لە مەدرید 25 تابلۆی دانا عەبدوڵڵا خرانەڕوو

لە سەنتەری کولتووری لاکۆرالایە لە مەدریدی ئیسپانیای، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بۆ هونەرمەند دانا عەبدوڵڵا کەریم کرایەوە، تێیدا 25 تابلۆی هونەری خرانەڕوو.
ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، بە رووداوی راگەیاند، وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، بەدەر لە هەماهەنگییان لە نێوان حکومەتی ئیسپانیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رووی سیاسی، ئابووری و زانستی، گرنگییەکی زۆریان بە چالاکی کولتووری داوە.

نێوەڕۆکی تابلۆکان لەبارەی سرووشتی کوردستان و کولتووری کوردییە و شێوەکار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو دەیەوێت لەرێگەی تابلۆکانییەوە جوانی کوردستان و کولتووری میللەتەکەی بە خەڵکی بیانی بناسێنێت.

دانا عەبدوڵڵا کەریم، شێوەکار، بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە لە 25 تابلۆ پێکهاتووە، زۆربەیان مژاری کولتوورییان هەیە و بەشێکیشیان لەبارەی سرووشتی جوانی کوردستانە.

دانا عەبدوڵڵا کەریم، لە 1981 لە قەڵادزێ لە دایکبووە، بە شێوازی ریالیتی تابلۆکانی دەکێشێت، لە تابلۆکانیدا کار لەسەر کولتووری کوردی دەکات، لە 28 گەلەری بەرهەمەکانی خستووەتەڕوو و گەلەری تایبەت بە خۆی هەیە.

پێشانگەی تایبەتی دانا عەبدوڵڵا کەریم، ئێوارەی چوارشەممە لە 16ـی تشرینی دووەمی 2022 کرایەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگ بەردەوام بێت و رۆژانە پێشوازی لە هۆگرانی هونەری شێوەکاری لە رەوەندی کورد لە ئیسپانیا و ئیسپانییەکان دەکرێت.

پابلۆ مارتینێز، مامۆستای هونەرە جوانەکانی لە زانکۆ مەدرید بە رووداوی راگەیاند : "ئێستا ئێمە لە مەدریدین، لە ناوەندی سەنتەری کولتووری لاکۆرالای زانکۆی هونەرە جوانەکانی مەدرید، ئێمە بەرهەمی هونەرمەندی کورد دانا عەبدوڵڵا پێشاندەدەین کە تابلۆکانی بەشێوەیەکی ریالیتی کێشراون، هەروەها داب و نەریتی وڵاتەکەی خۆی لە تابلۆکانیدا نەخشاندووە، کارەکتەری کارەکانی گرێدراوی ناوچەیەکی تایبەتە، کولتوور و چیرۆک پێشاندەدات و لەبارەی ژیانە لە رابردوو و داهاتوو".

بەشێکی تابلۆکان پێشانگەکە؛ پێشاندانی ژیانی رۆژانەی گوندنشینانی کوردستان بوو و لە یەکێک لە تابلۆکاندا وێنەی قاڵە مەڕە، شمشاڵژەنی کورد کێشراوە.

 

 

سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق