ماسیگر و بازرگانەكە

لە گوندێكی بچووكی بەڕازیل، بازرگانێك لەسەر كورسییەكی كەنار دەریایەک دانیشتبوو، بینی ماسیگرێك لە ناو بەلەمێكی بچووكدا بەرەو كەنار سەوڵ لێدەدا و چەند ماسییەكی تاڕادەیەك گەورەشی گرتوون.
ئەم دیمەنە سەرنجی بازرگانەكەی راكێشا، لە ماسیگرەكەی پرسی" چەندی پێدەچێ تاكوو ژمارەیەكی زیاتر ماسی بگری؟”
ماسیگرەكە وەڵامی دایە " ئاه، تەنیا كاتێكی كەم، زۆر ناخایەنێ".
بازرگانەكە بە سەرسوڕمانەوە گوتی" ئێ باشە بۆ زیاتر لەناو دەریادا نامێنیتەوە تاکوو ماسی زیاتر بگری؟”
ماسیگرەكە گوتی" ئەوەندە ماسییە بەسە و بەشی هەموو ئەندامانی خێزانەكەم دەكا”.
بازرگانەكە گوتی" ئەی تەواوی رۆژەكە بە چییەوە خەریك دەبی؟”
ماسیگرەكە وەڵامی دایەوە " بە گشتی، بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم، دەچمە ناو دەریا و چەند ماسییەك دەگرم، دوای دەگەڕێمەوە ماڵەوە و تۆزێك لەگەڵ منداڵەكانم یاری دەكەم. دوای نیوەڕۆیانیش، لەگەڵ خێزانەكەم سەرەخەوێك دەشكێنین تا دەبێتە ئێوارە، دواتر لەگەڵ هاوڕێیەكانی گوند، تەواوی شەوەكە خەریكی خواردنەوە و گیتار لێدان و گۆرانی گوتن و سەما كردن دەبین.
بازرگانەكە پێشنیازێكی بۆ ماسیگرەكە كرد، گوتی" من دكتۆرام لە كارگێڕی كار هەیە. دەتوانم هاوكارت بم كە ببیە كەسێكی سەركەوتووتر. لەمڕۆ بە دواوە، پێویستە كاتی زیاتر لە ناو دەریادا بمێنیتەوە و هەوڵدەی چەندی بۆت دەكرێ ماسی زیاتر بگری. كاتێك پارەیەكی باشت كۆكردەوە، دەتوانی بەلەمێكی گەورەتر بكڕی، تەنانەت ماسی زیاتریش بگری. هەر زوو وات لێدێ بتوانی بەلەمی زیاتر بكڕی، كۆمپانیای خۆت هەبێ، دەتوانی بەرهەمی خۆت لە قووتوو بنێی و تۆڕێكی دابەشكردنی بەرهەمەكانت دامەزرێنی. ئەوكاتە تۆ لەم گوندە دەڕۆی و دەتوانی بچیە شاری ساوپاولۆ، ئەو شارەی كە دەتوانی بنكەی سەرەكی كۆمپانیاكەتی لێ دامەزرێنی و سەرپەرشتی لقەكانی دیكەت بكەی”.
ماسیگرەكە گوتی " ئەی دوای ئەوە؟”
بازرگانەكە پێكەنی و گوتی" دوای ئەوە دەتوانی وەك پاشا لە خانووی خۆت بژیەی، دواتر كە كاتەکە گونجاو بوو دەتوانی پشكەكانت لە بۆرسە بگۆڕیتەوە و دواتر دەوڵەمەند دەبی”.
ماسیگرەكە گوتی" ئەی دوای ئەوە؟” 
بازرگانەكە گوتی" دوای ئەوە، خۆت خانەنشین دەكەی، دەتوانی بچییەوە خانوویەكی گوندەكەت، بەیانیان زوو لە خەو هەستی، بچیە ناو دەریا چەند ماسیەك بگری، دوای بگەڕێیەوە ماڵەوە و لەگەڵ منداڵەكانت یاری بكەی، دوای نیوەڕۆیان لەگەڵ خێزانت سەرەخەوێك بشكێنی، كە ئێوارەش داهات، لەگەڵ هاوڕێیانت تەواوی شەوەكە بخۆنەوە و گیتار لێدەن و گۆرانی بڵێن و سەما بكەن”.
ماسیگرەكە بە سەرسوڕمانەوە سەیری بازرگانەكەی كرد و گوتی " ئەی باشە، ئەوەی ئێستا من دەیكەم، هەر ئەو شتە نییە كە تۆ باسی دەكەی؟”.

پاولۆ کۆیلۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئازاد مەحموود

سەرچاوە: galawej