له‌ لۆزانه‌وه‌ بۆ لۆزان

 

 

لەتیف فاتیح فەرەج

14ی 7ی 2023 سه‌ت ساڵ به‌ سه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزاندا تێده‌په‌ڕێت ، په‌یماننامه‌یه‌ك كه‌ تێیدا خاڵه‌كانی رێكه‌وتننامه‌ی سیڤر هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌و پشت له‌ خواست و خه‌ونی كورد كرا .

وڵاتانی براوه‌ی شه‌ڕ " سوێندخۆران "به‌تایبه‌ت  به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ك و توركیاش له‌ لایه‌كی دیكه‌له‌ شاری لۆزانی سویسرا دوای سێ‌ ساڵ له‌ سیڤر دانیشتنه‌وه‌ بۆ په‌یمانمۆركردنێكی تر ،ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئازارو برینێكی سه‌ت ساڵه‌ی خوێن و سته‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ قوربانی یه‌كه‌می نێو ئه‌م په‌یمانه‌ گه‌لی كورد بوو ، ته‌نانه‌ت له‌ باس و خواسه‌كانیشدا باسی گه‌لانی دیكه‌ زیاتر له‌ گه‌لی كورد ده‌كرا ، كورد نه‌ گوێی لێگیرا ، نه‌ كه‌س نوێنه‌رایه‌تی كرد .

توركیا گه‌رچی له‌ وه‌رگرتنی ویلایه‌تی موسڵدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو ، به‌ڵام تا ئێستاش چاوی له‌ سه‌ر ئه‌و ویلایه‌ته‌یه‌و چه‌ند ساڵێكیشه‌ له‌ نێو كوردانی باشوردا ئه‌گه‌ر زۆر شه‌رمنانه‌ش بێت نوزه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، زۆربه‌ی ویلایه‌تی موسڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بخرێته‌ سه‌ر توركیا كورد قازانج ده‌كات .

بیانوی ئه‌و نوزه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو پارچه‌ی كوردستان یه‌كده‌خرێته‌وه‌و كورد له‌ به‌ڵای عیراق رزگاری ده‌بێت، من یه‌كدوو جار به‌ریه‌ككه‌وتنم له‌ گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بووه‌و سته‌می توركیشم پێنیشانداون ، له‌وه‌ ناچێ‌ بیبینن، توركه‌كان خۆیشیان جگه‌ له‌ ته‌ماعی ویلایه‌تی موسڵ ، كه‌ دیاره‌ له‌ دانه‌ ده‌سته‌وه‌ی موسڵ به‌ داعشیش هاوكار بوون ، ده‌مێكه‌ ده‌ڵێن " یه‌ك ده‌ده‌ین سێ‌ وه‌رده‌گرین " یانی با كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و دواتر ئێمه‌ كه‌ركوك و سێ‌ پارێزگای هه‌ولێر ، دهۆك ،سلێمانی وه‌رده‌گرین .

بیانوی توركیا بۆ داوای ویلایه‌تی موسڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسڵ به‌ بێ‌ شه‌ڕ گیراوه‌و ئینگلیز دوای راگرتنی شه‌ڕ چوونه‌ته‌ ناویه‌وه‌ ، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ وه‌ك چۆن زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌وی له‌ سه‌ر خاكی كوردستان بووه‌ ، رێكه‌وتن و سه‌وداو مامه‌ڵه‌كه‌ش هه‌ر وه‌سا بووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ لۆزانیشدا رێكه‌وتن و دانیشتن له‌ سه‌ر خاك و خه‌ڵكی كوردستانه‌و كوردیش پرسه‌ گورگانه‌شی پێناكرێت ، له‌ كاتێكا كورد داوای خۆ خاوه‌نی ده‌كات ، له‌ ململانێ‌ و پاشقول گه‌ڕێ‌ .

له‌ دوای سه‌ت ساڵ له‌ خوێن و زوخاو له‌ دوای سه‌ت ساڵ له‌ نكوڵی كردن له‌ كوردو كوشت و بڕو جینۆساید ، بڕیاره‌ له‌ هه‌مان ئه‌و شاره‌و له‌ به‌رده‌م هه‌مان ئه‌و هۆڵه‌دا كه‌ په‌یماننامه‌ی چه‌وسانه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی كوردی تیا مۆر كرا ، كورد به‌ ده‌نگی به‌رز بڵێت ئیتر به‌سه‌ ، سه‌ت ساڵ له‌ سڕینه‌وه‌ سه‌دان ملیار دۆلار له‌ سه‌ر پایته‌خته‌كانی سته‌مكاری كه‌وتوه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كوشت و بڕو تێكدانی په‌یوه‌ندی ، ئایه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ كورد به‌ مافی چاره‌نووسی خۆی بگات ، ئه‌مه‌ پرسیاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌ ، ئایه‌ داوای ماف و ژیان كارێكی تیرۆریستیه‌ ، یان كیمیاباران و بۆم و ناپاڵم فڕێدان به‌ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و ئازادی خوازا .

دوای سه‌ت ساڵ له‌ سته‌م و نادادی ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌  وڵاتانی براوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ سته‌مێكی دیرۆكی گه‌وره‌یان له‌ كورد كردووه‌ ، له‌وه‌ بپرسن ئاخۆ ئه‌وانیش وه‌ك وڵاتانی  كوردستان به‌ركه‌وتوو به‌رپرس نین له‌و نادادیه‌ ، ئایه‌ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ، دوای سه‌ت ساڵ وه‌رچه‌رخانی ئاكاری دروست بێت و مێژوو راستبكرێته‌وه‌ ،ئاخۆ دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراوان به‌شێك نیه‌ له‌و بانگه‌شه‌ سیاسیه‌ی ئێستا به‌ تایبه‌ت ئه‌وروپا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

سه‌ت ساڵ له‌ چاوپۆشی توركیاو وڵاتانی دیكه‌ی داگیركاری كوردستانیش چی لێ‌ سه‌وز بوو ، جگه‌ له‌ وێرانیه‌كی به‌رده‌وام ،ئێستا دوای سه‌ت سه‌اڵ كاتی داوای لێبوردن نیه‌ له‌ كورد ، كوردێك ئه‌گه‌ر له‌ ناوخۆشدا ناته‌باو ناكۆك و نه‌یار به‌یه‌كتر بن ، به‌ڵام هه‌رگیز ئازاری چۆله‌كه‌یه‌كی دراوسێكانیان نه‌داوه‌
.

 

سەرچاوە: خەندان