مەهدی حەسەن گەنجێكی تەمەن (34) ساڵە و دانیشتوی ناحیەی سەروچاوەی ئیدارەی راپەڕینە سەر بەپارێزگای سلێمانی، ئەو كار لەسەر ئەو دارە بڕدراو و فڕێدراوانە دەكات كە وەك خۆی دەڵێت، جوانییەكی ناڕێكیان هەیە و شێوەیەكیان وەرگرتووە.
مەهدی حەسەن، بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند: "دارە بڕدراو و فڕەدراوەكان چەندین شێوەیان هەیە، منیش دوای هێنانەوەیان بۆ ماڵەوە و بۆ شوێنی كارەكەم، خاوێنیان دەكەم و کەمێک رەنگیان دەكەم و زۆر بەكەمی دەستكارییەكی سادەیان دەكەم، ئیتر یان شێوەیەكی هونەری وەردەگرن و بەكاردەهێنرێن، چ بۆ جوانی و چ بۆ پێداویستییەكانی مرۆڤ لە ماڵەوە".
ئەو گەنجە، ماوەی ساڵێكە دەستی داوەتە ئەو كار، سەرەتا وەك ئارەزوو یان خولیا دەستیپێکردووە، بەڵام ئێستا بەرهەمەكانی زۆرتربوونە و دەیەوێت لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ فۆرشتن بیانخاتەڕوو، بۆ ئەوەی بتوانێ لەو کارە بەردەوام بێت.
مەهدیی دەستڕەنگین روونیکردەوە، چێژێكی زۆر تایبەت لەكارەكەیدا دەبینێت و سەرقاڵی دەكات، لە هەمانکاتتدا دەیەوێت وەك بزنس كارەكەی فراوانتر بکات.
سەبارەت بەكاردانەوەی خەڵكی گوتی، زۆرجار داوای شتانێكی تایبەتی لێدەكەن، بەڵام بۆیان دروست ناکات، چونكە ئەو خۆی وەک دارتاش نابینێت، گوتیشی "دەگەڕێم و دەسوڕێم تا دارێكی فڕدراو، یان كۆلكە دارێكی بڕدراو، یان لق و چڵی دارەكان دەدۆزمەوە كە خۆیان شێوەیەكی تایبەت و گونجاویان هەیە و منیش بۆ تەواوكردنی كارەكەم، دوای پاككردنەوەیان سوود لە هەندێ گڵۆپ، بەن، پەت و مۆم وەردەگرم".
مەهدی حەسەن، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە هەر كون و قوژبنێكدا ئەو دارانە بدۆزێتەوە، راستەوخۆ داوایان دەکات، بەڵام ئەو بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بڕینی درەختدا نییە بۆ كاری هونەری، بەڵام ئەو دارانەی كە لێدەكرێنەوە یان دەبڕدرێن و فڕێدەدرێن، تەنانەت بۆ سووتانیش سوودیان نییە، دەكرێ جارێكی دیکە لە كارێكی هونەریدا بەكاربهێنرێنەوە.
سەرچاوە: rudaw