له‌ چۆمان شوێنه‌وارێكی ده‌گمه‌نی سه‌رده‌می ئیمپراتۆری ئه‌شكانی دۆزرایه‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ئاشكرای كرد، شوێنه‌وارێكی ده‌گمه‌نیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆری ئه‌شكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

عه‌بدولوه‌هاب سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، له‌ رابردوودا هاووڵاتییه‌كی سنووره‌كه‌ به‌ ناوی عوسمان ئیبراهیم كه‌ به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی شوێنێك بۆ ئاژه‌ڵه‌كانی له‌ گوندی ماوانی سه‌ربه‌ شاره‌دێی سمیلان، شوێنه‌وارێكی دۆزیبووه‌وه‌ و له‌ ساڵی 2009 به‌رپرسانی شوێنه‌واری لێ ئاگادار كردبووه‌وه‌.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، به‌هۆی نه‌بوونی تیمی پسپۆر له‌و كاته‌دا نه‌یانتوانی كاری تێدا بكه‌ن، به‌ڵام ماوه‌ی رابردوو دوای ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستێكی پێنج ساڵی له‌گه‌ڵ زانكۆی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی، توانیان ده‌ست به‌ پشكنین و هه‌ڵدانه‌وه‌ بكه‌ن.

مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵه‌كانی 1700ـ1800ساڵ پێش ئیسته

تیمه‌كه‌ دوای سێ ڕۆژ له‌ كاركردن، گۆڕێكی گڵێنه‌یی دۆزرایه‌وه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ی به‌له‌مه‌، هه‌روه‌ها هێمای خاچێكی له‌سه‌ره‌ كه‌ هی سه‌رده‌می هاتنی ئاینی مه‌سیحییه‌ و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵه‌كانی 1700ـ1800ساڵ پێش ئیسته‌ كه‌ ده‌كاته‌ سه‌رده‌می ئه‌شكانییه‌كان.

 به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران باسی له‌ گرنگیی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌واره‌ كرد و گوتی، گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ شوێنه‌وارێكی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و  ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست  بدۆزرێته‌وه‌ .

جێی باسه‌ ئه‌شكانییه‌كان بۆ ماوه‌ی 471 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ ئاسیای ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ندی و به‌شێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كردووه‌. مێژووه‌كه‌یان له‌ 247ی پێش زاین ده‌ست پێ ده‌كات و تا 224ی دوای زاین درێژه‌ی هه‌بووه‌.

سمیلان / سدقی كوێستانی 

 


 


 

سەرچاوە : وشە - سلێمان تاشان