لە حزوری کتێبدا کتێبێکی نووسەر عەلی حوسێنە بە وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل کە تیایدا بەوردی لەسەر ئەزموونی خوێندنەوە و نووسینی ئەوانیتر وەستاوە. لەسەر ئامادەیی و نا ئامادەی ئەونیتر لە خەیاڵیدا. سەباح ئیسماعیل لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت:
نووسەر باس لە داخ و کەسەری گەلێک لە نووسەران دەکات لە کاتی خۆیدا کتێبەکانیان بڵاونەکراونەتەوە و لەلایەن دەزگاکانی پەخشەوە ڕەتکراونەتەوە، ئیدی بە ناچاری ئەو دەقانە خەزێنە و جوانییەکانی خۆیان بۆ سەردەمێکی تر هەڵگرتوون، ئەوەتا لە ماوەی پێنج ساڵدا فۆکنەر چەند جارێک ڕۆمانی (هەرا و تووڕەیی)ی نووسییەوە، چونکە پەخشکاری کتێبەکانی ڕەتیدەکردەوە چاپی بکات، وەک چۆن خودان دەزگای پەخشی چیکی دەستنووسی (ئەوینی تەوساوی)ی میلان کۆندێرای ڕەتکردەوە. لە ساڵی 1910ز دا لۆرەنس بۆ بڵاوکارێکی لەندەنیی نووسی، پرسیاری تێچووی چاپکردنی ڕۆمانی (تاوسە سپییەکە)ی کرد. بڵاوکارەکە وڵامی نەدایەوە، وای دانا بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی نووسەرێکی تازەکار سەرەڕۆیییەکە نەیکات چاکترە. هەڵبەت ڕۆمانی (دۆستی خاتوو چاترلی)یش بە هەمان دەرد چوو و بڵاوکارەکان بڵاویان نەکردەوە. ڕۆمانی (بەرەی ڕۆژئاوا ئارامەی)ی ڕیمارکیش بە هەمان شێوە هیچ بڵاوکارێک ئامادەی چاپکردنی نەبوو.
لە هەموو ئەمانەدا ئاماژە و مەبەستی نووسەر نیشاندانی گەورەیی نووسەر و هونەرمەندان و نەمریی کارە جدییەکانە لە گشت سەردەمەکاندا، ئەمەش وادەکات هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەدا بن و لە کۆتاییدا مەزنتر و بە شکۆتربن لە هەر سەرۆک و دەسەڵاتدارێک و نەمرییش هەر بۆ ئەوان بمێنێتەوە، وەک ئەو دیمەنەی پیکاسۆ و بریژیت باردۆی کیژە هونەرمەندی ناسراو و سەرۆک وەزیرانی ئەوسای فڕەنسا کۆدەکاتەوە، هەر هێندەی بریژیت خۆی بە ڕیستۆرانتەکەدا دەکات سەرۆک وەزیران و پیکاسۆ حەزی خۆیان دەردەبڕن بێتە سەر مێزیان، ئا لێرەدا بریژیت بێ سڵکردنەوە مێزی پیکاسۆی بلیمەت هەڵدەبژێریت، پاساوی ئەم هەڵوێستەشی ئەوەیە فڕەنسا گەلێک سەرۆک وەزیرانی بە خۆوە بینی، بەڵام یەک پیکاسۆ هەیە و لە مێژوویدا دووبارە نابێتەوە.
هەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە جوانیی مرۆڤ و مەزنیی هونەرەکەیمان بۆ دەردەخەن، مرۆڤەکان تەنیا بە هونەرەوە ماون، ژیان بە هونەرەوە بەردەوامە و هەر لە ڕێگەی هونەریشەوە جوانییەکانی خۆیمان نیشان دەدات، ئەوی پیکاسۆ دەڵێت "هونەر ئەو درۆیەیە دەمانەوێت لە ڕێگەیەوە ڕاستیی بڵێین"، بەلای کامۆشەوە "ئەگەر هونەر نەبێت ڕاستیی دەمانکوژێت".
ئەم کتێبە چاپکراوی دەزگاو چاپ و پەخشی سەردەمەو وابڕیارە پاش ماوەیەکیتر بڵاوبکرێتەوە.
سەرچاوە: galawej