هیوا سهید سهلیم
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( KNK)، یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، 25 ساڵ بۆ تەمەنی دامەزراوەیەکی وا گرنگی نەتەوەیی، زۆرە کەم نیە، بۆیە پێویست دەکات لەو یادەدا ھەڵسەنگاندنێک بۆ کارو تێکۆشانەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بکرێت.
لێرەدا مەبەستمان ھەڵوەستەیەک لەسەر کارەکان و ئاستەنگاکانی بەردەم تێکۆشانی ئەو دامەزراوەییە بکەین، بە ئامانجی ئەوەی لە دوای یۆبیلی زیوینیدا ئەو ڕێکخراوە بتوانێت لە ئاست بەدیھێنانی ئامانجەکانی دابێت.
كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژی 14/5/1999، لە کۆبوونەوەیەکی گشتی بە ئامادەبوونی 700 ئەندام لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، رۆشەنبیر، ھونەرمەند، کەسایەتی نیشتمانی، ھەروەھا لە میوانانی بیانی، بە مەبەستی دامەزراندنی دەزگایەکی باڵای کوردستانی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و یەکێتی نەتەوەیی کوردستان لە شاری ئەمستردامی پایتەختی ھۆڵەندا دامەزراوە.
جێگای ئاماژەیە کە لیژنەی ئامادەکاری ( KNK)، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە 14 کانونی یەکەمی 1997بە بەشداری نوێنەرانی 29 حزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری کوردستان ئەنجامداوە. واتا دوو ساڵ لە ھەوڵی بەردەوامی لیژنەی ئامادەکار ئینجا رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەو دامەزراوەیە کراوە. تا ئێستا KNK، 21 کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی (کۆنگرە) و 22 کۆبوونەوەی گشتی (کۆنفراس)ی ئەنجام داوە. ھەردوو ساڵ جارێک ھاوسەرۆک و دەستەی بەڕێوەبەری لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ھەڵدەبژێرێت.
ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکی کۆنگرەی نەتەوەیی لە دامەزرەاندنیەوە تا ئێستا، بریتی بووە لە بەھێزکردنی ھاوکاری و ھاوخەباتی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا لەسەر بناخەی یەکێتی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی باڵای خەڵکی کوردستان. بەڵام ئایا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا تێدەکۆشێت تەواو سەرکەوتووبووە؟ بێگومان نەخێر، کە ئەویش ھۆکاری خۆی ھەیە، پێویست دەکات KNK لە یادی یۆبیلی زیوینی ھەڵوەستەی لەسەر بکات.
بەڵگەش بۆ ئەوەی کە دەڵێن ھێشتان ئامانجەکانی KNK بەدینەھاتوون، بریتییە لە بەشدارینەکردنی سەرجەم ھێزە کوردستانییەکانی لە ئاستی پارچەکانی کوردستان لە خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کە ئەمشیان ھۆکاری خودی و بابەتی لەپشتە. ھۆکارە بابەتییەکە بریتییە لە ململانێ و بەرژەوەندی و ناکۆکییە حزبییەکان، ھۆکارە دەرەکیەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە دژایەتی ھەر پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی بەدیھێنانی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان.
بۆیە پێویست دەکات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە یادی یۆبیلی زیوینی خۆیدا ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە لە پێناو نەھێشتنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ نزیککردنەوەی ھەموو لایەک لەژێر چەتری ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، کە ھێلە سوورەکانی ئەو ستراتیژە قابیلی بەزاندن نەبێت بۆ ھیچ لایەنێک.
سەرچاوە : سپیمیدیا