لە شنگال و دەشتی نەینەوا 5000 سکاڵا لەسەر داعش تۆمار کراون

گوتەبێژی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی سەر بە لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند، تائێستا 5000 سکاڵایان سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە شنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا تۆمار کردووە.
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022 نێچیرڤان سلێمان، گوتەبێژی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی سەر بە لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دامەزراندنی لیژنەکە و دەستکردن بە کارەکانمان تائێستا نزیکەی 5000 سکاڵامان لەسەر داعش و سەرکردەکانی لەسەر 90 هەزار دۆسیە و کەیسی تاوانی جۆراجۆر تۆمار کردووە کە هەموویان لە شنگال و دەشتی نەینەوان."

سەبارەت بە جۆری تاوانەکان، نێچیرڤان سلێمان گوتی، "تاوانەکان جۆراوجۆرن و کەسی وا هەیە لە شەش ساڵی مانەوەی لەژێر دەستی داعش نزیکەی 200 جار تاوانی بەرامبەر کراوە. تاوانەکان بە زۆرینە دژی ئێزدییەکان تۆمار کراون، لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش."

گوتەبێژی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە دهۆک باسی لەوەش کرد، کاری لیژنەکەی ئەوان و لیژنەی باڵاش بریتییە لە بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو تاوانانە رەهەندی نێودەوڵەتی وەربگرن لەپێناو دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەت چ لە عێراق بێت یان لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش.

لیژنەی باڵای بەجينۆسايدناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە، لیژنەیەکی حکومیی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2020 دامەزراوە، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا یەکەم کۆبوونەوەی بەست. لیژنەکە چەندین وەزیر و سەرۆکی دەستە و فەرمانگە تێیدا ئەندامن و کار بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و بەدادگایی گەیاندنی چەکدارانی داعش دەکات.

رێکخراوی داعش لەدوای کۆنترۆڵکردنی موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە عێراق لە 10ی حوزەیرانی 2014 دەستیانکرد بە کوشتن و رفاندنی خەڵک و لە ناوچەکانی شنگال بە هەزاران کوردی ئێزدییان کوشت و زیاتر لە 6000 کوردی ئێزدییان رفاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. تائێستاش زیاتر لە سێ هەزار کوردی ئێزدی چارەنووسیان نادیارە، ئەوەش جگە لە شەهیدکردنی نزیکەی 2000 پێشمەرگە و پەلاماردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە 20-10-2022 حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە کۆی 6417 کوردی ئێزدی کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون، توانراوە 3555 کەسیان رزگار بکرێن، هەروەها 3159 کەسیشیان ماون و هێشتا چارەنووسیان دیارنییە، بەڵام بەشێکیان پێدەچێت هێشتا لە کەمپی هۆل و بەشێک لە ناوچەکانی سووریا بن."

 

سەرچاوە: rudaw- هێمن بابان ڕەحیم