریان بۆ دەدۆزینەوە، شتێکی لەم چەشنە خەیاڵی بردووین: "هەلێکی باشە، بەڵکو دەستم پێی بگات!". جۆیس جاکۆبسن (Joyce P. Jacobsen) لە کتێبی "Advanced Introduction to Feminist Economics" باسی دۆخی ژنی لە شوێنی کاردا لە رێگەی چەمکی سەقفی شوشەیی (glass ceiling) ەوە کردووە. وادەردەکەوێت ژن دەرفەتی هەیە و دەتوانێت وەک پیاو بگاتە پۆستە باڵاکان، بەڵام سەقفێکی شوشەیی هەیە، نابینرێت و لە واقعیشدا ژن لە سەرکەوتندا سەری بەر ئەو سەقفە دەکەوێت. هەندێکی دیکەش دەڵێن: لە شوێنی کاردا، مەسعەدی شوشەیی (glass escalator) هەیە، پیاوان وەک بڵێی بە مەسعەد سەردەکەون بەڵام مەسعەدێکی شوشەیی کە نابینرێت، ژنانیش بە پلیکانە سەردەکەون و خاو ژیانیان دەگۆڕێت. ئەوەندە بەسە لە راپۆرتێک بەناوی "لە ١٠٪ی کۆمپانیا دەوڵەمەندەکان ژن سەرکردایەتییان دەکات" ئەوە وەربگرم کە لەناو ٥٠٠ کۆمپانیا زەبەلاحەکەی جیهاندا، تەنها ٥٣ دانەیان ژنان بەڕێوەیان بردووە لە ساڵی ٢٠٢٣دا.
ژن خۆی هێشتا لە دابەشکارییەکی تەقلیدییدا و لەسەر ئەرکی ماڵداریی وزەی دزراوە و کەسیش بە ماندووبوونی نازانێت. خۆ کاتێکیش دەگاتە بازاڕ، دنیایەک دابەشکاریی تر بەربەستی گەشەکردنین. ئەم ئیش بۆ ژن نابێت و ئەو ئیش حەیاچوونی بەدواوەیە. راپۆرتی "A Snapshot of Gender Inequality" باسی دۆخی ژن لە جیهاندا دەکات. چەند بەڵگەیەکی لێ وەردەگرم:
1- لە سینەمادا و تا ٢٠٢١، ژنان تەنها ٣٥٪ کاراکتەرە سەرەکییەکانیان پێکهێناوە.
2- لە میدیادا، نزیکەی ٦٧ ساڵی تر پێویستە بۆ ئەوەی ژن هەمان رۆڵی پیاو و هەمان دەرکەوتن و بەشداریی هەبێت لە میدیادا.
3- لە زانست و ئەندازیاریی و تەکنۆلۆجیا و ماتماتیک لەسەر ئاستی خوێندنی باڵادا، خوێندکارانی ژن لە ٣٥٪ پێکدەهێنن.
4- ژن زیاتر لە بواری دارایی و خوێندن و بانکەکان کار دەکات و کەمتر لە نەوتدا دەرفەتی پێ دەدرێت (١٠٪) لە کاتێکدا کرێی کار لە بواری نەوتدا بەرزە. واتە لە وڵاتێکدا کە لەسەر نەوت بژی، ئەگەری ئەوەی رێژەی بێکاریی لەناو ژندا زیاتر بێت وەک لە پیاو، بەرزە. هێندەی من ئاگادار بم، پرسی نەوت و ژن یەکێکە لەو بوارانەی فێمنستی کوردیی کەمترین ئاوڕی لێ داوەتەوە.
دۆخی سروشتیی و دۆخی کۆمەڵایەتیی بە درێژایی مێژوو چی بەسەر ژن هێناوە؟
بەسادەیی، ژن بووە و دەبێت بە بەشێک لە یارییەکە. کێبڕکێی نێوان پیاوان، بەتایبەت لەسەر ئەوەی کێ ژمارەی پێوانەیی لە بەدەستهێنانی ژندا تۆمارکردووە، ژنی ناچارکردووە هەوڵبدات بەهێزەکان هەڵبژێرێت، چونکە ئەویش بیر لە منداڵ دەکاتەوە و نایەوێ نەک وەچەی خۆی بەڵکو وەچەکانی منداڵەکەیشی هەژار و ناساغ بژین. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، وای لێهاتووە پارە و کاتی زیاتر لەسەر خۆجوانکردن خەرج بکات. لێرەوە پرسی سەرکەوتن دەگۆڕێت. سەرکەوتن ئەوە نییە بەسەر نایەکسانیی و هەژاریی و قەیراندا سەرکەوین، یان ژیانێکی ماناداری پڕ بەها بژین کە پێویستیی بە خۆراگریی و فروانیی دونیابینییە، بەڵکو ئەوەیە ئەگەر سەر بە رەگەزی نێریت، ئەوا زۆرترین ژنت هەبێ و هەبووبێت. ئەگەر ژنیشیت، ئەوا ژن و دۆستی بەهێزەکان بیت.
