لە دووتووێی 228 لاپەڕەدا کتێبی «لە پێناو پەروەردەیەکی باشتر» نووسینی «مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان» چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەر کتێبەکەی دابەشکردووە بەسەر چەند بەشێکی گرنگدا لەوانە: «قۆناغی منداڵیی و هۆکارە کارتێکارەکانی. پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە. با هاوڕێی منداڵەکانمان بین. مامۆستا و وروژاندنی بیری خوێندکار. جیاوازی تاکایەتی و جیاکاری جێندەری. کارامەییەکانی مامۆستا لە پەرورەدە و فێرکردندا) و چەندین بەشی تر.
لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: ئەگەر بەرپرسیارێتی لە هەر ئەرکێکدا گرنگ بێت، ئەوا بەرپرسیارێتی لە ئەرکی مامۆستایەتیدا چەند هێند لەهەر ئەرکێکی تر زیاتر گرنگترە، چونکە مامۆستا پەیامێک دەگەیەنێت و لە روانگەی ئەو پەیامەوە مرۆڤێک ئاراستە و ئامادەساز دەکات بۆ داهاتوو، کە چارەنووسی وڵات و گەل و نەوەیەکی پێوە بەندە، هەرکات مامۆستا خەمخۆریانە و بابەتی و زانستی و پەروەردەییانە بۆ ئەرکەکەی بڕوانێت و بەرپرسیاریەتەکەی وەک سیفەتێکی بەرجەستە لە خودی خۆیدا بنەخشێنێت، نەک وەک تەنها پیشەیەک بۆی بڕوانێت، بێگومان نەوەیەکی بڕوا و متمانە بە خۆو بە ئایندە بەرهەم دەهێنێت، کە لە رابردوو ئەزموون و لە ئێستادا کارکردن و لە داهاتوودا وەرچەرخان و گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون لە هەموو رووەکانی داهێنان و ئەفراندنی لێدەکەویتەوە.
سەرچاوە: knwe