ئەو جلوبەرگە کوردییانەی لە مێردینی باکووری کوردستان بەرهەم دەهێندرێن، جگە لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەنێردرێنە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سوێد و بەرازیل.
محەممەد دەمیر، بەرگدروو دەڵێت: "من 25 - 30 ساڵە خۆم ئەم جلە خۆماڵییانە دەدرووم. پێشتر لە دووکانەکەی خۆمدا کارم دەکرد، دواتر شوێنکارێکی گەورەترمان لەو سەرەوە کردەوە. 20 - 25 مەکینەی دروومانمان هەیە. خوێندکار هەن بۆ راهێنان لێرەن، کارمەندی خۆمان هەن. کارەکەمان فراوان کردووە و مەبەستمان ناساندنی زیاتری مێردینە، جلی فۆلکلۆری و خۆماڵیی کۆن لەگەڵ جلی ئێستا دەگونجێنین و دواتریش دەیفرۆشین."
تەواوی کارمەندانی کارگەکە ژنن و کارگەکە بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ژنان و رۆژانە 150 پارچە جلوبەرگ ئامادە دەکەن.
رۆژین ئەلچی، کارمەندی کارگەکە باس لەوە دەکات، "لەبەرئەوەی ئارەزوو و خولیایەکی تایبەتم بۆ جلوبەرگ هەیە، ئێرەم هەڵبژارد تاوەکو راهێنانی خۆمی تێدا بکەم. لە کاتێکدا بژاردەم زۆر بوو. کارەکانمان زۆر باش دەڕۆن. نێوانمان لەگەڵ وەستا و کارمەندان زۆر باشە. بەڕاستی شانازی بە خۆمەوە دەکەم."
ساڵی 2019 مێردین پێشوازیی لە نزیکەی 535 هەزار گەشتیار کرد کە 10%یان گەشتیاری بیانی بوون. زۆربوونی گەشتیاریش وایکردووە جموجۆڵی زیاتر لە شارەکەدا دروست ببێت و فرۆشی جلوبەرگی کوردییش زیاد بکات.
سەرچاوە: rudaw- کۆسار عوسمان