لە ٢٠١٥دا، وەک جۆن ویسمان باسی کردووە، ماڵپەڕی ئاشلی مادیسۆن (Ashley Madison) هاککرا. دروشمی ماڵپەڕەکە ئەمە بووە: "ژیان کورتە. دۆستێک بگرە". لە پرۆسەی هاککردنەکەدا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن پیاو بەرامبەر پێنج ملیۆن ژن کەشف بوون. واتە تا ژنێک دۆستداریی کردووە، پێنج بۆ شەش پیاو دۆستیان گرتووە. لە چاوپێکەوتنێکدا، نۆیڵ بایدەرمان کە سەرۆکی ماڵپەڕەکە بوو، وتی: "لە پرسی فرە دۆستیی یان خیانەت بە گشتییدا، زیاتر لەوانە بترسە کە سەرکەوتوون". سەرکەوتووەکان زیاتر کڵاو دەدوورن. لای ئەو، شارە بەناوبانگەکان پتر جێی مەترسیین. شارێکی وەک واشنگتۆن دی سی پایتەختی خیانەتی ئەمریکایە. لێرەدا دەبێت بڵێم باسەکەی من ئەوە نییە ئایا دیاردەی دۆستگرتن ئەخلاقییە یان نا، یان هاوسەرگیریی باشە یان تەنهایی، بەڵکو تەنها باسی ئەوە دەکەم نایەکسانیی تا کوێ رۆچووە و هێز و دەسەڵات چۆن دەرفەت دابەش دەکەنەوە.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە قوڵ لە قوڕی نایەکسانییدا چەقی بێت، ئاسان نابێت بۆ ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێت یەکسانخوازانە مامەڵە بکەن، سەرنجی ژن راکێشن. بەلاتەوە ئاسایی بێت دەسەڵات و پارە و لەم سەردەمەدا ماسولکەی لەش بڕیار بدات پشکت لە ژن چەندێکە و کام جۆرە ژنانە لێت نزیک دەبنەوە. ئەم بۆچوونەم رەنگە بۆ ژن بریندارکەر بێت و مافی خۆشیانە. ژنان قوربانیی گەورەیان بۆ مەعشوقەکانیانداوە، بەڵام ئاکامەکەی ئەوە بوو رێزیان نەگرتن و سوک و ئاسان دەستیان لەگەڵ کچان و ژنانی تر تێکەڵ کرد. رۆحی قوربانیدان تەنها کاتێک دەژی کە شوێنی خۆی بگرێت، وەک ئاوێک بڕژێتەناو رووباری بەرپرسیارێتیی و خۆشەویستییەوە. لە کۆتاییدا کە تۆی پیاو خۆشەویستەکەت بە سێکسی ژێربەژێر دەگۆڕیتەوە، ئەوا سەیر نابێت ئەویش تۆ بە پارە بگۆڕێتەوە. ئەم ئەزمونانە بۆ یەکتر باس دەکەن، بە یەکتر دەڵێن: "تۆ لە کۆتاییدا هەر زەرەر دەکەیت، جا لەگەڵ پیاوێکی پارەداردا بیت باشتر نییە؟". ژن لە دنیایەکدا دەژی کە تەنانەت ئیشەکانیشی بە بەها نابینرێت و وەک چالاکیی ئابووریی سەیر ناکرێت ئەگەر لە بەرامبەریدا پارە وەرنەگرێت. بۆ نموونە، ئیشی ماڵ لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵات لە ساڵێکدا، ئەژمار ناکرێت. مەبەستم لەوەیە کۆی سیستمەکە هاندەری ئەوەیە شوێنێک بۆ پارە و سامان بکەیتەوە دەنا نابیت بە هیچ و حسابی هیچت بۆ ئەکەن. بەو دیویشدا، وەک وتم ژنیش بووە بە بەشێک لە یارییەکە.
ئەم باسەی سەرەوە دەمانبات بۆ قسەکردن لەسەر دوو شتی تر. یەکەمیان ئەوەیە ئایا نیۆلیبڕالیزم کە بانگەشەی کەڵەکەکردنی سامان و خۆقوتارکردن لە هەژاریی لە رێگەی بازاڕی ئازادەوە دەکات، ژن بەرەو کوێ دەبات؟ بۆ ئەم مەبەستە، ئاماژە بە کتێبێکی فیلیپ سلاتەر دەدەم کە لە ١٩٨٠دا بەناوی "ئالوودەبوون بە سامان" بڵاوی کردووەتەوە. لەوێدا ئەو باسی ئەوە دەکات ئەمریکا بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە تەنها دڵی لای کەلەکەکردنی سامانە. راکەراکی دوای پارە بەناوی ئەوەی بازاڕی ئازاد لە پاشکۆیەتیی رزگارت دەکات و سەربەخۆت دەکات وایکردووە لە یەکتری دابڕاندووین. لە کۆتاییدا دەرفەتی کارکردن دەست ژن دەکەوێت، بەڵام کەس باسی ئەوە ناکات ئەو ئیستیغلالە چییە کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. کەسیش باسی ئەوە ناکات کە مۆدێلی نوێ لە بری ئەوەی هانی پشتبەست بە یەکتر بدات، لە یەکترمان دادەبڕێت و تەنهامان دەخات. ئاکامەکە مەرج نییە سەربەخۆبوون بێت هێندەی لێکترازانە.
دووەمیان رۆڵی ئایدیۆلۆجیایە. بۆ ئەم مەبەستە، پشت بە جۆن ویسمان دەبەستمەوە. نایەکسانیی، بەوەشەوە لە نێوان ژن و پیاودایە، بەبێ ئایدیۆلۆجیا ناژی و بەردەوام نابێت. کاتێک باسی ئایدیۆلۆجیامان کرد، دەبێت بە سادەیی بیرمان لای وشەی شەرعییەتدان بێت. دیاردەیەک ناژی ئەگەر شەرعیەت لە شوێنێکەوە وەرنەگرێت.
دیارترین ئایدیۆلۆجیا کە پشتیوانیی نایەکسانیی دەکات ئەوەیە گوایە نایەکسانیی ئەزەلیی- ئەبەدیی بووە. وەک سەرەتا باسم کرد، تەمەنی کێشەکە لە چاو مێژوودا کورتە. بۆیە ئەم بۆچوونە راست نیە. هەندێکیش تەنها ئێخەی ئایین دەگرن و وەک کارگەی بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆجیا سەیری دەکەن. ئەم بۆچوونەش کەموکورتیی تیادایە. جاری وا هەیە زانست شەرعییەت بە هەڵەیەک یان دیاردەیەکی قێزەوەن دەدات. بۆ نموونە، تیۆرییەکی ئابوورییناس سایمۆن کۆزنەتس بۆ گەشەی ئابووریی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە سەرەتای گەشەی ئابووریی نایەکسانیی و پیسبوونی ژینگەیە و چارێک لەمەدا نییە. تۆ یان دەبێت هەژاریی قبوڵ بکەیت، یان دەبێت دەرفەت بدەیت گروپێک دەوڵەمەند ببێت تا گەشەی داهاتەکە دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، ئینجا نایەکسانیی یان پیسبوونی ژینگە کەم دەبێتەوە. ئەمە بۆچوونەش وانییە. زۆر کات یەکسانیی هەبووە، گەشەش هەبووە. بە رای من، ئەم ئایدیۆلۆجیایە شەرعییەتیش دەدات بەوەی کە دەوڵەمەندێک تەنها لەبەرئەوەی بە تێر و تەسەلیی ژنە هەژار و کەم دەرفەتەکەی بەخێو دەکات، چی ویست بیکات. یان سەرەتای گەشەی ئابووریی دەبێت بۆ پیاوان بێت دەنا هەرگیز لە هەژاریی رزگاریان نابێت. بەشێکیش لە زانایانی ئابووریی، لەوانە میڵتۆن فریدمان، رایان وایە کە نایەکسانیی نەبێت خەڵک تاقەتی کارکردنی نامێنێت.
بێگومان ئایینیش بە دەست مرۆڤە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکانەوە دەتوانێت هەمان رۆڵ ببینێت. لێرەدا دەبێت جیاکاریی لە نێوان دوو جۆر شەرعییەتدان بکەین. یەکەمیان لە لای دەسەڵاتدارەکان و دووەمیان لای بێدەسەڵاتەکانەوە.
بۆچی دەسەڵاتداران ئایدیۆلۆجیا دەخەنەگەڕ؟
لە لایەک، ئەگەر ئایین بەکاربهێنن یان نا، تێچووی توندوتیژیی جەستەیی زۆرە و رێگەیەکی چالاکیش نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردن. دەشێت کۆتایی بە دەسەڵاتەکە بهێنێت. لە لایەکەی ترەوە، ئەهلی دەسەڵاتدار، خوێندەوار و پارەدار ئەو دامەزراوانە دروست دەکەن و دەخەنەگەڕ کە بەرژەوەندییان دەپارێزێت و لەوێشەوە ئایدیۆلۆجیا بڵاو دەکەنەوە. ئایا ئەمە بە پیلانە؟ نەخێر، بەرژەوەندییان وادەخوازێت.
ئەی بۆچی بەدبەختەکان بەرگریی لێ دەکەن؟ جارێ با چەند بەڵگەیەک بخەمەڕوو. راپۆرتی پرۆفایلی جێندەر- عێراق (Gender Profile- Iraq) کە کۆتایی ٢٠١٨ بڵاوبووەتەوە، دەریخستووە کە لەناو ژنان خۆیاندا تەنها ٦٧.٧٪ لە راپرسییەکدا وتویانە "ژن مافی خۆیەتی کاندید بێت". تەنها ٨٤.٨٪ وتویانە "ژن مافی خۆیەتی دەنگ بدات". تەنها ٤١.٥٪ی ژنان وتویانە "سیاسەت ئیشی ژنیشە". لە پرسی نایەکسانیی جێندەرییدا، ژنان وەک بەدبەخت و کەم دەسەڵات باس دەکرێن. زۆر هۆکار هەن وا دەکەن شەرعیەت بە بەدبەختییەکەی خۆیان بدەن، لەوانە:
1- بەخشینی مانا بە ئازارەکانیان: بەدبەختەکان رایان وایە تاقیی دەکرێنەوە، پاداشت دەکرێن، یان وای دەبینن دۆزەخ جێگەیان دەبێت ئەگەر ئەو شتە نەکەن کە پێیان وتراوە. بۆ ئەوەی هەڵە قسەکەم وەرنەگیرێت، دەبێت بڵێم بوونی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تەنها لەوەدا زۆر خراپە کە شەرعییەت بە تاوان و نادادیی دەدات، دەنا ئاساییە مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە.
2- بەرگریی لە سیستم بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی: خەڵک لە رووی بایۆلۆجییەوە دەیانەوێت بە ئارامیی بژین و منداڵەکانیان گەورە بکەن. بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی، وەک ئابوورییناس دۆگڵاس نۆرث دەڵێت، بۆی هەیە بەرگریی لە سیستمی دیکتاتۆریی بکەن. فەوزا ترسناکە، وادەکات زۆرجار دیکتاتۆرییەت قبوڵ بکرێت یان زیندوو بکرێتەوە، یان پاش ماوەیەک لە لەناوچونی، بیری بکەن.
3- درێژەکێشانی واقعی تاڵ یان ئایدیۆلۆجیاکە: چەند واقعەکە یان ئایدیۆلۆجیاکە درێژە بکێشێت، زیاتر قبوڵ دەکرێت و شوێنکەوتەی بۆ زیاد دەبێت. ئەگەر پێنج هەزار ساڵێک بێت نایەکسانیی هەبێت، ئاسان نابێت بۆ مرۆڤی مۆدێرن باوەڕ بهێنێت کە لە توانادایە یان نەمێنێت یان زۆر کەم بکرێتەوە.
نایەکسانیی درزدەخاتە نێوانمان، دڵتەقێنە، عەشقکوژە و دڵپیس دەکات. وەک فرانس وال و دی وال دەڵێن، کۆمەڵگەیەک بەرهەمدەهێنێت کە هاوڕێ دڵی لە هاوڕێکەی خۆی پیس ببێت و وەک دوژمن سەیری بکات. هۆکارەکەی لە رەچەڵەکدا ئەگەر سروشتیی بووبێت، ئەوا دواتر سیستمی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بەرهەمیهێناوەتەوە. ئایدیۆلۆجیاش پەمپی کردووە. ئەگەر لە تواناشدا نەبێت مەودای نێوانمان بەپێوەری داهات و کارکردن و پێوەرەکانی تری خۆشگوزەرانیی سفر بکەینەوە، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی کورتی نەکەینەوە.
- ئەم ووتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
لینکی راپۆرتەکان:
1- Ten Percent Of Fortune 500 Companies Are Now Women-Led: The Changing Face Of Leadership:
https://www.forbes.com/councils/forbescoachescouncil/2023/03/17/ten-percent-of-fortune-500-companies-are-now-women-led-the-changing-face-of-leadership/
2- A Snapshot of Gender Inequality:
https://s3.amazonaws.com/media.unfoundation.org/2023/10/Gender-Inequality-Fact-Book_2023.pdf
3- Gender Profile- Iraq:https://oxfamilibrary.openrepository.com/bitstream/handle/10546/620602/rr-gender-profile-iraq-131218-en.pdf
سەرچاوە : درەو